هێڵە سورەكانی پارتی

‌گۆران عەلی کەریم


سەرەتا هەقە بپرسین بۆچی هەمیشە پارتی هێڵی سوری هەیە و باس لەهێڵی سور بۆ ئەوانی تر دەكات؟. ئاخۆ  هیچ كاتێك هێڵی سوری ئەوانی تر قبوڵكردوە، یان هیچ نەبێت خۆی ئەو هێڵە سورانەی بەزاندوە كە باسی دەكات. فازیل میرانی لەدواهەمین دیداریدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا هەرچەندە دەڵێت" بەس ئێمەو یەكێتی خاوەنی ئەم وڵاتەین"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باسی هێَلی سور دەكات بۆ یەكێتی و هێزەكانی تر. 

هەر لەو چاوپێكەوتنەیدا كاك فازیل كە بەرپرسێكی باڵای پارتییە سەبارەت بەهێڵە سورەكانی پارتی دەڵێت"  لای ئێمە دوو ئیدارەی و خۆهاویشتنە باوەشی عێراق و ڕێكنەكەوتن و پشتكردن لەیەكتری و سەنگەر لەیەكگرتن هێڵی سورە". 

بەڵام ئەگەر بەرێزیان بچاوێك بە چواردەوری خۆیدا بگیرێت و بەویژدانەوە بدوێت، دەزانێت كە پارتی لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمار هەموو ئەو هێڵانەی بەزاندن، سەنگەر گرتن هەر ئەوەنییە تۆ بەچەك ئەنجامی بدەیت و لولەی چەكەكەت بكەیتە بەرامبەرەكەت، بەڵكو سەنگەر گرتن ئەوەشە، لەسەر ئاستی باڵا تا دەگاتە لوتكەی حیزب، لەدژی هاوپەیمانەكەت دەستی ئەوانە بگوشیت كە تادوێنی تۆ بەدوژمن و نەیارت دەزانین، خۆزگە كاك فازیل میرانی تەنها یەك شتی بۆ ئەندامانی پارتەكەی و خەڵكیش رۆشن ئەكردەوە، ئەو دوژمنایەتیەی دكتۆر بەرهەم بەورادەیە بۆچی بوو، لەكوێدا بەقازانجی خەڵك و لەكوێدا بووە مایەی دروستكردنی تەبایی و یەكخستن؟ ئایا دەتوانێت پێمان بلێت بۆچی بەشوێن پێكانی سەرۆككۆماردا، شاندە باڵاكانی پارتی سەردانی ئەملاولا دەكات، ئێوە باس لە چونە باوەشی عێراق دەكەن وەك هێڵی سور، بەڵام شاندەكانی پارتی لەدەرگای ماڵەكانی ئەوانەشیاندا كە تادوێنی پارتی بەدوژمن نەیاری دەدانە قەڵەم، ئەی ئاخر گەر ئەوە سەنگر گرتن و پاشقول گرتن نییە، پارتی چ تەفسیرێكی بۆ ئەو هەموو رق و كینە هەیە، بە قەولی خۆیان بۆ پۆستێك كە (تەشریفاتییە).

پارتی لەسەروبەندی یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار، هەمو توانای خۆی خستەگەر، بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم پشتی بەرهەم ساڵح بدات لەزەوی، هەرەشەنەما نەیكات، دەرگا نەما بەئێران و توركیاو ئەمریكاشەوە لێنەدا، كە دواجار ویستەكەشی بۆ نەهاتەدی، ئێستا دەزگاسێبەرو رەسمیەكانی خستۆتەكار بۆ ناشرینكردنی و پۆچكردنەوەی كارەكانی، ئێستا كە كاك فازیل باسی بەزاندنی خەتی سورو ئەكات، ئەبێت ئەرك بكێشێت، پارتی لەكوێی ئەو هێڵە سورانەدا وەستاوە كە خۆیان رەنگ رێژیان كردوە؟.  ئاخۆ پارتی قازانجی چی بەكورد و بە توانای كورد لەبەغداد دەبەخشێت، ئەگەر هەوڵی ئەوە بدات لە توركیا پێشوازیەكی شایستە لە سەرۆككۆمارە كوردەكە نەكەن. رەنگە كاك فازیل و زۆر لەسەركردەو ئەندامانی پارتی پێش هەركەسێك ئەوە بسەلمێنن، كە لەنێوان كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار،  دكتۆر بەرهەم شایستە تر بوو، كەواتە كاك فازیل تەنها تەبریرێكی قانع كەر بخەنە روو بۆ ئەوەی دژایەتیەكەی ئێوە بۆ سەرۆككۆمار، وەك عینادیەكی سیاسی و خۆفەرزكردنی پارتی سەیر نەكرێت.

 بەپێچەوانەوە دەكرا لەبری دروستكردنی ئەو پاڵە پەستۆ و دەستشكاندنەوەیە، لەبری ئەو پشتكردنە یەكتری و سەنگەر لەیەكتر گرتنە، بارزانی خاوەن موبادەرە بوایە و وەك عورفی سیاسی پیرۆزبایی بكردایەو داوای لە بەرهەم ساڵح بكردایە، تاپێكەوە كاری هاوبەش و پرۆژەی نیشتمانی بەرهەم بهێنن. ئێستا كە پارتی خاوەن ئەو فەزڵە نییە هەق نییە ئێوەش سەنگەر لەیەكتر گرتن و خۆهەڵدانە باوەشی ئەموئەوەوە بكەنە هێڵی سور، چونكە پێش هەر كەس و لایەنێك ئێوە وەك پارتی هێڵە سورەكانتان بەزاندو دۆخەكەتان گەیاند بەو قۆناغەی كە خۆشتان نازانن ئێستا چۆن پینەی بكەن.


PM:10:49:28/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 3568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی