شەڕ بەرۆكمان بەرنادا

‌سەردار قادر

لە هەر پارچەیەكی كوردستان بێت، لە هەر زەمەنێكدا بێت، ئەم وڵاتەی ئێمە هەمیشە شوێنگەی شەڕە، داوای مافی رەوامان بكەین چ دەوڵەت بێت یان ئۆتۆنۆمی هەر داوایەك بێت، وەڵام بۆ ئێمە شەڕە، جینۆ سایدكردنمانە.

لە زیهنی تاكی كورددا زاراوەكانی ئەنفال و كیمیایی و جینۆساید و رەو و شەڕ و تۆپباران و زۆری تر هەن، بەڵام رێكکەوتن و ئاوەدان كردنەوە كەمتر ئەبینرێ.

لەو كاتەوەی هەین ئێمە پڕۆسەی بەردەوامی لەناوبردنمان و دابەشكردن و داگیركاری بۆتە قەدەرمان.
كوردبون واتە لەناوبردن، واتە راكە وا دوژمن هات، شاخەكان فریامان كەون، ساڵی گرانی و ساڵی رەوەكە و هەمو ئەوانە زەمەن بە ئێمە ئەناسرێت.
زەمەن لای ئێمە هەمیشە ناسراوەتەوە بە كارەسات.

ئەوترێت سیاسەت بەرژەوەندییە، ئێمە هەرگیز نەبوینە بەرژەوەندیی بەردەوام نە خۆمان نە خاكمان نە سامانی سروشتی سەر زەوی و ژێر زەوییمان؟!
ئێمەی كورد شانازیمان هەمیشە بە قوربانیەكانمانەوەیە ؟؟؟

گێرانەوەكانمان بۆ نەوەكانی داهاتومان هەمیشە گێرانەوەی كارەسەتاكانە، قارەمانی چیرۆكەكانی ئێمە هەمیشە قوربانیی و سەرسەختی بینینە.

نەوەیەك بۆ نەوەیەك تەنیا ئازار و ماڵوێرانی بۆ جێ دێڵێ.
گەلی برادەران نەڵێن ئەمە روخانە ؟؟
نەڵێن ئەمە بێ ئومێدیە ؟؟؟
درێژترین لیستمان لیستی ناوی شەهیدەكانمانە !!!
یادەوەری شەڕ و داگیركاری شەوچەرەی ئێمە گەرم ئەكات

مە قسەدی كەلام بمانەوێت یان نا، پڕۆسەی لەناوبردن و جینۆسایدكردنمان بەردەوامە، شاخەكانمان دۆستی هەمیشەییمانە.
بەرگری و مقاوەمەت تاكە زامنمانە بۆ مانەوە.

مقاوەمەت بە هەر شێوازێك بێت، بە بەرگری ئەمێنین، بە سیاسەتی حەكیمانە بۆ بونە بەرژەوەندی بەردەوام.

چ گوتارێكمان پێویستە ؟؟
شەڕ چەند ماڵ وێرانیە، بەڵام تاكە رێگە بوە بۆ مانەوەمان، پێویستمان بە پڕۆسەیەكە بۆ پەروەدەیەكی درێژ خایەنی تاكی كورد و گێڕانەوە ی كەرامەت بۆ تاكی كوردی وشیار.

تاكی كورد پێویستی بە گوتارێكی مەدەنی هەیە، كە دەستەمۆی بەرژەوەندی خێڵ و كاریزمای سەركردە نەبێت . كە حیزب نەبێتە ئامانج، بەڵكو ئیتر تاكی كورد ببێتە ئامانج.

ئەمانە وەهم نیە ئەمە قەدەری ئێمەیە ، ئیتر كاتی ئەوە هاتوە كە تاكی كورد حاڵی خۆی باش بناسێت، كاتی ئەوە هاتوە حیزب و كاریزمای سەركردە و بنەماڵە كاڵ ببێتەوە ئیتر زەمەنی بەهادانە بە تاكی كورد.

زەمەنی مقاوەمەی گشتییە. زەمەنی گوتاری هاوبەشە بۆ هەڵوێستی هاوبەش.


PM:05:08:20/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 3024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی