وێنەی سفرەکە و چەند سەرنجێک
هەستیار غەمگین
بابەتی سفرەو خوانەکە بەحزبی کراوە، ڕەنگە زۆربەمان لەسەر سفرەی لەوە ڕازاوەتریش نانمان خواردبێت و وێنەشی بڵاوکرابێتەوە کاردانەوەی لێنەکەوتبێتەوە.
هیچ کاتیش چاوەڕوانی ئەوەنیم وەزیرێک یان پەرلەمانتارێکی هەشت ملیۆن دیناری وەک من بەناخۆشی و ناڕەحەتی بژی و بە پینەو پەڕۆو قەرزو قۆڵە بیگەیەنێتە سەری مانگ، هەفتەیەک حەوت رۆژە، هەشت رۆژی سەردانی سەناعە بکات بۆ چاککردنی سەیارە داشقەکەی.
هەرکەس لە ئێمە کاتێ خوا دەرووری خێری لێدەکاتەوە و پارەی زۆر دەبێت یەکسەر بەدوای خۆش ژیانیدا وێڵدەبێت، یەکەم شت سەیارەکەی ژێری دەگۆڕێت بە مۆدێلی بەرزتر، باخێک دەکڕێت و ڤێلای تیا درووست دەکات، منداڵەکەی دەنێرێتە مەکتەبی نموونەیی، ناچێتە خانووی کرێوە و خانوویەکی خۆش لە سیتیەکان دەکڕێت، ماڵەکەی دەکات بە شۆفاژ و لەکۆڵ نەوت و غاز کڕین دەبێتەوە.
هەرکەس لە ئێمە تامەزۆری ئەوەیەو هەوڵیشی بۆ دەدات خۆش بژی، ساڵی دووجار یان لانیکەم جارێک سەفەرێکی دەرەوەی وڵات بکات، شەوانە سەردانی قاعە بکات و هەوڵی مانەوەی تەندروستی جەستەی بدات.
هەر کەس لە ئێمە تامەزۆی ئەوەیە کاتی سامانێکی دێتە دەست بەشێکی بۆ ڕۆژی تەنگانە پاشەکەوت بکات و بەشەکەی تریشی بۆ خۆشگوزەرانی خۆی، هەرگیز ناچێت لە چێشتخانەیەک دانیشێت و سادەیەک بخوات یان فلافل، بەڵکو دەچێتە بۆفی کراوە و لە هەزار جۆر خواردن دەکاتە سکییەوە و تا ئێوارە مەعیدەی خەریکی جیاکردنەوەی فیتامین و پڕۆتین دەبێت.
ئەوەی جیاوازبوو لە بڵاوکردنەوەی وێنەی سفرەکە کاتەکەبوو، کە ئێستا خەڵک سەرمایەتی و نەوت و غازی نیە بیسووتێنێ، خەڵکێکیش هەیە ئاوا خۆش دەژی.
PM:06:54:12/02/2020
ئهم بابهته 4024
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی