دامەزراندنی دەرچوانی ماستەر و دكتۆرا چی بەسەر هات؟

‌چراخان ئاسۆ


گەیشتن بە خوێندن لە ئاستی ماستەر و دكتۆرا ئەوەندە ئاسان نییە، پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون و كۆششی زۆرە، بەڵام ئەو كاتەی‌ ئەو هەموو ماندوو دەبیت و بەری ڕەنجت نابینیتەوە، مرۆڤ پەشیمان دەبێتەوە لەوەی‌ تەمەن و پارە خۆی لە خوێندندا سەرف كردوە.

پار ساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك هەوڵێك بۆ خستنە سەركاری ئەو كەسانەی‌ كە خوێندنی ماستەر و دكتۆرایان تەواو كردوە لە بوارە جیاجیاكان هەواڵی ئەوەیان بە دەرچواندا، ئەگەر تەواوی پێویستیەكانی بوون بە مامۆستایان ئامادە كردووە دەتوانن سیڤی بنێرن و لە زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان بۆ ئەمساڵی خوێندن بەگوێرەی‌ بڕوانامەكانیان دەخرێنە سەر كار.

بەڵام نەك هەر نەخراینە سەر كار، بەڵكو ئەو بڕیاره‌ تەنها لینكی هەواڵێكی سایتە كوردیەكان بوو و هیچی تر، ئەوە نزیكەی‌ یەك ساڵ بەسەر ئەو بڕیارەدا تێپەڕی و كەس نەبوو بەهۆی ئەو بڕیارەوە بخرێتە سەر كار.

لێردا دەپرسم ئەگەر دەرچوانی ماستەر و دكتۆرا ئەوەندە بێ‌ بایەخ بووە، بەتایبەت ئەو كەسانەی‌ كە لە هیچ كەرتێكی گشتی و تایبەت دانەمەزراون، ئەوە باشتر وایە خوێندنی باڵای ماستەر و دكتۆرا تەنها ڕێگە بە  فەرمانبەر و مامۆستا و كەسە دامەزراوەكانی ناو  كەرتی گشتی بدات و جگە لەوان كورسی تایبەت لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێم نەدرێت بە كەسانی دانەمەزراو بۆ ئەوەی‌ كات و پارەیان بە فیڕۆ نەچێت.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەگەر ناسیاوێك یان كەسێكی دەستڕۆشتوت هەبێت و پشتگیریت بكات، ئەوە ئەگەر خاوەنی بڕوانامەی‌ ماستەریش نەبیت كێشەت بۆ دروست ناكەن، بەڵام ئەگەر واستەت نەبێت و بڕوانامە و خولی ڕێگاكانی وانە وتنەوە و خولی تایبەت بە زمانی ئینگلیزشت هەبێت،  ئەوە نە لە زانكۆ و نە پەیمانگا و نە خوێندنگە و نە باخچەی‌ ساوایانی تایبەت و حكومیەكانیش وەرناگیرێت، دەبێت چارەنوسی دەرچوانی ماستەر و دكتۆرا بە دنیایەك بڕوانامەوە بە كوێ بگات؟؟

هه‌موو ده‌رچوه‌ دانه‌مه‌زراوه‌كانی ماسته‌ر و دكتۆرا له‌ چاوه‌ڕوانی وه‌زیری نوێی خوێندنی باڵاداین بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ها بۆ بڕوانامه‌كانمان و  ئومێدێك بۆ هیواكانمان بگه‌ڕێنێته‌وه‌.


PM:09:44:21/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 4976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی