پارێزبەندی پەرلەمانی

‌لوقمان مصطفی صاڵح

هەرچەندە مەسەلەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لە ئێستادا بووەتە رۆژەڤ و  هەندێك كەس بە پێشهاتێكی ترسناكی دادەنێن بۆ سەر مەسەلەی دیموكراسی و رای جیاواز لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە واقعدا ئەو كارە حاڵەتێكی ئاسایی‌ و یاسایی كاری پەرلەمانییە‌، بەو مەرجەی  رەهەندی سیاسی لە پشتەوە نەبێت و یاسا لەسەر هەموان‌ وەك یەك و بێ جیاوازی جێبەجێبكرێ. 

هەڵبەتە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامانی دەسەڵاتی یاسادانان كە ئەركی چاودێریكردنیان لە ئەستۆدایە، بە بۆچوونی هەندێك لە چاودێران بەرەنجامێكی خراپی دەبێت، بەو پێیەی لە هەندێك كاتدا هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە پەیوەندی بە كەیسەكانی گەندەڵی و كەیسەكانی تاوانەوە نییە و دەچێتە خانەی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە سیاسی و تایبەتییەكانەوە.نمونەی سكاڵاكەی سەرۆكی ئەنجومونی وەزیران لە دژی  (سۆران عومەر) پەرلەمانتار لەسەر لیستی كۆمەڵی ئیسلامی.

بەپێی یاسا لابردنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران مانای كۆتاهاتنی ئەندامیەتیان نییە وەك لە خولی پێشوو لە بەرانبەر سەلیم جبووری هاتە ئەنجامدان و دوای دەركەوتنی بێتاوانی گەڕایەوە ناو پەرلەمان، بەڵكو یەكەم هەنگاوە بۆ دادگاییكردنی كە بەهۆی ئەو پارێزبەندییەی ئێستەیان لە پەرلەمان ناتوانرێت لە رووی یاساییەوە داگایی بكرێن. ئەوەش یەكەم بڕیاری لەو جۆرەیە لە خولی چوارەمی یاسادانانی عێراق.

تارق حەرب شارەزای یاسایی و دەستووری عێراق دان بە یاسایی لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران لەكاتی پشووی یاسادانان دەنێت ئەگەر لەسەر داوای دادگا بێت و داواكە لە كاتی پشوودا پێشكەش كرابێت، بۆیە مادەی 63 لە دەستووری عێراق رێگە بە سەرۆكی پەرلەمان دەدات بۆ لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتار بێ گەڕانەوە بۆ دەنگدانی ناو پەرلەمان بەو مەرجەی داوای دادگا و لابردنەكە لە ماوەی پشووی یاسادانان بووبێت. 

پارێزبەندی پەرلەمانی/ ((حەسانەی پەرلەمانی، بریتییە لە شێوازێك لە پاراستنی یاسایی كە دەستور دەیبەخشێت بە نوێنەرانی میللەت لە پەرلەمان، وەك جۆرێك لە حیمایەی سیاسی و یاسایی، تا ئەو نوێنەرانە بتوانن ئەركە دەستورییەكانیان- وەك دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن- بە باشی بەرێوەبەرن)). هەر وەك چۆن حەصانە بە دەقی دەستوری و حوكمی یاسا ڕێكخراوە، وەك لە خاڵی دووەم لە ماددەی 63 لە دەستوری كۆماری عێڕاق ساڵی 2005 هاتوە و لە ماددەی 20 لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێكخراوە. هەروەها لە ماددەی 39و40 لە یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و ماددەی 24 بە هەر هەشت بڕگەكەیەوە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان –عێراق ساڵی 2018 ڕێكخراوە .

كەواتە.. لێسەندنەوەی پارێزبەندی پەرلەمانتار،لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی مافێكی یاسایی و دەستوریە، بەڵام لە ئێستادا  وورووژاندنی ئەو پرسە بۆ دوو مەبەستە: یەكلاكردنەوەی ململانێی  هێزە سیاسییەكانە، واتە رەهەندی سیاسی لە پشتەوەیە، هەروەها بۆ چاوترساندنی خودی پەرلەمانتارە كە نەتوانێت جارێكیتر لە هێڵی سوور نزیك بێتەوە.


PM:04:42:06/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 2272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی