ھیچ مرۆڤێک حەوسەڵەی وەک حەوسەڵەی بارزانی گەورە و فراوان نەبووە

‌نیاز حاجی


رەحمان غەریب ، بەرپرسی سەنتەری میترۆ لەنوسینێکیدا ھەندێک وشەی ریزکردوە و یاری بەوشەکان کردووە ، نوسینەکەی بریتیە لە(کلمە حق یراد بھا الباطل).
لەھەموو نوسینەکەیدا دەیەوێت ئەوە پیشانبدات کە بارزانی حەوسەڵەی بچوکە و نەفەسی کورت و خاوەن موبادەرە نیە و بەرگەی شکست ناگرێت ....ھتد !
پێویستە رحمن غەریب و ھەموو ئەوانەی وابیردەکەنەوە و دەنوسن ، جا بەمەبەست بێت یان بەبێ مەبەست ، ئەوە بزانن کە ھیچ کات بارزانی سیاسەتی لەسەر بنەمای کار و کاردانەوە نەکردووە ، ئەو حەوسەڵە فراوان و نەفەس درێژی و ئەو مبادەرەیەی کە لەلای بارزانی ھەیە ، نەک لای ھیچ سەرکردەیەکی تر ، بەڵکو لەھیچ مروڤێکدا بوونی نیە .

پێویست ناکات بۆ مێژووی دوور بگەڕێینەوە ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوی نزیک ، روداوگەلێکی وا زۆر ھەن دەتوانین دەیان و سەدان نمونەی تێدا بھێنینەوە کەئەو راستیەی سەرەوە دەسەلمێنێت .

لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ەوە گێچەڵ نەما بەبارزانی نەکرێت ، ھەرچی کوسپ و تەگەرەیە ھێنرایە پێشی، ماکینەیەکی زەبەلاحی میدیایی و مرۆیی لەدژی بەگەڕ خرا و تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە ، ئەمە ھەمووی تەنھا بۆ ئەوەیە تاکو بارزانی لە ستراتیژ و ئامانجە پیرۆزەکە دوور بخەنەوە ، کەچی وەڵامی بارزانی ئەوە بوو ، فەرموون با بگەڕینەوە بۆ رای گەل و سەندوقەکانی دەنگدان !
ئامانجی بارزانی تەنھا و تەنھا گەیشتن بەسەربەخۆیی و سەرفرازبوونی تاکی کوردە ، بەڵام ھەموو ئامانج و ستراتیژی ئەوانی تر بریتی بوو لە دژایەتی کردنی بارزانی !
چی نەما ئەوان پەنای بۆ نەبەن ؟
پێشنیاری موچەبڕین و بودجە بڕین بۆ مالیکی کرا ....
پێشنیاری ئەوە بۆ مالیکی کرا تا دەبابە بێنێتە سەر کوردستان ....
ویستیان کوردستانیش بەدەردی سوریا و لیبیا و یەمەن ببرێ...

دواتر ، داعشیان ھێنایە سەر کوردستان ، لەگەرمەی ھێرشەکانی داعش ، ئەوان پێشمەرگەیان بە میلیشیا ناوبرد و ھەوڵیان دەدا چەک و تفاقی لێ ببڕن ، لە ناوخۆشدا ھەوڵی ئاژاوە و پشێویان دەدا و دەیانویست پێشمەرگە سەنگەرەکان چۆڵبکات....
بەڵام بارزانی بە ئیرادەیەکی بەھێز و بە حەوسەڵەیەکی فراوانەوە سەرکردایەتی شەڕی دژ بە داعشی کرد و تێیدا سەرکەوت ، ئا لەوکاتەدا ئەوان خەریکی پیلانگێڕی ٢٣ی حوزەیران بوون .

ھاوکات لەگەڵ ئەو سەرکەوتنە مەزنە ، بارزانی دەرفەتەکەی قۆستەوە و میللەتی ئاراستەی سەر سەندوقەکانی دەنگدان کرد و شاکاری ریفڕاندۆمی ئەنجامدا ، ئەوانیش خەریکی پیلانگێڕی و دەستێکەڵکردن بوون لەگەڵ حەشدی شەعبی ، گەورەترین خیانەتی میژوویان لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەنجامدا و خاکی کوردستانیان ھەڕاجکرد !

کوردستان روبەڕوی گەورەترین ئابڵوقە و ھێرشی سەربازی و گەلەکۆمە ببوەوە ، ئەوانیش خەریکی پێکھێنانی حکومەتی ئینقاز بوون و بە بەغدایان دەگوت مەرج و ئابڵوقەکانت لەسەر کوردستان قورستر بکە و پارە مەنێرە تا ئیدارەی ھەرێم ھەرس دەھێنێت .
دیسانەوە بارزانی بە ئێرادەیەکی بەھێز و حەوسەڵەیەکی فراوانەوە سەرکەوت و ئەوان شکستیان ھێنا .
دوای ئەو ھەموو گوشار و ھێرش و ئابڵوقەیە ، بارزانی ریفڕاندۆمی ھەڵنەوەشاندەوە ، سێ سەرکەوتنی گەورەشی تومارکرد کە ئەوانیش بریتی بوون لە شکاندنی ئابڵوقەکان و بردنەوەی دوو ھەڵبژاردنی گەورە .

دوای ئەو ھەموو خیانەت و نامەردیانەی ئەوان ، ھێشتا بارزانی بەکار و کردەوەی ئەوان لەگەڵیان نەجولایەوە و داوای یەکریزی لێکردن و دەستی باوکانەی بەسەردا ھێنان ، داوای کرد لاپەرەیەکی نوێ بکرێتەوە تا لەبەغدا بتوانین زۆرترین دەستکەوت بۆ کورد بگەڕێنینەوە ، بەڵام دیسانەوە ئەوان خیانەتیان کردەوە و یەکریزیان تێکدا !

ھەرچەندە بارزانی دەیزانی ئەوان دیسان خیانەت دەکەنەوە ، ئەو پەیامەشی کە لەرۆژی دانانی سەرۆک کۆمار ئاراستەی کرد ، ھەرگیز بۆ لایەنە بەناو کوردیەکانی نەبووە، بەڵکو بۆ لایەنە عەرەبی ھەرێمیەکانی بوو ، ئەوانەی رەخنە لەو پەیامە دەگرن جارێ زۆریان ماوە لەوە تێبگەن کە بارزانی مەبەستی چی بووە لەو پەیامە و بۆ کێی بووە !

چۆن لە ١٦ ئۆکتۆبەردا بەھۆی خیانەتەوە کەرکوک لەژێر دەستی کورد دەرھێنرا ، لە ٢ی ئۆکتۆبەریش بەھەمانشێوە پۆستی سەرۆک کۆمار لەژیر دەستی کورد دەرھێنرا ، ئەوە بارزانیە لەو پیلانگێڕیە گەیشت و و ھەستی پێکرد ، ھەر ئەوەش ھۆکاری دەرکردنی ئەو پەیامە بوو ، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە تێی نەگەیشتن و ھەرزەکارانە مامەڵەی لەگەڵ کرا ، ئەوە شکستی بارزانی نەبوو بەڵکو شکستی کورد بوو ، پێشتر ئەو پۆستە خەوێنرابوو ، بەڵام ئەمجارە لەدەستی کورد دەرھێنرا!

بارزانی ئیلھام لە ئامانجێکی پیرۆز وەردەگرێت ، ئەو ئامانجە پیرۆزە، ستراتیژ و شادەماری تێڕوانین و دونیابینی بارزانی پێکھێناوە کە ئەویش بریتیە لە سەرەوەری و سەربەخۆیی کوردستان .
ھەر ئەو ئامانجە پیرۆزەشە ئەو حەوسەڵە فراوانە و ئەو پشودرێژیەی بەبارزانی بەخشیوە کە گەورەتر لە چوارچێوەی حزبەکەی ھەڵسوکەوت بکات و ھەردەم بەخشندە بێ ، بەڵام پێدەچی دیسانەوە ماکینە زەبەلاحە ئیعلامیەکەی لەدژ بەگەڕ خرابێتەوە بۆ چەواشەکردنی ئەو راستیانەی سەرەوە !

نیاز حاجی



AM:11:45:09/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 7034 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی