یاسای خانەنشینی چاکسازی لە هەوادا ...

‌هۆشیار عەبدوڵا

یەکێک لە گەندەڵی و فەزیحە هەرە گەورەکانی حوکمرانی هەرێمی کوردستان سندوقی خانەنشینیە کە پەنجا دیناری عێراقی تێدا نیە کەچی هاتون دەڵێن لە سیستمی خانەنشینیدا چاکسازی دەکەین.

مانگانە ئەو هەمو برینی خانەنشینیە لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەیە ناچێتە هیچ سندوقێکەوە دەچێتە هەواوە،لە عێراق سندوقی خانەنشینی هێندە پارەدارە ساڵی پار بۆ موازەنەی ۲٠۱۹ بری پێنج ملیار دۆلار لەو سندوقە قەرزکرا دوای ئەوەی قەرزی دەرەکیمان گۆری بە قەرزی ناوخۆ.

ئەو پارەیەی وەک خانەنشینی ئەدرا بە خانەنشینبوانی هەرێم بە سیستمی پێشو ئێجگار ناعادل و پڕ زوڵم بو ئەوەی ئێستاش لەوەی پێش خۆی کەمتر زاڵمانەیە واتا کەمێک باشترە وەگەر نا هێشتا زۆر خراپە،بۆچی؟

چونکە؛خانەنشینی موچە نیە وەک دەگوترێت بەڵکو پارەیەکە پێشتر خۆت لای حکومەت داتناوە و وەریدەگرێتەوە بەشداری و موساهەمەیەکە حکومەت بەشێک لە موچەکەت لا ئەدا لەو سەری تەمەن کاتێک تەقاعد ئەبی ئەبێ بیداتەوە،ئەوەش پاش هەمو ئەو سالانەی کە خزمەتی فعلیت کردوە و مانگانە بری تقاعدیت لێ گێردراوەتەوە.

باشە کەسێک سی ساڵ یا پانزە بۆ بیست ساڵ مانگانە پارەی تەقاعدی لێبڕدرا بێت،چۆن وەک کەسێکە کە تەنها چوار ساڵ پارەی تەقاعدی لێبردراوە؟کەسێک پانزە ساڵ یا زیاتر خزمەتی هەبێت و نیوەی ژیانی رۆژانەی بۆ خزمەتی گشتی تەرخانکردبێت چۆن وەک کەسێکە کە تەنها چوار ساڵ ئەو ئیشەی کردوە؟!

سندوقی خانەنشینی سندوقی بەشداری و موساهەمەیە واتا بە پارەی هەمو فەرمانبەران پارەدار ئەکرێت و ماڵکی هەمو فەرمانبەرانە مەسەلەی پاراستنی دادگەری تیایدا ئێجگار گرنگە،لە هەرێم سندوقەکە هیچ پارەی تێدا نیە و گەندەڵی و نەزانینی حوکمڕانی ناهێڵێ ئەو هەمو پارەیەی لە تەقاعدی دەگێردرێتەوە لە سندوقێکدا جێگە بگرێت.

لە لایەکی ترەوە ، بە چوار ساڵ خزمەت خانەنشین بون فەزیحەیەکی حوکمڕانیە پێم وایە لە هەمو دونیادا تەنها لە هەرێم هەیە،ئەگەر جێگەیەکی تر هەیە و من نەمبیستوە سوپاسی هەرکەسێک دەکەم پێم بڵێ.

پاشان تێکەڵکردنی موچەخۆر و خانەنشینبوان و نەبونی سندوقی خانەنشینی فەزیحەیەکی ترە تەنها لە هەرێم هەیە ، لە بەغداد کاتی موناقەشەی موازنە هەمو ساڵێک بە نوکتە باسی ئەوە دەکەن کە لە هەرێم سندوقی خانەنشینی نیە و هەموی بێسەروبەرانە ناو نراوە موچە خۆر.

قسە پوختەکە ئەوەیە؛پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم پاش ئەو هەمو هەرا و زەنایە و ئەو هەمو وەعد و بەڵینە یاسایەکیان بۆ خانەنشینی هێنایە دەرەوە تەنها کەمێک لەوەی پێش خۆی باشترە بەڵام  زۆر خراپترە لەوەی عێراق،قانونی تەقاعدی موەحدی عێراقیان وەک خۆی جێبەجێبکردایە زۆر زۆر لەوەی ئێستای هەرێم باشتر و دادگەرترە لە سودی خانەنشیناندا بو بەتایبەت پلەکانی خوارەوە کە لە(پێنج سەدهەزار)کەمتری تێدا نیە، پلە بالاکانیش بەوەی عێراق لەوەی هەرێم زۆر دادگەرترە و کەسێک پانزە ساڵ خزمەتی فعلی و سەروی چل و پێنج ساڵ تەمەنی نەبێت هەر پۆستێکی هەبوبێت ناتوانێ تقاعد بێت و بری تقاعدیەکەشی لەوەی هەرێم کەمترە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان،زوڵمێکی گەورە لە موچە خۆران و خانەنشینبوان دەکات زۆر بە زەقی،موچە لە عێراقدا زیاترە تا هەرێم،خانەنشینیش هەروا. کەچی رێگە نادات بکرێتە یەک سیستم و هەرکەس داوای هاوتاکردنی موچە و خانەنشینی هەرێم بکا لەگەل بەغداد پێی دەڵێن خائین و خۆفرۆش،بەندە لە ۲٠۱٤ ەوە چەندین جار ئەوەمان بە ئاشکرا گوتوە و داوامانکردوە.

لە عێراق هیچ هیزێکی چەکدار نیە موچەی پێنج سەد هەزار بێت وەک پێشمەرگە،بەڵکو دو هێندە زیاترە،لە سێکتەرەکانی تریش هەروەها جگە لە بونی جەندین جۆر سلفە و پیشینە،ئایا سیستمی موچە و خانەنشینی بکرێتە یەک لەگەڵ عێراق بۆچی خراپە؟!

حکومەتە حزبیەکەی هەرێم بە دیدێکی نشتیمانی ناڕوانی بۆ موچە و خانەنشینی بەڵکو بە دیدێکی حزبی دەستەلاتخوازانە دەروانێ بۆ ئەو پرسە و پێی وایە ئەگەر موچە و قوتی خەڵکی لەژێر دەستدا نەبێت ناتوانێ حوکمڕان بێت و هەمو فەلسەفەی حوکمرانیان لەوەدا کورتکردۆتەوە کە خۆیان موچە و خانەنشینی بدەن و ناشتوانن دادگەرانە و رێک و پێک لانیکەم وەک ئەو بەغدایەی کەوەک جەهەنەم وێنای دەکەن و پڕە لە توندوتیژی و جۆرەها دەمارگیری مەزهەبی و قەومی و ئایدۆلۆژی رێکیبخەن.

کاتێک داوای یەکخستنی موچەمانکرد لەگەڵ عێراق لە خولی رابردودا گەیشتە ئەوەی بەوە تۆمەتبارمان بکەن دژی کیانی هەرێمین لە کاتێکدا هەرێم وەک بەشێک لە عێراق زۆر ئاساییە یەک سیستمی موچەی چونیەکی هەبێت بەوەش ئەگەر هەرێم و خەلکەکەی بەهێز نەبن لاواز نابن،رەنگە یەکخستنی موچە پێگەی حزبەکانیان لاواز بکا بەڵام هەرێم لاواز ناکا.

دەسەڵاتدارانی هەرێم بە موچە و خانەنشینیەوە لە  تاڵانیەوە دەیکەن تا دەگاتە سزا و نانبڕین و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت جگە لە لێدان لە دادگەری کۆمەڵایەتی،ئێستا بێ یا چەندین ساڵی تر مادام زیاتر لە بەرژەوەندەی موچەخۆر و خانەنشینانی هەرێمە چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ عێراق یەکبخرێ.


AM:11:34:17/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 2740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی