رێکەوتن لەگەڵ پارتی

‌رێبین هه‌ردی‌

رێکەوتن لەگەڵ پارتی چیە و چۆن ئەکرێت؟ پارتی چ جۆرە ریکەوتنیکی ئەوێت و هەندێک لە سەرانی یەکیتیش چیان ئەوێت؟ دانوستان چۆن ئەکرێت و بۆچی بەئەنجام ناگات؟

لەگەڵ وتارەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە پێشنیاری گوڕینی هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی کردبوو، گوژمیکی تازەی وتوێژی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەستی پێکردەوە، هەرچەندە خاویەکی زۆر لەم دانیشتنانەدا هەیە و هەرچەند تەنیا یەک گوژمی دانیشتنی دولایەنە ئەنجامدراوە، بەڵام هەموو جوڵەکان ئەوە دەرئەخەن پێشنیارەکەی سەرۆکی پارتی هیچ راستیەکی تیا نەبووە و ئەوەی بۆی ئەگەڕێت گۆرانی هەر سێ سەرۆکایەتیەکە نیە، بەڵکو گۆرانی سەرۆکی پەرلەمانە بەتەنیا و چاوەڕی ئەکات حیزبەکانی دی خۆیان خۆبەخشانە داوای بەردەوام بوونی دوو سەرۆکایەتیەکەی تری بۆ بکەن. واتە بە کورتی پارتی وەک هەمیشە خۆی بە بەهێز ئەبینیت و هەموو ئەم شتانەی کە لەرابردوودا رویان داوە وا تەماشا ئەکات کە ئەوندە بەهێزی کردووە کە هێزەکانی دی ئێستا ئامادەن و لە خوایان دەوێت پارتی لایان لێبکاتەوە و بەشداریان پێبکات. بۆچوونی پارتی وایە دوای رێگەگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی ٤ وەزیرەکەی گۆڕان، کە زۆر ئاسان بۆی چووە سەر، نمایشی دەسەڵاتێکی کردووە کە لایەنەکانی دی هێناوەتەوە بۆ واقع و بەجۆرێک ملکەچی کردوون کە ئەمجارە خۆیان داوای لێ ئەکەن سەرۆکەکانیان لە جێی خۆیان بمێننەوە. پارتی خۆی بەسەرکەتوو ئەزانێت مادام توانی پەرلەمان و سەرۆکەکەی دەربکات و بە ئاسانیش رێگە لەچونە ناو هەولێری هەموو ئەو کەسانە بگرێت کە بە دڵی نین. بەبڕوای پارتی پەیامەکەی بەهەموو لایەک گەیشتووە و هێزەکانی دی تێگەیشتوون هەر کەس لاساری لەگەڵ پارتی بکات، گاڵتەی نیە و بە زەبر رێگەی چونە ناو هەموو ئەو شوێنانەی لی ئەگرێت کە لەژیر دەستیدایە.

سەرۆکی پارتی لە وتارەکەی بەعشیقەدا بە ڕاشکاوی پرسی ئەرێ لە خۆتان بپرسن دۆخی ئێستاتان باشترە یان پێشووتان؟ . لە راستیدا هەر ئەم پرسیارە کۆی تێگەیشتنی پارتی بۆ رێکەوتنی سیاسی ئاشکرا ئەکات. پارتی لە وتوێژی سیاسیدا ستراتیژێک پەیرەو ئەکات کە ئامادە نیە وازی لێ بێنێت. ئەم ستراتیژەش بریتیە لە ئامادەیی بۆ بەخشینی بەشداری کردن لە ئیدارەدا، بەمەرجی وەرگرتنی سیاسەت. پارتی ئیدارە ئەبەخشێ، بەڵام لەبەرامبەردا سیاسەتی لێت ئەوێت. ئامادەیە لە ئیدارەدا پۆستی گەورە و بچوک ببەخشێ، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا ئەبێت تۆ واز لە خەونە سیاسیەکانت بێنێت و ئەو سیاسەت و چوارچێوە گشتیەت قەبوڵ بێت کە پارتی پێشنیاری کردووە. پارتی دانوستان ئەکات، لەگەڵ هەموان کۆ ئەبێتەوە، نەرمیەکیش بۆ ئەم پۆست و ئەو پۆست ئەنوێنێت، بەڵام بەو مەرجەی ئەوەت قەبوڵ بێت کە سیاسەت و بڕیارەکانی، پێشنیارە سیاسیەکان بۆ رێکخستنی وڵات بەدەست ئەوەوە بێت. هەر لەبەرئەمەشە لای پارتیەکان رێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و پارتی نمونەی ئەو رێکەوتنە سیاسیەیە کە بەردەوام بەدوایدا ئەگەڕێن.

رێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و پارتی رێک ئەو رێکەوتنەیە کە پارتی بۆ هەموو دانوستانێک لەگەڵ خۆیدا ئەیگێڕێت و بەدوای دوبارەکردنەوەی لەگەل هەر هێزێکدا ئەگەڕێت کە دانوستانی لەگەڵ ئەکات. ئەم رێکەوتنە بریتی بوو لە وازهێنانی یەکێتی لە دەورە سیاسیەکەی خۆی لەبەرامبەر وەرگرتنی هەندێک پۆستی ئیداریدا کە بە روکەش گەورە و گرنگن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هیچ مانایەکی سیاسیان نیە. بە هۆی ئەو رێکەوتنەوە پارتی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی تێپەڕاند کە تا ئەم ساتەوەختەش یەکێکە لەو یاسایانەی قەیرانی سیاسی ئەمڕۆی لە کوردستاندا دروستکردووە، دەنگدانی دەستوری تێپەراند کە ئەویش بۆتە خاڵێکی سەرەکی ناکۆکی نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردستان، لە هەموو ئەمانەش دیارتر نەریتی درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی هەرێمی لە رێگەی پەرلەمانەوە تێپەراند کە هەنوکە لای پارتی بووە بە نەریتێک کە پەرلەمان یان ئەبێت بەردەوام ئەنجامی بداتەوە، یان بە زۆر دائەخرێت.

رێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی لە هێزیکی سیاسی کاریگەرەوە گۆڕی بۆ هێزێکی پاشکۆی پارتی کە ئەگەرچی لە ئیدارەی هەرێمدا هێندەی پارتی پشکی هەبووە، بەڵام لە رووی سیاسیەوە بڕیاردەری یەکەم و دوایی پارتی بووە. رێکەوتنەکە ئەگەرچی گیرفانی هەندێک لە کادرە بالاکانی یەکێتی قەڵەو گەورە کرد، ئەگەرچی تەماعی ئیداری هەندێکی بەجۆریک تێر کرد کە تا هەنوکەش خەون بە گەڕانەوەی ئەبینن، بەڵام لە رووی سیاسیەوە یەکیتی وەک هێزێکی سیاسی کە بەرنامەی سیاسی دیاریکراوی هەیە بە تەواوی لاوازکرد. هەر پۆستێکی ئیداری کە یەکێتی بەدەستی هێناوە، لەبەرامبەردا پاشەکشیەکی سیاسی هەبووە کە هەیبەتی سیاسی یەکیتی وەک هێزێکی کاریگەر و بڕیاردەر لە چارەنوسی کوردستاندا لاواز کردووە. تەماعی ئیداری بەشێکی زۆر لە سەرانی یەکێتی، دەوری سیاسی یەکێتی کردووە بە پاشکۆیەکی بەردەوامی ئەو ویستە سیاسیانەی پارتی خەونی پێوە بینیوە. بێهودە نیە لەم دۆخە سیاسیە هەنوکەیی ئێستاداکە کەس ئامادە نیە مۆری شەرعیەتی سەرۆکی هەرێم تازە بکاتەوە، هەندێک لە سەرانی ئەم هێزە وەک تاکە هەڵبژاردنیکی عەقڵانیانە ئەیخەنە ڕوو.

لە دۆخێکی وادا بوو بزوتنەوەی گۆڕان سەریهەڵدا. هەستئەکەم دروستبوونی گۆڕان بەرهەمی راستەوخۆی رێکەوتنی ستراتیژی یەکیتی و پارتیە کە کردنی بە دوو هێزی تەواو لێکچوو کە بەیەک دەنگ و ئاواز ئەخوێنن. گۆڕان بەرهەمی پاشەکشێی یەکیتیە لەو دەورە سیاسیەی کە ئەبوو بیبینێت و بەهۆی تەماعی ئیداری و دەسەڵاتی هەندێک لە سەرانیەوە لە دەستیدا.

کێشەی سەرەکی لەوەدایە تا پارتی بەم عەقڵیەتەوە دانوستان بکات و هەوڵبدات لەڕیی تەماعی ئیداریەوە ئەم هێز یان ئەو هێز رازی بکات مل بۆ سیاسەتەکانی پارتی بدەن، کێشەی هەرێمی کوردستان چارەسەر نابێت و قەیران و دوڕدونگی سیاسی بەردەوام ئەبێت و هەرجارەو بەشێوەی جیاواز خۆی دەرئەخاتەوە. رەنگە پارتی ئەمجارە و جاری تریش هێزی وا بدۆزێتەوە ( ئەمرۆ دەنگۆی ئەوە بە گەرمی بڵاوە کە بەشێکی بەرچاوی یەکێتی ئامادەیە رێکەوتن لەگەڵ پارتیدا زیندوو بکاتەوە)، بەڵام ئەمە نەک چارەسەری هیچ کێشەیەکی راستەقینە ناکات، بەڵکو قەیران و ناکۆکیەکان قوڵتر ئەکاتەوە. چونکە کارێک کە پارتی ئەیکات دەستەمۆکردنی کۆمەڵگای کوردی نیە، بەڵکو دەستەمۆکردنی هەندێک کادری سیاسی گەورە و بچوکە کە تەماعی ئیداری و دەسەڵات، هیچ قورساییەکی سیاسی بۆ نەهێشتونەتەوە. ئەوەی پارتی تیایدا هەڵە ئەکات ئەوەیە راکێشانی تەماعی ئەم حیزب و ئەو حیزب بەمانای راکێشانی ئەو خەڵکە نیە کە بڕیارە ئەم هێز یان ئەو هێز نوێنەرایەتی بکەن، بەڵکو تەنیا بەمانای ئەوەیە ئەم هێز و ئەو هێزە لەبەڕچاوی خەڵک ئەکەون و ئەو قورساییان نامێنێت کە پێشتر هەیانبووە. لە راستیدا پێچەوانەکەی راستە. دەستەمۆکردنی هەر حیزبێک بە چەند تەماعێکی ئیداری بێ هیچ دەستکەوتیکی سیاسی گەورە، هەموو ئەو خەڵکە توڕە و بێزار ئەکات کە بریارە ئەو هێزانە نوێنەرایەتی بکەن. تا ئەم توڕەیی و ناڕازیبونەش هەبێت، هەرێمی کوردستان لە قەیران رزگاری نابێت و بەردەوام لەبەردەم تەنگژە و سەرهەڵدانی روداوێ ناخۆش و نەخوازراودا ئەبێت.

لەبەر هەموو ئەمانە هەستئەکەم رێگەی راستەقینە ئەوە نیە پارتی ئیدارە لەگەڵ ئەم یان ئەو هێزدا بەشبکات، تەماعی کادرانی گەورە یان بچوکی ئەم یان ئەو حیزب تێر بکات، بەڵکو ئەوەیە تەماع و چاوەروانی سیاسی زۆرینەی خەڵکی کوردستان جێبەجێبکات کە خۆی لە دامەزراندنی سیستەمێکی پەرلەمانی و حکومەتێکی چاودیریکراودا ئەبینێتەوە کە سەرۆکی هەرێمێکی هەیە کە پاش تەواوبوونی وادەی یاسایی خۆی جێگەیەکی چوڵ ئەکات بۆ کەسێکی تر. رێگەی راستەقینە لەگۆڕانی سیاسیدایە نەک لە بەخشینی پۆستە ئیداریەکان بە هەموو ئەو کادرە چاوچنۆکانەی کە ئامادەن لە پێناویدا واز لە هەموو شتێک بهێنن.

پارتی ئەگەرچی هێزێکی بەهێزە و هێزی سەربازی و ئابوری گەورەی کوردستانی لەبەردەستە، بەڵام هەرگیز نابێت ئەوەی لەبیر بچێت کە کەمینەیە لە هەرێمی کوردستاندا. هەر کەمینەیەکیش بە زۆر خۆی بەسەر زۆرینەدا بسەپێنێت، داهاتوویەکی تاریک چاوەڕوانی ئەکات. قەیرانی سەرەکی کوردستانیش هەر لێرەوە دێت، کەمینەیەک هەیە کە لەبەرئەوەی چەک و پارە و هەندێک پەیوەندی دەرەکی بەهێزی هەیە، ئەیەوێت بە زۆر ویست و چاوەڕوانیەکانی خۆی بەسەر زۆرینەی خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێت. پارتی ئەتوانێت تەماعی ئەو کادرە سیاسیانە تێر بکات کە خەون بە دەسەڵاتێکی ئیداری و گیرفانیکی پڕ و دەسەڵاتێکی بێ چاودێریکراوەوە ئەبینن، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لە توڕەیی و بێزاری ئەو خەڵکە کەمبکاتەوە کە خەونی سیاسی ئەویان قەبوڵ نیە و بە زۆرداری ئەزانن. گەر پارتیش توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ زۆرینەی کوردستاندا نیە و ناتوانێت تەحەمولی بەشداری سیاسی هیچ هێزێک بکات و هەر ئەبێت خۆی بڕیاربەدەستی سەرەکی کوردستان بێت، ئەوا واباشترە نە خۆی و نە خەڵکیش ئازار بدات و بیرلە هەرێمێکی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆی بکاتەوە لە هەموو ئەو شوێنانەدا کە زۆرینەیە. هەستئەکەم تا ئەم عەقڵیەتە سیاسیەی پارتی گۆرانی بەسەردا نەیەت و رازی نەبێت مل بۆ ویست و ئیرادەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بدات، تاکە چارەسەرێک کە دور بێت لە شەڕ و ناکۆکی و دوڕدونگی، دروستبوی دوو هەرێمی جیاوازە، چونکە بەردەوامی ئەم هەرێمە بەم دۆخەوە کە کەمینەیەک بە زۆر حوکمرانی زۆرینە ئەکات، هیچ داهاتویەکی گەشی لێ چاوەڕی ناکرێت.

سەرچاوە- ئاوێنە


PM:09:15:08/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 4462 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی