ڕێگریه‌كانی ئێستا و هه‌نگاوه‌كانی داهاتوی به‌رده‌م كابینه‌ی نۆی حكومه‌ت

‌ئارام هادی

*ڕێگرییه‌كانی ئێستای به‌رده‌م كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ڕۆڵ ده‌بینن له‌ دواخستنی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌وانه‌، ناكۆكی ناوخۆیی ناوحزبه‌كان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كان له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆسته‌گرنگه‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت، ناكۆكیه‌كانی نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری عیراق كه‌ تائێستاش به‌ته‌واوی گرژیه‌كانی نێوانیان ئاسایی نه‌بۆته‌وه‌، پرسی به‌شداریكردنی گۆڕان و دانانی دووجێگری بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت، هاوكات ده‌ستوه‌ردانی بغداد و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان كه‌ هه‌ریه‌كه‌ ده‌خوازێت، دۆسته‌كانی خۆیان پۆسته‌ باڵاكانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت پڕبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مانه‌ هۆكارگه‌لێكن كه‌ وایكردووه‌ تائێستا لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌فه‌رمی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم نەكه‌ن، جگه‌ له‌سه‌ردانێكی وه‌فدی پارتی بۆسلێمانی و دانیشتنیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان كه‌ زیاتر مه‌به‌ست لێی وه‌رگرتنی تێڕوانینی ئه‌و دوولایه‌نه‌ بوو له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ و گه‌یاندنی په‌یامی پارتی.

له‌دوای64ڕۆژ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و 26ڕۆژ له‌یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان تائێستا براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌فه‌رمی تاوتوێی پرسی پێكهێنانی حكومه‌تیان نه‌كردوه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ تادێت دۆخی كوردستان له‌ڕووی (سیاسی. كۆمه‌ڵایه‌تی. ئابوری. ئه‌منی)ه‌وه‌ ڕوو له‌خراپی زیاتر ده‌كات، هاوكات خه‌ڵكیش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بتوانێت لانی كه‌م قه‌یرانه‌كان كه‌م بكاته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا دیارنیه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت چه‌ندیتر ده‌خایه‌نیت ئایا كۆتایی یه‌كانی ئه‌مساڵ یا سه‌ره‌تای ساڵی نوێ پێكده‌هێنرێت.

ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ناوخۆی هه‌رێم و جیاوازی جۆری تێڕوانینیان بۆ پێكهاته‌ی كابینه‌ی نۆی حكومه‌ت سروشتیه‌ به‌و مه‌رجه‌ی كارنه‌كاته‌ سه‌ر چاكسازی له‌سیسته‌می حكومه‌ت، لەکاتێکدا هەرێم بە کۆمەڵێک قەیراندا تێدەپەڕێت، لەسەر و هەموویانەوە پرسی داگیرکاری وڵاتانی ناوچەکە و دەستوەردانیان لەکار و باری هەرێمدا، لەپاڵ ئەمانەشدا چڕبونەوەی گرتنە دەستی پۆستە گرنگەکان لەلایەن یەک حزبی وەک پارتی و بەدیاریکراوی خێزانی بارزانیدا کەلای خۆیانەوە یەکلابونەتەوە سەرۆکی حکومەت لەئێستادا بۆ (مەسرور بارزانی) و سەرۆکی هەرێمیش لەئایندەیەکی نزیکدا بۆ (نێچیرڤان بارزانی) چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت گۆڕانکاری دروست بکات لەژیانی خەڵکدا کە پێویست بێت.

*هه‌نگاوه‌كانی داهاتوی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كامانه‌ن؟ کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم هەرلە دەستپێکی کارکردنیەوە ڕووبەڕووی قەیران گەلێک دەبێتەوە پێویستی بەهەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی لەوانە

1. قەیرانی دارایی کە خۆی لەموچە و خستنەگەڕی پرۆژەی خزمەتگوزاری و دواجار ڕەخساندنی هەلی کار.

2. چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بغداد و کۆتایی هێنان بەو ڕەوشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی پیا تێپەڕدەکات.

3. دەرکردنی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا لەخاکی هەرێم و سنوردانان بۆ دەستوەردانی دەرەکی.

4. زەمینەخۆشکردن بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و یەکگوتاری لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، بەجۆرێک لایەنەسیاسیەکان لەسەر هەرپرسێکی ناوخۆیی ناکۆکیش بن کارنەکاتە سەر هەڵوێستیان لەبەرامبەر دەستوەردانی دەرەکی.

5. ڕێککەوتنێکی ئەخلاقی لەنێوان لایەنە بەشداربوەکانی کابینەکە تا بەدەردی کابینەی پێشوو نەبرێت لەسەر ناکۆکی دەرگای پەرلەمان دابخرێت.

دواجار هەرێمی کوردستان لەئێستادا و لەیەککاتدا وەک چۆن پێویستی بە حکومەتێکی بەهێزهەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دابینکردنی بودجە و موچە و پرۆژەی خزمەتگوزاری و ڕەخساندنی هەلی کار، هاوکات پێویستی بەئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزیش هەیە تا بەڕاستی و بەجدی چاودێری هەنگاوەکانی حکومەت بکات، ڕێگربێت لە گەندەڵی و هەموو کارە قێزەونەکانی حکومەت لەقاوبدات، بەمەبەستی ئەوەی خەڵک ژیانێکی تەندروست بژی.


PM:12:24:07/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 3398 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی