‌ھەرێم و بەغداد دوانەى ژانێک
PM:03:59:16/03/2020
گۆران عەلی کەریم

شیعەکانی عێراق سەرکەوتونەبون لە پشتیوانى کاندیدەکەی پێشیویان (محەمەد تۆفیق عەلاوی)، ئەمەش بوە زەنگێکی ئاگاداری بۆ ھێزە شیعەکان کە بوترێت تەبایی نێوانتان خراپ خراپترە، ئەو نارەزایەتیەى  لەشەقامدایە زۆربەى ناڕازیی خەڵکى شیعەیە لە رۆڵى حکومەت و لایەنەکانى خۆیان، چونکە باش دەزانن ئەوەی حکومڕانی عێراقە شیعەیە بەهاوبەشى ئەوانى تر، لەئێستاشدا شیعەکان بەشوێن کاندیدێکی نوێوەن، بەڵام میکانیزمەکەی ئەمجارەیان جیاوازە، لیژنەیەکی حەوت کەسیان لە ھێزە جیاوازەکانی شیعە پێکھێناوە بۆ بڕیاراردان لە دیاریکردنى کاندیدەکەیان. بەڵام بەوحاڵەشەوە هێشتا خاڵى نەبوونەتەوە لە شەحنەى حزبى و کێشە کۆنەکانى نێوانیاین.

پرسیارە گرنگەکە بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە، ئایا ھێزە سیاسیەکان، دەیانەوێت هەر بەمیکانیزمە کۆنەکە مامەڵە لەگەڵ دۆخى تازە بکەن، یان ئەوانیش وەک نێوماڵى شیعە لەخراپ خراپترن. لەراستیدا دەمێکە باس لەوە دەکرێت پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، دەستەى راوێژکارى بە پشتیوانى لایەنە سیاسییەکان، لەکەسانى پسپۆرو شایستە دروست بکەن، زۆرجار باسى ئەوە کراوە کە بۆ هەر هەنگاوێکى گرنگ پشت بە نوێنەرەکانی کورد لەبەغداد ببەسترێت و بەشداریان پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتى حزبگەرایى ئەوەشى حەپەلوش کردوە و ئەوەى کە گرنگى پێنادرێت نوێنەرانى کوردە لە بەغداد، ئەگەر دژایەتیشیان نەکرێت.

 ھەموو حیزبە سیاسیەکانی ھەرێم بەتایبەت حیزبە حکومڕانەکان ئەندام پەرلەمان و هەندێکیشیان  پۆستى وەزیری و بەرپرسیارێتی تریان لەبەغداد ھەیە، ئەمانە وەک نوینەری ھەرێم وان لەبەغداد کەپێویستە حیزبەکانیان ھێزی ئەوەیان بدەنێ کەھەندێک بڕیار لای ئەوان بێت، کەچی بەداخەوە نەک هەر لە کوردستان ئاراستە دەکرێن و ڕێگەیان پێنادرێ لەگەڵ واقعی روداوە سیاسیەکانی عێراق مامەڵە بکەن، تەنانەت هەندێک جار بۆ مەرامى حزبى و سیاسى بێدەنگیش دەکرێن و رێگەیان پێنادەن تێبینى و سەرنجەکانیان بۆ خەڵکى کوردستان بگوێزنەوە، ئەمەش وای کردوە لەژێر پەردەى کوردایەتى و یەک گوتاریدا، چەند گوتارى و تەنانەت دژ بەیەکیش بەرهەمبهێنرێت. 

ئەوەی لەئێستادا پێویستە کاری لەسەر بکرێت، دروستکردنی دەستەیەک( هەیئەتێکى) دانوستکارە، ئەم دەستەیەش لەکەسانی شارەزا پێکبھێنرێت ، نەک ئەوەی کێ لە سەرۆکی حیزبەوە نزیکە ، یان گوێرایەڵە و یان ئەمڕۆ بەسوتفە میوانی بوە و ناوی بچێتە لیستەوەکە، دیارە چۆن حزبى بوون نابیتە رێگر کە لەم دەستەیەدا بێت، ئەبێت ناحزبى بوونیش رێگر نەبێت تا کەسانى شارەزا لەم دەستەیەدا بوونیان هەبێت. کورد بۆ ئەوەى لە میزاجیەتى شەخسى و حزبى رزگارى بێت، پێویستى بەبەرچاو روونى سیاسى هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد، پێوستە دواى رووداوەکان نەکەوێت و خوێندنەوەى پێشوەختى هەبێت و تواناى جوڵاندنى پرسەکانى هەبێت، راستە ئێستا کورد بەگەمە سیاسییەکانى ئەتوانێت زۆر شت لەبەغداد تێکبدات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەیتوانیوە، شتێکێک بینا بکات بەقازانجى هەرێم بێت، هەربۆیە ئەوەى خۆى تیابەسەر کەوتوو زانیوە، تێکدان بووە نەک دروستکردن و ئاراستە کردن، دیارە لەم گەمەیەشدا ئەوەى بەدەستیش هاتوە زیاتر بەقازانجى حیزبى پێوانە کراوە نەک پرسى نەتەوەیى، بۆیە ئارستەى حوکمرانى وسیاسى هەرێم و بەغداد،  لەزۆر شتدا لەیەک دەچن وەک دوانەیەکى یەک ژان، ئازارو خۆشیان تەواو تێکەڵ بووە، هەر هیچ نەبێت قوتیان وەک سفرەى یەک خێزانە


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.