ویژدانتان هەبێت

‌شنیار ئەنوەر

ویژدانتان هەبێت و بڵێن بکوژی سێوە،پیاوێکی وەحشیە کە دەستی چۆتە رۆحی هاوسەرەکەی و سێ فریشتەوە.

هەمو ئەوانەی قسە لەسەر سوتانی جوانەمەرگ سێوەخان دەکەن و رەبتی دەکەنەوە بە کەناڵی میدیایی، هەمو ئەو پیاوانەن کە پاساو دەهێننەوە بۆ ئەو مێردە وەحشیەی کە منداڵەکانی خۆی و ژنەکەی سوتاندوە.

هەمو ئەو پیاوانەن کە بە لایانەوە ئاساییەوە پیاوێک سێ منداڵەکەی بسوتێنێت.

من بەشس بە حاڵی خۆم سەیری هیچ درامایەک ناکەم و کاتم نیە بۆی،بەڵام  کەسێک پێم بڵێت چ درامایەک پاساوە بۆ ئەوەی  پیاو منداڵەکانی خۆی بسوتێنێت؟ بۆ گلەیی لە پیاوە بێ ویژدانەکە ناکەن کە دور لە ئەخلاق و ویژدان و ئاینی پیرۆزی ئیسلام، دەستی چۆتە گیانی سێ فریشتە و هاوسەرەکەی.

ئاخر بۆ باسی ئەوانە ناکەن کە دەلێن فرە ژنی ئاساییە و ژن بۆێ نیە رێگری لە پیاو بکات و پیاویش پێویستی بە روخسەتی ژنی یەکەمی نیە بۆ ئەویە ژنی تر بهێنێتەوە،یاخود پەیوەندی هەبێت لەگەڵ ژنی تردا.

هەر مرۆڤێک پاساو بۆ ئەم کارە وەحشیە بهێنێتەوە،ئەوە ئەو کەسە لەو بکوژی سێ منداڵ و ژنە تاوانبار ترە و بۆی هەڵکەوێت لەو خراپتر دەکات.

یەک تاوانبار و یەک هۆکار هەیە بۆ ئەم بابەتە، ئەویش ئەوەیە پیاوێکی خێزاندار کە سێ منداڵی جوان و هاوسەرێکی جوانی بە ئەخلاقی هەبوە، چوە دەستی لەگەڵ کچێکی تردا تێکەڵ کردوە و خیانەتی لە هاوسەرەکەی کردوە و بەوەش نەوەستاوە، بەڵکو هەستاوە بە سوتاندنی ژن و سێ منداڵەکەی، بۆ؟

چونکە پێی وایە پیاو لە قەفەزی تۆمەتباری رزگاری دەبێت و یاسا پشتی دەگرێت و سەرۆکی هەرێم و پەرلەمان لێبوردنی گشتی بۆ دەردەکات و مەکتەبی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی یەکێتی و پارتی سوڵحی بۆ دەکەن.

هۆکاری سەرەکی و تاکە هۆکار ئەم دەسەلاتەیە کە هیچ بەها و رێزێکی بۆ یاسا نەهێشتۆتەوە و شیرازەی خێزانی تێک داوە و لە پێناو حیزب و بەرژەوەندی حیزبدا هەمو کارێک دەکات و هەمو جۆرە تاوانبارێک لە زیندان دێنێتە دەرەوە.

ویژدانتان هەبێت و بڵێن ئەو پیاوە وەحشیە و بێ ویژدانە و خوای گەورە و ئاینی پیرۆز و هەمو کەسێکی بە ویژدان دژی ئەم رەفتارە قێزەونەن.

تکایە پاساوی بۆ مەهێننەوە و لە ئەسلی بابەتەکە لامەدەن.


PM:08:45:24/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 20605 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی