دواکەوتنی موچە لە عێراقدا.

‌هۆشیار عەبدوڵا


حکومەتی فیدراڵی عێراق دوای دواکەوتنی بۆ ماوەی ۷ رۆژ دەستیکرد بە دابەشکردنی موچەی مانگی رابردو.پێشتر شایستەی خانەنشینان بە تەواوی و بێ دواکەوتن دابەشکراوە.

عێراق بە هۆی گەندەڵیی حوکمرانی دوای ۲٠٠٤ ەوە کێشەی ئابوری جدی و قوڵی هەیە.

لەحوکمڕانی عێراقی دوای بەعسدا، پارتی لە هەمو حزبێکی تری کوردی پۆستی زیاتر و هەستیارتری لە داودەزگای پڕ لە گەندەڵیی عێراق هەبوە تەنانەت لەسەر گەندەڵیی بە شێکیان ئیقالە کراون بەشێکیان دراونەتە نەزاهە.

پارتی کە باسی فەشەلی عێراق دەکا وەک ئەوەی بیری نەبێت لە ئەنجومەنی حوکمەوە تا ئێستا لەو بەغدایە شەری پۆست دەکا و خۆی بە فراوانی لەو عێراقە فاشیلە بەشداری فەشەل و بەشداری گەندەڵییە.

ئێمە دەمانەوێ خەڵکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا سودمەند بێ نەک زیانمەند، دروست وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا لە ۲٠٠٤ دا و لە چاوپێکەوتنێکی دەنگ و ڕەنگدا باس لە بەکارهێنانی قوڵایی ستراتیجی عێراق دەکا لەبەرژەوەندەی هەرێم.

پارتی دەیەوێ لە بەغدا خەریکی پۆست چنینەوە و پارە کۆکردنەوە بێ و لەو لاشەوە لە سەر حسابی خوێن و خاک و خەباتی خەڵکی کوردستان لە نێوان هەولێر و بەغدا خەریکی فشەی قەومی بێت.

جا سەیر ئەوەیە جار جار بۆ پاکانە لەبەردەم هێزە عێراقیەکان لە ئێستادا و پاش ۱٦ ساڵ دوای قسەکەی نەوشیروان مستەفا لە بەغدا هەمان رستە دوبارە دەکەنەوە و دەڵێن ( عێڕاق قوڵایی ستراتیژی ئێمەیە).لە هەولێریش وا رەواج بە فشەکانیان ئەدەن گوایە بەغدا دوژمنە.لە کاتێکا ئەو کاتەی سەدام و بەعس لە بەغدا حوکمڕان بون دۆستی پارتی بون نەک دوژمن خێرە ئێستا لای خەڵکی ساویلکە دەیکەنە دوژمن ؟!

عێراق لە دروستبونیەوە دەوڵەتێکی سەرکەوتو نەبوە تا دەگاتە ئەمڕۆ، وەلێ سود بینین لەو چوارچیوەیەی ناوی دەوڵەتی عێراقە لەبەرژەوەندی گەلانی دانیشتوی ئەو جوگرافیا دەسکردە سەپاوە کە بۆتە ئەمری واقیع شتێکە و بەکار هێنانیشی بۆ ئەوەی خێزانی سیاسیی خۆتی پێ بکەیتە ملیاردێری دۆلار و خاوەنی جۆرەها بەرژەوەندی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات شتێکی ترە.

ئێ چیی لەوە ئاسانترە بەشی سەد پشتی داهاتوت لە خێر و بێری ئەم وڵاتە سودمەند بوبی لەو لاشەوە لەسەر حسابی خەڵکی هەژار و بێ موچە بڵێی خۆ ناچەمێنین؟!ئاخر تۆ کێشەی کرێی خانوت هەیە؟ تۆ کێشەی شیری مناڵەکەت هەیە؟! تۆ کێشەی جل و بەرگی مناڵ و سوتەمەنیت هەیە؟! دە سەیرێکی دۆخی خەڵک بە گشتی بکە ئەوسا خەریکی ئەو موزایەدە بێتامانە بە.

تۆ کە بەداهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ و پارەی بەغداش ناتوانی موچەی تەواو بدەی چۆن هێندە ڕوت قایمە، بۆ ۷ رۆژ دواکەوتنی موچە لە عێراقدا لە میدیا نەوتیەکەتەوە دەیکەیتە هەرا و شایولۆغان کەچی بە حەرفێک باسی دواکەوتن و لێدزینی موچەی فەرمانبەرەکانی هەرێم نەکەیت؟!

بە مەرجێک لە ۲٠٠٤ ەوە یەکەمجارە دواکەوتنی دابەشکردنی موچە لە عێراقدا کراوەتە خەبەر و بەپەلەی لێكراوە، و لە هەرێمیش شەش ساڵە سەردێری هەرە گرنگی هەواڵ موچەیە.

کەس ناڵێ عێراق سەرکەتوە عێراق بێگومان فاشیلە، بەلام ئێوە لە عێراق لانیکەم لە دابینکردنی موچەدا زۆر فاشیلترن.

ئەوە پێستی روی ئێوە لە چی چەرمێکە ئیلاهیی؟!
هۆشیار عەبدوڵا


PM:03:16:07/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 2020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی