نادیە موراد وەک قوربانی و مرۆڤ؟

‌تەها سلێمان

بۆ یەکەم جارنیە قسە لەبارەی (نادیە موراد) ەوە دەکەم و باوەڕیش ناکەم دواجاربێ؛ چونکە گشت جارێ کە (نادیە) دەچێتە سەرستەیج و قسەدەکات، کۆمەڵێکی لێ قیت دەبێتەوەو هەزارو یەک ناوو ناتۆرەی دەخەنەپاڵ! یەکێک ئێژێ (بۆ بەکوردی قسەی نەکرد) و یەکێکی تر ئێژێ(بۆ نەیوت من کوردم) و یەکێک بە (خیانەتکار) و یەکێکی تر بە (بێ ئابڕوو) و حزب و لایەنە سیاسییەکانیش بەپێی میزاج و بەرژەوەندی تەسکی حزبی و سیاسی خۆیان، لەبارەیەوە لێدوان دەدەن و قسەدەکەن!

جارێ زۆر جێگای داخ و نیگەرانیەکی قووڵە، کەس وەک ئازاری ڕۆحی و جەستەیی و ویژدانی (نادیە) خۆی، لێی تێناگات، چونکە ئەگەر لێی تێگەیشتبان ئەو هەموو ناماقوڵیەیان لەبەرامبەری نەدەکردو هەریەکەو ناتۆرەیەکیان بۆی هەڵنەدەبەست و پەلاماریان نەدەدا؟!

نوێترین هاشاوڵ و پەلاماری (نادیە) لەدوای ئاهەنگی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەهاوبەشی بوو، لەو چوارچێوە سواوو زمانە بازاڕییەی کەلەسەرەوە باسمانکرد!

ئاخر بەڕێزینە جارێ ئێوە گەر نەیەژم هەمووتان، ئەوە دەتوانم بێژم زۆربەتان لەبنەڕەتەوە دژی نادیەو نادییەکانی ئێزدییەکانن، وە هەرئێوەشن تا ئێستا ئامادەنیتان لایەنی کەم نانی دەستی ئەوان بخۆن و بینین و ڕوانینتان هیچی لەبینین و ڕوانینی داعش کەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێ بۆیان؛ ئینجا بێزەحمەت کوردایەتی و نیشتمان پەروەری چیان پێدەفرۆشنەوە؟

نادیەو نادییەکان لەکوردبوون قڕنەکراون، بەڵکو ئەوان مێژووی دوورو درێژییان قڕکردن و جینۆسایدکردن بوە، لەبەرجیاوازی ئاینی و کلتووری؛ کاتێک ئەوان یەکەم کەسیان لەسەرەتای فتوحاتی ئاینی ئیسلامەوە بەشمشێر ملی لەلاشەی دەکرێتەوەو لەوکاتەوە تا ئێستا دەکوژرێن و ژن و کچەکانیان ئیغتساب دەکرێ و دەکرێنە کۆیلەو لەبازاڕی بێشەرمانەو ئابڕوتکاوانەی دووژمنەکانیا دەفرۆشرێن و دەکڕدرێن؛ کێ لەسەریان هاتە جواب؟

باشە خۆ کفر نەبوو، دوو تەقەکرا، چەن ژن و مناڵێکیان بەزەبری پارە لێڕزگارکرا، ئیتر بەس نەبوو ئەمەنە بیدەنە ناوچاویانا!

ئەوان هەروەک کەس و کاری ئەنفالەکان، هەڵەبجە، فەیلیەکان، بارزانیەکان و دەیان تاوانی تر، خوێن لەجەستەیان دەچۆڕێ و ئەگەر سەردەمی ئەوتاوانانە قڕوقپی لێکرابێ، بەڵام کات و شوێنی ئەمجارەی تاوانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەردەستی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی داعش جیاواز بوو، زووترو زیاتر دەنگیان گەیشتە دنیای دەرەوە، رەوەندی ئێزدی لەدەرەوەش کارایانەو بەرپرسیارانە دۆسیەی تاوانەکەیان جوڵان و کاریان لەسەرکرد.

ئاخر پێتان سەیرنەبێ گەنجێکی وەک قیدار نەمر جوندی، لەهەفتەی یەکەمی تاوانەکەوە 2014، دەزگاو دامەزراوەی ئەڵمان و بەشی زۆری ئەوروپا نەما، لیستی قوربانی و بێسەروشوێنکراوانی ئێزدییەکان، بەژن و مناڵ، پیرو لاو، پێیان نەگەیەنێ؛ ئیتر چۆن ناتوانن هاوتەریب لەگەڵ دۆخە نێودەوڵەتیەکە پرسەکەیان بناسێێن.

دواتر لەجیاتی دەست خۆشی و پیرۆزبایی لەئازایەتی نادیەو پێ بەخشینی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی گەورەو پڕبەها، چی خەسڵەتێکی ناشرینە بەوەوە گرتووتانە وەڵا نادیە بەکوردی قسەی نەکرد؟ نادیە نەیوت من کوردم؟ نادیە سوپاسی فڵان و فیسار حزبی نەکرد؟ ناوی فڵان و فیسار شەخسی نەهێنا؟ ئەمە چی بەدبینی و چی هەژارییەکە تێی کەوتوون!

رێزگرتن لەنادیە، پێ بەخشینی خەڵات، دانانی لەهەر پلەو مەقامێکا، گەورەترین چەمانەوەیە لەبەردەم قوربانیەکانی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان و ڕێزلێنانیانەو کارێکی باشیش ئەگەر مرۆڤ بتوانێ بیکات، ئەوەیە پشتگیریان بکات نەک دژیان بوەستێتەوە.

ئینجا ئێزدییەکان، بەمێژوو، خاک، زمان، کلتوورو فەرهەنگ، کوردن و کوردستانین، نادیەش نوێنەری کوردنیە بەڵکو نوێنەرو سیمبولی ئەو تاوانەیە کەدژی پێکهاتەی ئاینی ئێزدیەکان کراوە.


AM:10:32:12/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 1715 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی