‌بۆ ساڵی نوێ ٢٠١٩
AM:11:54:31/12/2018
سیروان بابان


لەژیانماندا چەندین چیرۆکی جوان و بەنرخ هەن کە شایستەی ڕێزن.
هەزاران کەسایەتی هەن کەجێی شانازین و مافی خۆمانە کەبیانکەینە
ڕابەری هزر و مێشكمان.
زۆرن ئەو کەسانەی کە ئەبنە هۆکاری کردنەوەی دەروازەیەکی جیاواز
لەوانەی کە هەن.
با بەخۆشمان سەرسام بین، یان بەچەند کەسێکی دی سەرسام بین و بمانەوێ لەوان بچین
بەڵام هەمیشە کەسانێك هەن لەئێمەو ئەوان ناچن، بۆیە هەوڵ ئەدەین بگەینە ئاستیان.
..........
چیرۆکە ئەفسانەکان زۆرن، کەپێمان ئەڵێن کەسانێكی قارەمان هەبوون
کە ئێستا ئەستەمە وەکو ئەوانمان دەست کەوێت.
زۆر بەکورتی چەند ساڵێکە بە کەسێك سەرسامم زۆرینەتان ئەیناسن.
ئەیناس لەبەر ئەوەی کە لەهەموو بابەتێکی سیاسی وئابووری و لێبوردەیی و ئاسوودەیی هاووڵاتیانیدا نمونەی مرۆڤی باشە.
..............
ئەیناسن لەبەر ئەوەی کە ناسراوە بەسادەیی
شۆرشگێڕێکی سادەیە ، سەرکردەیەکی سادەیە ڕۆشنفکرێکی زۆر سادەیە
بەسادەیی ڕێ ئەکات و ئەخوات ئەنوێت ، هەڵئەسێت و کار ئەکات بەسادەیی
مرۆڤێکە خاوەن دەسەڵات و سامان و کۆشكە بەڵام بەهەژاری ئەژی.
تائێرە چەند کەسێكت هاتە خەیاڵەوە کەپێت وایە مەبەستم ئەوە..
باشە با وابێت.
..............................
نەختێك وورد تر ئەبمەوە لێی..
کەسایەتییەک کە:
زۆرینەتان وێنەکەیتان لە پرۆفایل و شوێنیترتاندا داناوە.
با وابێت هێشتا پێت وایە ئەوەی مەبەستمە ئەوە؟
کەسێكە لەکەسی تر ناچێت.
ئایا ئەوەی تۆ لەمێشكتدا خولی پێ ئەخۆیت
ئەو کەسە شۆرشگێرێکی مەزنی ووڵاتە؟
کەسێکە بۆ گەل و نیشتیمان تێکۆشاوە؟
کەسێکە زۆرینەی ژیانی لەناو زەلکاوی ناخۆشی ووڵاتدا بەسەر بردووە؟
گەر وەڵامەکەت هەمووی بەڵێی بێت .
بەداخەوە پێت ئێژم هێشتا هەر ئەو نیە ..
...............
ببەخشە ئەو نیە ئەزانی بۆ ؟
ئاخر ئەو کەسەی تۆ تا ئێستا پێی سەرسامیت.
بزانە ئەم مەرجانەی بەسەردا جێ بەجێ ئەبێت؟
ئایا قارەمانەکەی تۆ.
چەکدارێکی بێ وێنەی ووڵات و نیشتمانە؟
ئەو لەسەر شۆرش بەند کراوە؟
لەژێر هیچ فشارێکدا پاکانەی داوە؟
لەبەندیخانەیەکی تاکە کەسیدا بەدەست دەسەڵاتدارانی هاونیشتمانی
ئەشکەنجە دراوە؟
بەشەو و رۆژ هەڵواسراوە؟
بێ نان و ئاو کراوە؟
ئایا دایکی ئەو، سەدان جار بۆ سەردانی لەزیندانی تاریکدا بە زستان و بەهاوین
لەنۆرەی دیدەنی ئەودا بێ چارەو بێهیوا وەستاوە؟
ڕەنگە نزیکتر بیت لە یەك یان دوو کەس
..................
بەڵام بێ ئومێد مەبەو، زەینت ڕوونتر کە.
ئەو دووانەش نین..
پێم ناخۆشە نائومێدت ئەکەم بەڵام شاشەی چاوەکانت پاکتر کەوەو
وەرە پێم بڵێ:
ئایا ئەوەی تا ئەم ساتە پێی سەرسامیت
بۆی هەڵکەوتووە کە لەکۆشکی شاهانەدا بژی و وازی لێهێناوە؟
ئایا پاڵەوانەکەی تۆ دوای ئەوەی لەزیندانی تەنگ و نەهامەتیدا
کاتێك جەلادەکانی نەیان ئەتوانی لەناوی بەرن بەڵام بەناچاری هەوڵیان داوە
کەتوشی نەخۆشی دەروونی و شێتی بکەن
ئەو پۆڵا ئاسا لەبەردەمیانا وەستاوە؟
....................
بۆ ئەوەی ئیتر بێ ئومێدی ڕوونەکاتە هزرو بۆ چوونت لێرە بەدواوە
لەکۆڵ قارەمانەکەی خۆتت ئەکەمەوە و دوا تنۆکی زانیاریەکانت بۆ ئەدرکێنم..
قارەمانەکەی من.
کوڕە هەژارێکی ووڵاتێکی پڕ سەرمایەی بیر و شۆڕش و کانزایە.
قارەمانێکی شۆرشی دژ بەدیکتاتۆریەتێکی ئەم سەردەمەو چارەکی دنیایە
شان بەشانی کچ و کوڕی ووڵاتەکەی هەم خەباتی ژێر زەمینی و هەم چەکداری
پیشەی بووە.
..............
بێ دوو دڵی پێت ئەڵێم بۆی نە چوویت..
پاڵەوانەکەی من خەونی هەبوو ببێتە سەرۆکی ووڵات
ئەو لەناو جەرگەی شۆرشەوە دەستگیرکراو هیچ هەڵ نەهات
بۆ ماوەی زیاتر لە زیازدە ساڵ لەزیندانی تاکە کەسی بەندکرا
بەدڕندە ترین شێوە لەگەڵ هاوڕێكانی ئەشکەنجە درا
.......................
پاڵەوانەکەی من.
بۆی ڕەخسابوو کەژیانی شاهانەی هەبێت
بەرزترین مووچەی ووڵات لەبەردەستیا بوو
باشترین کەژاوەی ئۆتۆمبێلی بۆ تەرخانکرابوو
ئەکرا خێزانەکەی یەکەمی ووڵات بێت و لەناو کۆشکدا بژی
مافی هەبوو باشترین پۆشاک بپۆشێت و نایابترین خواردن بخوات.
ئاخر بۆی هەبوو سەرمایەیەکی باش بۆ خۆی ومناڵ و وەچەکانی بنیات بنێ
ئەیتوانی کوڕ و نەوەو نەوەی نەوەی بکاتە سەرکردەو خاوەن بڕیاری ووڵات
ئەمانەی هەمووکرد بەڕابردوو پەنجەی بۆ هیچیان نەبرد
بەڵکو ژیانێکی شاهانە و سەربەرزانەی هەڵبژارد و
وەك هاووڵاتیەکی سادەی ووڵاتەکەی
بەهەژاری ژیا وئەژی..
..................................
جار جارە نزیک ئەبیتەوە لەیەك یان دوو لەسەرکردە کانی ئەم کوردستانە
بەڵام مخابن هەر چەند نزیک ئەبیتەوە ، بۆ نەگبەتی لە خاڵە جەوهەریەکاندا
ڕێك دوور دوور ئەکەوتیەوە ئەڵێیت هەو نیە.
پاڵەوانەکەی من :
شۆرشگێڕێک بوو بەبرینداری لەشەری دەستەو یەخەدا لەسەربانی ماڵێکدا هێنایانە دەرێ .
لەبەرچاوی خۆی چەند هەڤاڵێکیان شەهیدکرد
لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی تریدا زیاتر لە سیازدە ساڵ لەزینداندا ژیانی مان و نەمانی
بەسەر برد.
دوای سیازدە ساڵ شۆڕش بەرپابوو
قارەمانی من ئازاد بوو
لە حوکمەتە دیموکراتیەکەدا بوو بەوەزیری سەرمایەی ئاژەڵ و کشت و کاڵ و سەرمایەی ماسی..
.................
باسی ماسیمان کرد ....
ئێستا ئیتر بۆت دەرکەوت ئەم پاڵەوانە هی خۆمان نیەو
ئێستا ناچاری بەدەفتەرو کتێبی کۆنی یادگاریەکانتا بچیتەوە
بەڵکو خوایە لەم نزیکانە کەسێکت لەو شێوەیە دەستبکەوێ
ئەوەش هەر باشە.
بەڵام هاوڕێ
بۆی مەگەڕێ
لەم دەوروو بەرەمان شتی وامان دەست ناکەوێ
...............
پاڵەوانەکەی من
هێندە نەزیهــ و پاك و بێگەردە
ئەو لەهیچ سەفقەیەکی ناشەرعی سیاسی و ئیقتیسادی و ئیداریدا تێوە نەگلاوە
بەڵکو بەخشدە ترین مرۆڤ و بگرە سەرکردە ترین سەرکردەیە
...................
خۆزێی من ئەوە نیە کەتەنها پاك و بێ گەردە
خۆزێی من ئەوەیە هەر هەژارەو هەر هەژارە وهەر سەرکردە
ئاخر خۆزێ دوای ئەوەی کە بوو بەوەزیر
پلەکەی بەرزتر بوو بۆ ئەندامی ئەنجومەنی پیران
دوای ئەوە بوو بەسەرۆکی ووڵات..
...........
کام ووڵات؟
ئەم پرسیارەم بەدڵ نەبووهاوڕێ..
بێ گوومان ووڵاتی.....
...
..
.
ئۆرۆگوای


بەڵێ کابرای سەیارە بۆقیەکە


لێرەوە ئیتر خۆتان چیرۆکەکە ئەزانن بۆ خۆتانی تەواو کەن.
.................
بۆ خۆم سەرسامم بە خۆزێ مۆخیکای مرۆڤ
دوای سیازدە ساڵ زیندانی
ژیانی نەهامەتی وای نەکرد رق و کینە لەدڵیا بێت و تۆڵە بسێنێت
هانای نەبرد بۆ شەر
دەستی نەبرد بۆ پارەو سامانی ووڵات
شەرعیەتی شۆرش و زیندان وای لێنەکرد ببێت بە دیکتاتۆر
دەسەڵات و حەرەس و حەشەم و پارە و کۆشکی نەکردە ئامرازێك بۆ ژیان
مناڵەکانی خۆی نەکردە گەڵەگای شار.
شەقامەکانی پر نەکرد لەموڵک و ماڵ و کۆشکی خۆی
دوای تەواوو بوونی ماوەی سەرۆکایەتی
مرۆڤانە خەریکی کاری خۆیەتی
لەباخچەیەکی گچکەی مولكی خانمەکەیدا ئەژی
بژی ووڵات...
...............
ئێمە ئەبێت بڵێین خۆزی ، ببینە خاوەن خۆزێ
تا پێکەوە بەیەکسانی ئەم ووڵاتەمان بۆ بەڕێوە بەرێ
............


*خۆزی بەکوردیەکەی خۆمان واتە خۆزگە
* بە مەبەست وێنەی خۆزێ م دا نەنا




ئه‌م بابه‌ته 2701 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.