وێنەی هونەرمەند لە ئاوێنەی فاشیزمدا

‌هیوا فایەق


مەرج نییە وێنەو دەرکەوتەی فاشیزم تەنها لەناو پارتی سیاسی و کاراکتەری سیاسیدا بدۆزیتەوە. ئەوەتا ڕۆژانە پۆلێ لە هونەرمەند و دەزگای هونەری و فیکری فاشی لە کەناڵە میدیاییەکان و سۆشیاڵ میدیادا دەبینین و دەخوێنینەوە. لێرەدا دەمەوێت زۆر بەکورتی باس لە دوو فۆڕمی دیار بکەم:

یەکەم/ هونەرمەندی فاشی:
فاشیزم پێیوایە جگە لەخۆی و نەتەوەکەی هیچ شتێکیترگرنگ نییەو کەسیش لەوان باشتر نییە لەسەر گۆی زەوی، شوناسی نەتەوەکەی لە هەمووشوناسەکانی تری دنیا عەریق ترو گرنگترە، بێگومان نازییەکان لە ساڵی ۱۹۳٠ وە کاریان لەسەر ئەم تێگەیشتنە کردووە تا دەیگەێنێتە جەنگی جیهانی دووهەم و ئەوە روویدا کە دەزانرێت.

ئێستا لەسەر ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە جۆرێک لەهونەرمەندی فاشی بە فۆرمێکی جیاواز تر دروست بووە، ئەگەرچی ئەم فۆرمە هونەرمەندە فاشییە توانای داهێنان و هۆشیاری بەلایەنی زۆرەوە ئاساییەو زۆرجاریش خوارتر، بەتوندی بەرگری لەوەدەکات کە بێتە مەرجەعی گشت بۆنە و کارە هونەرییەکان و تەنانەت ئیدارییەکانیش بەجۆرێک هەوڵدەدات هەموو شتێک بەو دەست پێبکات و هەرئەویش کۆتا قسەبێت بۆ جێبەجێکردن، هەتا دەگاتە ئەوەی ئەم بریارلەوەبدات ئەو کەسانە کێین کە بۆیان هەبێت رایەک بڵێن یان قسەبکەن ، ئەویش بێگومان لەترسی رەخنەگرتن لەخودی خۆی و تێکشکاندنی ئەو وێنە فاشییەی بۆخۆی دروستکردوە. ئەم شێوازە لەهونەرمەند ئاکارە فاشییکەی ئەوەندە قوڵدەبێتەوە تائاستی چێژ بەخشین یاخود تا ئەورادەیەی فاشی بوون بەشێک بێت لەکارەکتەرە نێرجسیەتەکەی. تەنانەت وەک مێژوونوسی ئیسرایلی ( نۆڤال نوح هەراری) ئاماژەی پێدەکات، ئامادەیە خێزانەکەی لەپێناوی فاشیزمدا بکاتە قوربانی.

هونەرمەندی فاشی لەهەوڵی ئەوەدایە هەمیشە ژمارە یەک بێت تەنها بۆ قوڵکردنەوەی وێنەیەکی گەورە کە لەسەر خۆی دروستی کردوە کە تەواو پێچەوانەی واقیعی خۆیەتی. داوادەکات نمرە یەک بێت لە بۆنە هونەرییەکان، لە قسەکردن، کە گۆرانی دەڵێت، کە تەمسیل دەکات. یاخود کەسانێک هەبن بۆنەی تایبەتی بۆدروست بکەن و تەکریمی بکەن، شەڕی رۆشتن بەسەر فەرشی سوردا بکات. ئەگەر لەهەموو ئەوانەدا ڕاوێژ یان پۆستێکی پێنەدرابێت کارەکتەرە فاشیسیتکەی خۆی تیا نمایش بکات ، ئەوا بۆنەو کارەکان هەرچونێک بێت بەلای ئەوەوە فاشیلە.

(هەراری )پێیوایە فاشیزم پێویستی بە ئاوێنەیەکە وێنەیەکی جوان و باشتری خۆی تێدا ببینێت، بەڵام لە بنەرەتدا وێنەکە ساختەیە و تەواو دورە لە واقیعی خۆی.

لەراستیشدا زۆرێک لە کەس و کەناڵە میدیاییەکان بونتە هەڵگری ئەم ئاوێنە ساختەیەو بەشدارن لە دروستکردنی هونەرمەندی فاشی. ئەوان لەبری پیشاندانی وێنە راستە قینەکەی خودی خۆی، وێنە ساختەی خۆی پیشان دەدەن.

ئەم جۆرە لە هونەرمەند هەمیشە سەرکۆنەی ئەو کارە هونەریانە ئەکات کە خۆی تێدا نییە و بەبێ ئارگۆمێنت رەتی دەکاتەوە و تادەگاتە حاله‌تێک بەتەواوی توندوتیژ دەبێت بەرامبەر بەرهەم هێنەرەکانی کارەکە. یاخود هەمیشە بۆکارە خراپەکانی خۆی بیانوی بێمانا دەهێنێتەوە بەڵام بۆ بەرامبەرەکەی هەمان بیانوو قبوڵ نەکات، هەروەک تەبریرە بێماناکانی نازییەکان بۆ کوشتنی ملێۆنەها جولەکە.

دووهەم/ دەزگای هونەری فاشی:
بێشەرمی لە چۆنییەتی پارەپەیداکردن یەکەم دەرکەوتەی فاشی بوونی دەزگا هونەرییەکانە. ئەو شێوازی پارەکۆکرنەوەیەی لە سیاسییەکان و سواڵکردن بەو شێوازە قێزەوەنە کە لە کۆمپانیاکانی دەکەن، تا دەگاتە سەرانە وەرگرتن بە شێوازێکی نوێ ( هەڵبەت ئەمە پێویستی بە یاساو رێکخستن هەیە و کۆمپانیاکان و حکومەت ناچاربکات بەبێ منەت پشتگیری کارەهونەرییەکان بکەن)، هۆکاری ئەم پارانەوەیەش لە سیاسیەکان و کۆمپانیاکان بۆ بەدەست هێنانی بڕێک پارە ئەوەیە ئەی ئەگەر ئەوە نەکەم چیبکەم، وەک ئەوەی نەبوونی ئەو بۆنە و کارە هونەریانە نەگبەتی گەورە بۆ ئەم کۆمەڵگایە بەدوایی خۆیدا بهێنێت!

لەراستیدا ئەم جۆرە لەبێشەرمی لە دنیای ئێمەدا وادەکات رەگەکانی فاشیزم بەهێزتر بکات و بوونی فاشیزم ببێتە کارێکی ئاسایی و ناچار. فەیلەسوفی ئەمریکی (جاسۆن ستانلی) پێیوایە کە سادەکردنەوەی ئەفسانەی فاشیزم وامان لێدەکات لێبوردەبین بەرامبەر بەوەی نەدەبوو لێبوردەبین وەک ئەوەی ئیتر چیبکەین شتەکان هەرئاوا هاتوون.

بەداخەوە ئەم دوو شێوازەی فاشیزم بەجۆرێکی ترسناک لەبەرزبونەوەدایە، بۆیە لێرەدا پێویستمان بە دوبارەکردنەوەی راکەی ( هەراری)یە کە پێیوایە دەبێت ئاوێنەی فاشیزم وردوو خاشکەیەن تاخۆمانی تێدا نەبینین.


سێهەم/ هونەرمەند وەک ئەندام لە دەزگای سانسۆری فاشیدا:

ناوبەناو و لە بۆنەی جیاوازدا، لە ڕێگەی کەناڵە مێدیاییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دوو داواکاری لەیەکچوو، بەڵام بە ئامانجی جیاواز لەڕێی هەندێک لە هونەرمەندانەوە دەبیستین و دەبینین.

بۆچوونی یەکەم:ڕاگرتنی پەخشی دراما تورکییەکان ( بەتایبەت)وەک هەڵوێستێکی سیاسیی بەرامبەر بە هێرشی ناڕەوا و دڕندانەی سوپای تورکیا.

بۆچوونی دووهەم: پەخشنەکردنی دراما جیهانییەکان لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی درامای ناوخۆ.

پێش ئەوەی لەسەر هەردوو بۆچوونەکەی سەرەوە بنووسین، بە پێویستی دەزانین ئەوە بخەینەڕوو کە ئامانجی ئەم نووسینە بریتی نییە لە قسەکردنی هێرشە ناڕەوا و دڕندانەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی باکور و ڕۆژئاوا و باشور و دیسانەوە سزادان و لەسێدارەدانی ئێرانیش لە رۆژهەڵات بەگشتیی ، کە بێگومان هەمووکات شوێنی ئیدانەکردن و قسەلەسەر کردنە و بەڵگەکانیش هەمیشە ئەو درندایەتییە دەسەلمێنن. هەروەها ناشمانەوێت لەسەر ئاستی هونەریی دراما تورکی و فارسیەکان یان جیهانییەکان قسەبکەین چونکە لەدەرەوەی سیاقی ئەم نووسینەیە، ئەمە جگە لەوەی من خۆم بینەری هیچ یەکێک لەو درامایانە نەبووم و نەشم بینیون. لێرەدا ئامانجی سەرەکیمان ڕەخنەکردنی دوو بۆچوونەکەی سەرەوەیە.

لە هەردوو بۆچوونەکەدا، ڕاگرتنی دراما تورکی وئێرانی لەلایەک و دراما بێگانەکانی تریش لەلایەکی ترەوە داواکراوە سەرەکییەکەیەو بەتەواوی لەیەکدەچن.، بەڵام ئامانجی وەستاندنی دراما تورکیەکان و فارسیەکان (سیاسییە)و ئامانجی داواکردنی ڕاگرتنی ئەوانی دیکە (هونەریی و بازرگانییە).

گرنگترین خاڵی هاوبەشیش لە هەردووکیاندا ئەوەیە کە نوخبەیەک لە هونەرمەندان ئەم دوو داواکارییە دەکەن!
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە بەو هۆکارانەی سەرەوە کەباسمانکرد هونەرمەد ببێتە فەرمانبەری دەزگای سانسۆر لە بری پیاوانی ئایینی و سیاسیی و دەزگا حیزبیی و ئەمنییەکاندا کە رۆڵی سانسۆرکردن دەبینن.

نموونەی قەدەغەکردن و سانسۆرکردنی کاری هونەریی و ئەدەبی و فیکری گەلێک زۆرن لێرەدا بیانخەینەڕوو. تەنها هەوڵدەدەین بە چەند نموونەیەکی کەم لە چەند قۆناغێکی مێژویی جیاوازدا ڕاستیی قسەکانمان بسەلمێنین:

1. لە ساڵی 1565دا پیاوانی کەنیسە تابلۆی (The last judgement)ی مایکڵ ئەنجیلۆیان قەدەغەکرد بە بیانووی ئەوەی (چۆن لە ڕێگەی فیگەرێکی ڕووتەوە دەبێت باس لە پەیامی ئاینیی بکرێت؟) بەڵام ئێستا هەموومان لە رێی ئەنتەرنێتەوە ئەتوانین ئەو تابلۆیە ببینین. ئەم قەدەغەکردن و سەرزەنشتکردنە درێژدەبێتەوە بۆ سەدەی بیستویەک، تا دەگاتە سووتاندنی زیاد لە جارێکی کتێبی (هاری پۆتەر) بە بیانووی ئەوەی کتێبێکی شەیتانییە و خەڵک فێری جادوو و خراپەکاریی دەکات. بەڵام سەرئەنجام لەبری قەدەغەکردن و فڕێدانی، تا ئێستا نزیکەی نیو ملیار تیراژی بە ٦۸ زمانی جیاواز لێفرۆشراوە.

2. بڕیاری سیاسیی بوو وای لە فیلمی (لیستەکەی شیندلەر) کرد کە لە چەند وڵاتێکی عەرەبییدا نمایشنەکرێت، بە بیانووی ئەوەی دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سۆز بۆ جوولەکە، بەڵام داهاتی فیلمکە بڕی دوسەد ملێون دۆلاری تێپەراند و هەر هاوڵاتیەکی عەرەبیش بیەوێت دەتوانێت لەسەر کۆمپیوتەرەکەی سەیری فیلمەکە بکات.

وتمان ئامانجی داواکاریی بۆچوونی یەکەم هەڵوێستە بەرامبەر بە دڕندایەتیی سوپای تورکیا و ئێران. کێشەشمان لەوەدا نییە ئەم هەڵوێستە سەرکەوتنمان لە شەڕەکەدا بۆ بەدەست نەهێنێت. بەڵام لە ڕاستییدا هیچ شتێک لەستراتیژی هێرشەکان ناگۆڕێت بەڵکو دەبێتە پردێک بۆ قووڵبونەوەی ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستیی کە ڕۆژانە لە پەرەسەندندایە. پەخشکردنی درامایەک چی لە واقیعی شەڕەکە دەگۆڕێت؟ چ زەرەرێک لە سوپا و حکومەتی تورکیا و ئێران دەدات؟

ئەم ئاکتە چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئاکتی ئەو تورکە ڕەگەزپەرستانەدا هەیە کە بەرامبەر ئەحمەد کایا کردیان؟ چ جیاوازییەکی لەگەڵ بەندکردن و ئازاردانی یەڵماز گۆنای هەیە تەنها لەبەرئەوەی کە کورد بوو؟ سەرباری هەموو ئەمانە تورکەکان نەیانتوانی گوێ لە ئەحمەد کایا نەگرن، شانازیی بە یەڵماز گۆنایەوە نەکەن. ئەگەرچی تا ئەم ساتەوەختە شەڕی تورکیا و کوردستانی باکوور و ڕۆژئاوا بەردەوامە، ئەوەی تورک بەو هونەرمەندە کوردانەی کرد نەیتوانی هیچ لە دۆزی کورد بگۆڕێت. بەڵکو بەپێچەوانەوە کوردیان ڕقئەستوورتر کرد و ئێستای مەسەلەی کوردیش لەسەردەمی گۆنای و کایادا بەهێزترە.

من لەوە تێدەگەم ئەم هەڵوێستە، سەرچاوەکەی لە بایکۆتکردن و قەدەغەکردنی کاڵا و بەروبوومی تورکی و ئێرانییەو هاتوە. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە کاریگەرییەکان بە تەواویی جیاوازن. نامەوێت لێرەدا باس لە باش و خراپیی بایکۆتکردنی بەرهەم و کاڵای تورکیی بکەم، چونکە ئەوە پێویستی بە شیکاری زۆر ورد هەیە و لە دەرەوەی بابەتی ئەم نووسینەدایە. بەڵام ئەگەر بایکۆتکردنی ئابووری وەک گریمانەیەک وەربگرین، ئەوا بۆ نموونە تورکیا لە ئەنجامدا ساڵانە بە ملیارەها دۆلار زەرەر بە ئابووریی خۆی دەگەیەنێت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا و پێدەچێت مەجبووری ئەوە بێت پێداچوونەوە بە بڕیارە عەسکەرییەکانیدا بکاتەوە. (دووبارە، ئەمە گریمانە بوو).

لێرەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە هەڵوێستەکان کامیان کاریگەرن و کامیان ناکاریگەرن. بۆیە کارێکی مەترسیدارە قەدەغەکردنی بەرهەمە کەلتوورییەکان بکەینە هەڵوێست وەرگرتنێکی سیاسیی و ئیلهام بۆ هەڵوێست لە ئابوریەوە وەربگرین.

لە هەمان سیاقدا، دراما بیانییەکان کەمبکرێنەوە یان ڕابگیرێن و گرنگیی بە بەرهەمی هونەریی ناوخۆیی بدرێت. ئەوەی کە مایەی سەرسوڕمانیشە کە نوخبەیەک لە هونەرمەندان ئەم داوایە ئاراستەی پەرلەمان و حکومەت دەکەن و دەیانەوێت یاسای قەدەغەکردنی لەسەر دەربکەن.

لێرەدا، ئەم داواکارییە بۆ جوتیارێکی کوردستان ڕەوایەتیی خۆی هەیە لەسەر داواکردنی فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی داوای گرنگیپێدانی بکات تا بەردەوام بێت و ساڵانە بەری ماندوبوونی خۆی دەستبکەوێتەوە. بەڵام هیچ ڕەوایەتییەک لە داواکردنی هونەرمەنداندا بەو هاوکێشەیەی جوتیارەکە ڕەوا نییە. ئەمە وەک ئەوە وایە ئەمریکا و ئەوروپا بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە تەلەفیزیۆن و سینەماکانیان بەرهەمی یەکتر پەخشنەکەن و گرنگیی بە بەرهەمی ناوخۆی وڵات بدەن. ئەگەرچی ئاستی باشی بەرهەمەکانی ئەو دوو کیشوەرە بەراورد ناکرێن بەوەی کە لێرە هەیە. یاخود سینەماکارانی فەڕەنسا لەسەر (فیستیڤاڵی کان) پڕۆژەیەک بدەن بە حکومەتی فەڕەنسیی کە گوایا بۆچی ئەم خەڵاتە فەڕەنسییانە بدرێتە هونەرمەندانی بێگانە. ئەوەش بخەنە ڕوو بڵێن تا ئێستا لە نزیکەی 75 دەرهێنەر، 12 دەرهێنەری فەڕەنسیی خەڵاتی باشترین دەرهێنەریان بردووە. یاخود لە پەنجاو هەشت خەڵاتی (پام دۆر) 8 فیلمی فەڕەنسیی خەڵاتەکەی بردۆتەوە.

سەرچاوەی ئەم داواکارییە، ترسە لە کێبڕکێی هونەریی و باوەڕ بە خۆنەبوونە تا خەڵک ناچار بکەیت سەیرت بکەن وەک فاشیستێک خۆتیان بەسەردا بسەپێنیت، تەنانەت ئەگەر خۆشت بکەیت بە گاڵتەچیی و هەرجارەی بەجۆرێک خۆت نمایشبکەیت لە بۆنەی جیاواز جیاواز کە پەیوەندیشیان بە یەکەوە نەبێت، یان ئەو کارەی ئەمرۆ گاڵتەی پێدەکەیت سبەینێ پاڵەوانبیت تێیداو تەبریری بێمانامان بۆ بهێنیتەوە.

هەمیشە ئاستی باڵای کارە هونەریی و ئەدەبییەکان لە هەموو شوێنێک و وڵاتێکدا خۆیان دەسەپێنن. بەپێی سایتی (USA Today) دوەم پڕفرۆشترین کتێب لە ساڵی 2017دا لە ئەمەریکا کتێبی خانمە شاعیرێکە کە بە ڕەگەز هیندییە، بە ناوی (Rupi Kaur). ئەم داواکارییە ناماقوڵە لە ئاکتێکی گریمانەکراو دەچێت کە نوسەرانی ئەڵەمانیا دژی خەڵات پێبەخشینی خەڵاتی( نێلی زاکس) بە بەختیار عەلی کۆبنەوە و پاشان کۆنفراس بکەن و داوای داخستنی ئەو فەرمانگەیە بکەن کە خەڵاتەکەی بەخشیوەتە بەختیار عەلی لەسەر ئەوەی گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی نەداوە.

ئادەی کامانەن ئەو بەرهەمە هونەرییە باڵایانەی کە تا ئێستا لە کوردستاندا پەخش کراوە با بخرێنە ڕوو. ئەو ملیۆنەها دۆلارەی بۆ فیلم و دراما سەرفکراوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا تکایە پۆزیشنە جیهانییەکانیان بخەنە ڕوو بۆمان. مەبەستم لە زۆرێک لە فیستیڤاڵە نمرە نزمەکانی دەرەوەی کوردستان نییە کە کەس ناوی نەبیستون و تەنها کاری زۆر ئاساییان بۆ دەچێت یان بەبەراورد لەگەڵ فیستیڤاڵەکانی کوردستان ئەمانەی لای خۆمان لە هەندێک لەوانە باشترە.

کاری ئیبداعی بە کوشتن و سانسۆرکردنی ئەوانیتر ناتوانێت خۆی بسەپێنێت لەناو ئەم دنیا گڵۆباڵەدا. هەمیشە پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە من لەناو ئەم دنیا پڕ لە بەرهەمە هونەریی و ئەدەبییە جیهانییەدا کە بەئاسانی بە خوێنەران و بینەران دەگات، من کێم؟ بینەران و خوێنەران ئەیانەوێت پۆزیشنی تۆ لەناو ئەم دنیا گلۆباڵەدا بدۆزنەوە، مەبەستەکەش شەخسی تۆ نییە کە کێیت، بەڵکو تۆ کام جۆرە لە داهێنەریت. بەراوردکردنی تۆ وەک بوونەوەرێکی داهێنەر بە بەرهەمە ئیبداعییەکانی دنیا کە ئەمرۆ زۆربەیان بە ئاسانی بەردەستن ئەستەمە لێی دەرچی. لێرەوە هەردوو بۆچوون و داواکارییەکان ئاکتێکی فاشیانەیە کە ڕوداوی کتێب سووتاندنەکانی ساڵی 1933 دەهێنێتەوە بیرمان، بەسەرپەرشتیی یەکێتی قوتابیانی ئەڵمانی کە لەژێر کاریگەری فاشیزمی ئیتاڵیادابوون ، لە ئاهەنگێکی گەورەی پڕ جۆش و خرۆشدا بە ئامادەبوونی جۆزێف گۆبلێسی وەزیری پڕوپاگەندەی حکومەتی نازی لەژێر دروشمی (نەخێر بۆ ڕیسوایی و داڕمانی ئەخلاقیی، بەڵێ بۆ ئاکاری خێزان و دەوڵەت) هەستان بە سوتاندنی هەزارەها کتێبی غەیرە ئەڵمانی و ئەو نووسەرە ئەڵمانییانەی جوولەکە بوون یان دژی نازیزم بوون، لە نێوانیاندا کتێبەکانی ئاینشتاین و بێرتۆڵد برێخت و فڕانز کافکا و ئەمیل زۆلا و هێلێن کێڵەر و مارکس و ستێفان سڤایگ و هایندریش هاین و گەلێکی تر سوتێنران. هۆکاری دروستبوونی ئەم میحرەقەیە لەوەوە سەرچاوەی گرت کە ئەم کتێبانە هۆکارن بۆ تێکدانی ڕەوشتی ئەڵمانەکان و هەروەها بەو بیانوەی کە ئاستی هونەریشیان زۆر نزمە. بێگومان لە ناویاندا هۆکاری وەک نائەڵمانیبوونی نووسەرەکانیان و بانگەشەی دیموکراسی بەشێک بوون لە هۆکارەکان.

ئەگەرچی فۆڕمی بایکۆتکردنەکان لەیەکتر ناچن لەگەڵ دوو بۆچوونەکەی کە باسمانکردن، بەڵام لە تێڕوانین لە پێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی لەیەکتر دەچن. بکەرەکانی کتێب سووتێنەرەکان قوتابییە فاشیستەکان بوون، بەڵام داواکارەکانی ئێرە هەندێک لە هونەرمەندانن.

وەک پێشتر باسمکرد، ترسی من لەو دوو بۆچوونە، قووڵبوونەوەی فۆرمێکی نوێی فاشیزمە، ڕق و کینە و ڕەیسیزمە بەرامبەر بەوانی دیکە.

نمونەی ترسی پێش رودانی لەم جۆرە کارەساتانە گەلێک زۆرن، سەد ساڵێک پێش سووتاندنی کتێبەکان لە ئەڵەمانیا هاینریش هاین لە شانۆیی (ئەلمەنسوور) لە ساڵی 1821-1822دا دەڵێت "ئەوانەی کتێب دەسووتێنن لە کۆتاییدا هەموو مرۆڤایەتیی دەسووتێنن" ئەم ڕستە ترسناکە، نازییەکان بەتەواوەتی بەرجەستەیان کرد. بۆیە هەر لە دوای 6 ساڵ لە سووتاندنی کتێبەکان، بە ملیۆنەها مرۆڤ بوونە قوربانیی 6 ساڵی جەنگی جیهانیی دووهەم.

هێلێن کێڵەر لە دوای سووتاندنی کتێبەکانی وتی "کتێبی باشترین عەقڵەکانی ئەوروپاتان سووتاند، بەڵام فیکرەی کتێبەکان ملێونەها کەناڵی جیاواز دەبڕێت و بەردەوام دەبێت. ئەمرۆ ڕەنگە لەکەم شوێنی دنیادا کتێبی ئەو نوسەرانە نەخوێنرابێتەوە کە لەو سوتانەدا بوون بە قەرەبروت.

لە ڕاستییدا لەناو ئەم دنیا گلۆباڵەدا و ئەو تێروانینە فاشیستیەی کە ئێستا هەیە لەسەر بایکۆت و قەدەغەکردنی کاری هونەریی، دەرئەنجامێکی بێئاکامی دەبێت و هیچی لێبەرهەم نایەت، جگە لە ناسینی ئەو ڕۆحە فاشیزمەی کە لەناو هەندێک هونەرمەنداندا خۆی شاردۆتەوە. کرداری لەم چەشنە دوور نییە کە سبەینێ کتێبەکانی نازم حیکمەت و ئۆرهان پامووک و فیلمەکانی نووری بیلگە جەیلان نەسووتێنرێت، لە بەرامبەردا تورکەکان کتێبەکانی یەشار کەمال و ئەحمەدی خانی و فیلمەکانی یەڵماز گۆنای نەسووتێنن. پاشان ببنە هۆکارێک بۆ سووتاندنی مرۆڤەکان. یان مەترسی ئەم رۆحە فاشستییە قوڵتر دەبێتەوە  تارادەی داواکردن بۆ  گوێ نەگرتن لە گۆرانی و میوزیکی تورکی و فارسی، هەروەک نازییەکان کە بەتەنها لە کتێبەکان نەدەترسان، تەنانەت گوێگرتن و پێشکەشکردنی مۆسیقای جازی ئەمەریکییان قەدەغەکرد وەک  بەرەنگاری بەرهەمە نا ئەڵمانییەکان.

مەترسی لەسەر بەرزبوونەوەی دیاردەی فاشیزم بەفۆرمە سیاسی و فۆرمە ناسیاسیەکانیشەوە بەتەنها مەترسی من نییە، مانگانە چەندەها نوسین لەسەر ئەم دیاردەیە لەرۆژئاوا دەنوسرێت. هەروەک ئیمبرتۆ ئیکۆ پێیوایە کە زاراوەی فاشیزم وایلێهاتووە کەمرۆڤ ئەتوانێت بۆ زۆرمەبەست بەکاری بهێنێت و شتێک یان دووان لە فاشیزەوەمەوە وەربگرێت و بەوشێوەیەی پێشتر باسمانکردووە ببیتە فاشیست.

ئیمبرتۆ ئیکۆ پێیوایە کە ( فاشیزمی هەمیشەیی) تا ئێستا لە چواردەورمانە، هەندێک جار بە شێوەیەکی نادیار، بەڵام بەوشێوازە ئاسانە نییە کە پێمان بڵێن ئێمە جارێکیتر سەر لە نوێ سەربازگەی ئۆشفینیز دەکەینەوە، یان چاکەت رەشەکان لە مەیدانەکانی ئیتاڵیا خۆیان نمایش بکەن، بەڵکو بە دەمووچاوێکی زۆر بەریئانەوە خۆی پیشانی ئێمە دەدات، واش پێویست دەکات کە هەموومان پەنجە رابکێشین بۆ بوونی هەر جۆرە فۆرمێکی فاشیزم کە لە هەموو پارچەیەکی دنیادا هەیەو ئەیبینین.

بە بێدەنگی ئێمە لەسەر ئەم دیاردەیە مەترسیەکانی فاشیزم و کارەکتەرەکانی زیاتر دەبێت و هەڕەشەن بۆهەموو لایەک.



PM:06:48:08/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 4099 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی