لە سەربەخۆییەوە بۆ قفڵکردنی هۆڵی سینەما

‌هیوا فایەق

لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی ڕابردووەوە، دووجار هەوڵی داخستنی سینەما سالم دراوە، جاری یەکەمیان بەهۆی نمایشکردنی فیلمی( ۱٤ ی تەمووز) کە لە کۆتایدا هەر  پیشاندرا، جاری دووهەمیش تائەم ساتە وەختە قفلدانی هۆڵی سینەماکە بە هۆکاری نمایشکردنی فیلمێکی کورتی بیست دەقەیی قوتابیەکی کۆلێجی سینەمای زانکۆی سلێمانی، ئەوەش دەزانرێت کە چیرۆکی هەردوو فیلمەکە پەیوەستە بە سیاسەتە دڕندەکانی تورکیا کە بەرامبەر بە کورد هەیەتی، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی چەند دەقەیەک پێشدانانی ئەم پۆستە کافیتریاکەش بەرووی ئەو کەسانەدا دابخەن کە دەیانەوێت هەڵوێستكیان هەبێت.

ئەم کردارەی ئاسایشی سلێمانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە چیتر ئیستیفزازی حکومەتی تورکیا نەکرێت تا بەلایەنی کەمەوە بەهانای ئەوە نەدات بەدەستەوە چیتر  تورکیا گەمارۆی سەر فرۆکە خانەی سلێمانی درێژ بکاتەوە یان خراپتر لەوەنەکات!

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پێگەی سیاسی  هەرێمی کوردستان لەدوای ڕیفراندۆمەوە ئەوەندە بێهێز بووە کە چیتر بەرگەی ئەوەنەگرێت بەدەنگی بەرز رەخنەی تورکیا و ئێران بکرێت.

بۆمان دەردەکەوێت کە سیادەی ئەم هەرێمە تەنها توانای داپلۆسین و کپکردنی دەنگی هاووڵاتیەکانی خۆی هەیە، بەڵام بەرامبەر دەرەوەی خۆیشی هیچ بەرگرییەکی پێناکرێت تا ئاستی ئەوەی نەهێڵێت فیلمێک نمایش بکرێت. ئاخر رەوایەتی ئەمە لەکوێدایە هەمان ئەو نوخبە سیاسیەی بوونە هۆکاری ئەم شکستە گەورەیە کە لە دەستگیرکردنی سیخورەکانی تورکیاوە لە سلێمانی بگاتە ئاستی قەدەغەکدنی فیلمی قوتابیەک، یان لەکاتی پێش ریفراندۆم تەخوینی ئەو کەسانەیان دەکرد کە کاتی راپرسێکەیان بە گونجاو نەدەزانی و مەترسی ئەم دەرنجامانەیان هەبوو کەرویداو ئێستاش باجەکەی دەدەین، چ ڕەوایە هەمان نوجبە دیزانی ژیانی ئێمە بکەنەوە دوای ئەم شکستە و دۆڕاندنەی بەسەر ئێمەیاندا هێنا؟

شایەنی باسە بینەری ئەم فیلمانەش ناگاتە دووهەزار کەس لە باشرین حاڵەتیدا، سینەما سالم چەند جارێک رووبەووی داخستنی هێجگاری بۆتەوە بە هۆکاری ئەوەی هۆڵی سینەماکە لەکاتی نمایشی زۆربەی فیلمەکاندا چۆڵ و هۆڵە، ئەوانەشی کە بەردەوام بۆ سەیرکردنی فیلمەکان ئەچن شایەتی ئەو حاڵەتەن!

لە راستیدا خەنەونی سەربەخۆ بوون وا سوک و ڕسواکرا کە زەحمەتە بە ئاسانی سومعەی بۆ بگەڕێتەوە و باجەکەشی تەنها هاووڵاتیان دەیدەن.


PM:01:38:09/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 3482 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی