لە نارسیزمەوە بۆ هونەرمەند و ڕۆشنبیری ساختە

‌هیوا فایەق


ئەگەرچی ئەفسانەی نارسیس کەم تا زۆرێک ناسراوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئامانجی ئەم ووتارە روونتربێت بە پێویستی دەزانم کورتەی ئەفسانەکە وەک لە کتێبی سێهەمی ( میتامۆرفۆس) ی (ئۆڤید) داهاتووە بنوسمەوە تا باشتر هاوکاریمان بکات. 

(نارسیس)لە ئەنجامی ئەوەی کە روباری سێفیس لاقەی خواوەندی ئاو (لیریۆپی) کرد لەدایک دەبێت. قۆزێتی (نارسیس) جەوهەری جیاوازییە لە خەڵکانی دیکە، جوانیەکەی بەرادەیەکە کە سەرنجی کچە فریشتەکان و کورەکانیش بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەخۆبایی بوونەکەی ئەوندە زۆرە کەس لێی نزیک نابێتەوە. رۆژێک فریشتەیەک بەناوی (ئیکۆ) کە خواوەند مافی قسەکردنی لێسەندبووە بەڵام بەتەنها دوا ووشەو دەنگی بوونەوەرەکانی دووبارە دەکردەوە، (نارسیس) دەبێنێت و عاشقی دەبێت، تاجارێک (ئیکۆ) دەیەوێت هەردووباسکی لە ملی ( نارسیس) بئاڵێنێت و باوەشی پێدا بکات، بەڵام (نارسیس) هەردوو باسکی فڕێدەدات و ڕادەکات " باسکەکانت لابە و باوەشم پیامەکە، من مردنم لە تەسلیم بوون بە تۆ پێباشترە"

ئەم پەرچەکردارەی (نارسیس) بە جۆرێک (ئیکۆ) تێکدەشکێنێت، لە شاخ و کێوان لە شەرماندا خۆی دەشارێتەوە و تا لە حەسرەتدا دەتوێتەوە و با دەیبا، پاشان ئێسکەکانی دەبێتە تاشە بەردێک، ئەوشی دەمێنێتەوە تەنها دەنگدانەوەی دوا ووشەکانی قسەکردنی مرۆڤە. رۆژێک (نارسیس) ڕێیدەکەوێتە سەر کانییەک کە هیچ مرۆڤێک و ئاژەڵێک بەکاریان نەهێناوە، کاتێک (نارسیس) وێنەی خۆی لە ئاوێکی ئاوا رەواندا دەبینێت، عاشقی جوانی خۆی دەبێت بەجۆرێک ئەمەندە سەیری خۆی دەکات کە نان و ئاو خەو لەخۆی حەرام دەکات، تەنها بۆ جارێک سەرێک بەرز دەکاتەوە بۆ ئاسمان و دەپاڕێتە هەتا لە ئازاری ئەم خود ئەڤیننیە رزگاری بێت کەئەم بەم شێوەیە لەدەرەوەی کانیاوەکەیە و ئەویش لەناو ئاوەکەدا هەر دەمێنێتەوە و پێکناگەن. مانەوەی بەدیار وێنەکەی خۆی لە ئاوەکەداو پێنەگەیشتنی هەروەک ( ئیکۆ) ووشکی دەکاتەوە و ئەو جوانییەی نامێنێت کە هەمووانی سەرسام و عاشقی خۆی کردبوو، تا شەکەت و ماندوو دەبێت و هەر لەوێدا دەمرێت، لەشوێنی مردنەکەشیدا گوڵێک بە رەنگی زەعفەران و تەنراو بەپەڕەی گوڵی سپی دەڕوێت.

ئەم ئەفسانەیە لە زۆر شوێن و کایەی فکری و هونەری و بەتایبەت دەرونشیکاریشدا بەکار هێنراوەتەوە.

ئەگەر ئێمە نارسیس بەهۆی ئەفسانە کۆنەکانەوە بناسین، ئەوا ئەمڕۆ لە ژیانی رۆژانەماندا بە چەندەها فۆرمی جیاواز دەیانبینین و لەگەڵماندا دەژین، قسەمان لەگەڵ دەکەن تا ئەوەی هەڵیشدەشاخێن پێماندا. 
من بڕوام وایە هەموو یەکێک لە ئێمە رۆژانە مومارسەی نارسیسزم دەکەین بە بڕی جیاواز جیاواز، هەندێکمان وەک (نارسیس) سەیری خۆمان لە ئاویشدا نەبێت لە ئاوێنەدا دەکەین و دەبینە نارسیس، بەڵام وەک نارسیس توشی شۆکی حەز لەخۆکردنمان لێناکات. بە پێچەوانەشەوە، هەندێکیش وەک نارسیس ئەوەندە عاشقی خۆی دەبێت بەدیار وێنەی خۆیەوە ئازار دەچێژێت و بە کوڵ دەگری، تا رادەی ئەوەی پێویستی بە ئیکۆیە دەنگدانەوەی ئازارەکان و گەورەیی خۆی بداتەوە بە گوێیدا و هەوڵبدات تێری بکات.

زیاتر لە سەدەیەکە زانایانی بواری دەرونشیکاری هەر لە هاڤلۆک ئیلیسەوە لە (۱۸۹۸) بۆ فرۆید و ولیەم رایش و هاینز کۆهیت و گەلێکیتر، سەرباری هەندێک جیاوازییان لە تێروانین بۆ کارەکتەری نارسیس، بەڵام بەگشتی کۆکن لەسەر ئەوەی وەک جۆرێک لە نەخۆشی دەروونی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەن. (ئانی ریچ) پێی وایە کەسانی نارسیست خەڵکێکی ناواقیعین و وەک منداڵ هەڵسوکەوت دەکەن، هەستی خۆ بەکەم زانینیان هەیە کە هەر لە منداڵییەوە توشی بووبن، هەربۆیە لەبەرامبەر زانینی ئەم حەقیقەتە وەرەس دەبن و دەڵێت من لە هەموو کەس باشترم و لە هەموو کەسێکیش مەزنترم. ریچ پێی وایە کە ئەم کاراکتەرانە هەمیشە ژیانیان لەبەرزی و نزمیدایە خۆیان یان زۆر بەسەرکەوتوو دەبینن یان زۆر فاشیل، هەر ئەمەشە بەرەو خەمۆکی تەواویان دەبات. هەمیشەش پێویستیان بە پیا هەڵدان و ئیشکرنە بۆ گەورە کردنیان تا لەو دڵەڕاوکێیە رزگاریان بێت. لێرەوە چەمکی گرێی خودا God-Complex (ئیرنیست جۆنز) زیاتر هاوکارمان دەبێت بۆ ناسینی کاراکتەری نارسیس کە پێگەی خۆی هەمیشە لە پێگەی خودادا دەبێنێتەوە، خودایەک کە هەڵە ناکات، هەموو شتەکانی بێگومانکردن راستن، لەهەمانکاتدا نمایشکارێکی کارامەشە. جۆنز دەڵێت " هیچ شتێکیش لەوە بێزارکەرتر نییە بۆی، کە هەستی ئەوەی بدەیتێ ئەو خۆی نییەو لەکەسێکیتر دەچێت".

ئەمڕۆ ئەم کاراکتەرە نەخۆشانە لە سیاسەتدا، هونەر، ئەدەب، فیکر و زۆر کایەیتر دەبینین، هەریەک بەجۆرێک نمایشی نارسیسی خۆی دەکات.

لەراستیدا ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم مۆدێلێکیترە لە نارسیزم کە لە کارەکتەری نارسیست ناکات ، جیاوازی سەرەکی کارەکتەری نارسیسی ئۆڤید و نارسیسی کوردی گەلێک زۆرن، نارسیسە کوردییەکە تەقەموسی کاراکتەری نارسیسە ئەفسانەییەکە دەکات، ئەگەر جوانی هەرە خەسڵەتە بەهێزەکەی نارسیسس بێت و مەغروری کردبێت و عاشقی خودی خۆی بوبێت، ئەوا هیچ خەسڵەتێکی تایبەت و جیاواز لە مۆدێلەکەی ئیرەدا نابینین، بەشێکی زۆر لە نارسیسەکان هیچ شتێکی ئەوتۆی نییە کە عاشقی خۆی بکات، بۆیە ناچار دەبێت تەقەموسی کارەکتەرێکی تر بکات کە سیفاتەکانی بەزۆر دەدزێت و دەیلکێنێت بە خۆیەوە، جیاواز لەوەی ئیرنست جۆنز کە دەڵێت (بە ئەوە تۆ نیت بێزار دەبێت) ، کەچی ئەم شێتی ئەوەیە سیفاتی کەسانی داهێنەرو گەورە بدزێت و بەزۆر بیکات بەبەشێک لە کارەکتەری خۆی و هەموانیش ببنە ئیکۆ تا دەنگی خۆی بدەنەوە و بڵێن ئەوە خۆتیت نەک ئەوەی کە ئێمە دەیبینین کە حەقیقەتی تۆیە. 
هەموو غەرقی سەیرکردنی خۆیانن لەناو ئاوەکەدا، ئەوەی دەیبینێت خۆی نییە، بەڵکو کەسێکیترە کە حەزیدەکرد ئەو بێت، تا ئەوەندە لێی وردەبێتەوە و تەقەموسی دەکات باوەڕ بەوەدەهێنێت کە ئەوە خۆیەتی نەک کەسێکیتر، کەسەریش بەرزدەکاتەوە، دەڵێت سەیرمکەن، گرنگیم پێبدەن مردم. جیاواز لەوەی جۆنز دەیڵێت ، ئەم دەڵێت من ئەو کەسەم کە خۆم نیم و تۆ بە خۆمم بزانە. 
دایکی نارسیس، هەرکە نارسیسی دەبێت، دەچێت بۆ لای (ترسیاس)ی کوێر و پێشبینیکەر، پرسیاری ئەوەی لێدەکات کە ئایا پێشبینی ئەوە دەکات کورەکەی تەمەن درێژ بێت، ترسیاس لە وەڵامدا دەڵێت " بەڵێ، بەڵام ئەگەر خۆی نەناسێ". 
لەراستیدا نارسیسەکانی ئێرە، پێچەوانەی پێش بینیەکەی (ترسیاس) ئەو کاتەی کە خۆی دەناسێت، خەمۆکی ئەوەی بۆ دروست دەبێت بۆ ئەم لە فڵانە هونەرمەندی جیهانی و موفەکیر گەورەکان ناچێت، ئیتر بەرەو ئەوەی دەبات کە پەنا بۆ ساختەکاری ببات تا لێوەی مومارەسەی نارسیسی خۆی بکات!

لێرەوە ئەم جۆرە لە نارسیسزم، مۆدێلێکی تێکشکاوی هونەرمەند و رۆشنبیر دروست دەکات بەناوی رۆشنبیری ساختە (Pseudo lntellectual). ئەم مۆدێلە لەدوای تەقەموسکردنی کارەکتەرانی دیکەوە دەست پێدەکات و غەرقی ناو وەهمی ناو و ناوبانگی دەکات، دەیەوێت ئاساتێکی زۆر سادە لە ئیبداعدا هاوشان بکات بە کارە ئیبداعییە گەورەکان. خۆ ئەگەر کارە ئیبداعییە گەورەکان لە ڕێی کەشفی تازەوە خۆیان بەسەر خوێنەر و بینەردا دەسەپێنن، ئەوا رۆشنبیری ساختە بەکارە سادە و ساکارەکانی ، بگرە هەندێک جار زۆر خراپ ، لە ڕێی ماركێتینگ و زۆر جاریش خەڵک کڕین بۆ پیا هەڵدان دەیەوێت خۆی بسەپێنێت. دەیەوێت ئیڤێنتەکانی لە ئیڤێنتە جیهانییەکان بکات تا لە ڕێیەوە نارسیسی خۆی پێ تێر بکات، کە تێری ناکات.

لێرەوە حەقی خۆیەتی بپرسین چی وادەکات ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر ئەم تەرزە لە رۆشنبیری ساختە خۆی نمایش دەکات و باڵا دەستە؟ 
مێژووی رۆشنبیری ساختە لە دنیادا نوێ نییە، تەنانەت بەدەر لە بواری هونەری و فیکری و ئەدەبی، لەبواری زانستیشدا هەیە، ئەوەتا یەکێکی وەکو زانای فیزیایی ( ستیڤ هاوکینگ) دەهێنێتە قسەو بە دوژمنی سەرەکی مەعریفەیان دەزاێت و دەڵێت " دوژمنی هەرەسەرکی مەعریفە جەهل نییە، بەڵکو وەهمی مەعریفەیە".

ئەوەی واشدەکات کە ئەم دەنگە متەوەهیمانە بگاتە زۆرترین کەس، ئەو چەناڵانەن کە بەبێ پرس و فلتەرکردن دەچێتە بەردەم هەزارەها کەس، میدیا و سۆشیاڵ میدیا بە شێوازێکی زۆر دراماتیکی هاندەری ئەم جۆرەن لە خۆدەرخستن، بە جۆرێک مانگانە هونەرمەند و ڕؤشنبیری ساختە بە کۆمەڵگا دەناسێنێت. بەشێکی کۆمەڵگاش لە ئیڤێنت و کۆڕە راستەوخۆکاندا دەبێتە ئیکوی ئەو دەنگە نەشازانە، کە دەڵێت من مەزنم من خودام ئەوانیش لەدوایەوە دەیڵێنەوە، من مەزنم من خودام! ئەمەش بۆ باوەڕهێنان بەوەی کە ئەو نوسخە ئۆرجیناڵەکەی ئەو کارەکتەرەیە کە تەقەموسی کردووە!

جاران پێش دروست بوونی سۆشیاڵ میدیا و ئەو میدیا بێ فەڕانەی کە ئێستا هەیە، ئەم تەرزە لە هونەرمەند و ڕۆشنبیر لە ناو گروپێکی بچوکی هاوڕێیانەدا یان بەلایەنی زۆرەوە لە کۆڕێکی چەند سەد کەسیدا و جارێک لەجاران دەیتوانی نمایشی ساختانەی خۆی بکات، یان کە دەشیکرد دەبوو بە دیمەنێکی کۆمیدی لە کۆرەکەدا. بەجۆرێک دەبووە گاڵتەچی و چەپڵەی ئامادەبوانی لێدەبوو بە ئیعجاب! جاران رۆشنبیری ساختە ئاسان نەبوو لە هیچ چەناڵێکەوە بەبێ فلتەر خۆی نمایش بکات، بەڵام ئێستا کێشەکە لەوەدایە بە بڕێک پارەی کەم لە ڕێی سوشیاڵ میدیاوە دەگاتە ئەو شوێن و ژمارە کەسانەی کە خۆی دەیەوێت، یاخود راستەوخۆ خۆیمان پیشان دەدات.
گرفتی سەرەکی ئەم جۆرە رۆشنبیرانە لەوەدایە کە نارسیسزم وایان لێدەکات سەرچاوەی وەهمی و ناوهێنانی کەسانی گەورە لە سیاقی قسەکانیاندا وەک ئارگیومێنتێک بخەنە ڕوو، درۆ بەدەم فیکر و هونەرەوە بکەن، ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە هەمیشە سەیری روخساری خۆی لە کانیاوەکەدا بکات و سەری بەرز نەکاتەوە، بەتەواوی شەکەت و ماندوە، برسی و تینوشە هەروەک نارسیس، هیچ هێزێکیش نییە تێری بکات.
ئینجا کۆکردنەوەی زۆرترین ژمارەی خەڵک بێ گوێدانە کواڵیتی کارە ئیبداعیەکە واتای گەیشتنە بە مەرامەکانیان، پێوەری سەرکەوتن( بەتەنها) ژمارەی بینەرو خۆێنەرو فۆلۆوەرەکانێتی، تەنانەت چێژ لەوەش دەبینن قسەیان پێ بوترێت ئەگەر وەک هەرە خراپترین نموونەش باسبکرێت، گرنگ ئەوەیە ئەم بەهەرشێوازێک بێت هەیە، خواوەندێتی لەو ساتەوەختەدا یەکسانە بە هەبوونی ئەو لەناو ژمارەی خەڵکدا کە گرنگ نییە بەلایەوە چۆنە. هەر بۆیە بۆ زیادکردنی ژمارەو باوەڕ بەخۆهێنان، رۆشنبیری ساختە پەنادەبات بۆ دروستکردنی دوژمن بۆ خۆیی و پیشاندانی ئەوەی هەمووکەس بەغیلی بەسەرکەوتنەکانی دەبەن، دەبێتە تاکتیکێکی ساختەچیانەی تر کە لەسەری دەژی، نارسیس وای لێدەکات تا خراپترین ئاستی زمانی بازاڕ دادەبەزێت چونکە لە ئێستادا مۆدێلێکی سەرنج راکێشە بۆ خڕ کردنەوەی زۆرترین کەس.

نارسیزمی هونەرمەند و ڕۆشنبیری ساختە زۆر جار لە نمایشی ئەکتەرێکی کۆمیدی ئاست نزم دەکات لە ڕووی بیرۆکەو پێرفۆرمانسەوە، تا ئەوە رادەیەی شەرم لە بینینی دەکەیت. زۆر جار دەیەوێت باسی ناوەڕۆکی کتێبێکت بۆ بکات بەڵام خۆی ناگرێت ئەگەر خودی گەورەیی ساختەچێتێکەی خۆی نەخاتە ڕستەوە. باسی هونەرمەندێکی گەورەی جیهانی دەکات نەک لەبەرئەوەی بۆمان شیبکاتەوە بۆ گەورەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی رۆژێک بە ڕێکەوت سڵاوێکی لێکردوە. باسی مەرگی هاوڕێکەیمان بۆ دەکات نەک لەبەر ئەوەی زیاتر بیناسین، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەم لەژیاندایە با زیاتر گرنگی پێبدەین. یاخود هەندێک جار پەلاماری هونەرمەند و ڕۆشنبیرە ڕاستەقینەکان دەدات تا بڵێ منیش هەم، خواوەندی ڕاستەقینە منم.





PM:10:33:15/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 6772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی