ئەزانن تەماتە بۆ وا گران بووە؟
چراخان ئاسۆ
لەم هەرێمە كەسانی ئاسایی ڕۆژێك نییە بە هەواڵی خۆش خەبەری ببێتەوە یان مێشكی بە بابەتێكی بێماناوە سەرقاڵ نەكرابێت، وەک گران بوونی نرخی خۆراك،بەنزین و گۆشت، هەروەک چەند ڕۆژێك دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن نرخی یەکێک لە سەوزە سەرەکییەکان کە ئەویش تەماتەیە گران بوو...
باشە خێرە ئەم هەموو دەرچووەی كشتوكاڵ لە ماڵەوەن و تەماتە لە كڕین نایەت؟ یان ئەبێت ئێمە بخەوین و خواردن و سەوزە پڕ لە دەرمان و خراپەكانی وڵاتانی داروسێ بكەینە گەدەمانەوە..
هەر ڕۆژێك ئێران و تورکیا سنور دابخەن ئیتر نان قات و قڕی تێ ئەكەوێت و ناكڕدرێت، ئاو ئەگیرێتەوە و هەڕەشەی خنكاندنمان لێ ئەكرێت، ئەمە تاكەی؟ ساڵانە ژمارەیەكی زۆر دەرچووی كۆلێج و پەیمانگا و ئامادەی كشتوكاڵ ئاهەنگی دەرچونیان بۆ ئەكرێت بۆ ئەوەی ئیتر بچن لە ماڵەوە بخەون، چونكە دوای دەرچونت لە بەشە كشتوکاڵییەکان ئیتر ئەبێت بە گاڵتەچی خەڵك و هەموان پێت ئەڵێن "ئینجا توخوا ئەوە شوێنە تا لێی بخوێنیت" و بۆ هەر كوێ بچیت بڵێی بەشی كشتوكاڵیم تەواو كردوە كارت نایەنێ و بەجۆرێك تەماشات دەكەن وەك ئەوەی لە تەمەڵ خانە دەرچوبێتی.
پسپۆڕانی كشتوكاڵ لەم كوردستانە دەڵێن" ئەگەر یەك بەرمیل ئاو بەشێوازێكی زانستی بۆ كشتوكاڵكردن لە دەشتی شارەزوور بەكاربهێنرێت ئەوە ئەو بەرهەمەی دەست دەكەوێت نرخ و بەهاكەی ئەوەندەی سێ بەرمیل نەوت دەبێت و ئەگەر تەنها لە دەشتی شارەزوور كشتوكاڵ بكرێت ئەوە دەتوانرێت نەك تەنها بەشی كوردستان بەشی تەواوی عێراق بەرهەمی هەبێت و لەگەڵ ئەوانەشدا گونجاوترین شوێنە بۆ ڕواندنی بەرهەمی ڕوەكی نوێ".
من دەپرسم: ئەرێ كەسێك نییە ئەم بابەتە لە حكومەت بگەیەنێت؟ یان ئیتر خۆیان نایانەوێت تێ بگەن و مەبەستیان نییە؟ ئەگەر دەرچوانی بەشە كشتوكاڵیەكان هەر زۆر و بۆر دەبن و دوای ئاهەنگی دەرچونیان دەچنەوە ماڵەوە بەڕاستی چیتر كۆلێج و بەشە كشتوكاڵیەكان زیاددەن و ئیتر داهاتووی خەڵك مەسوتێنن.
چراخان ئاسۆ- ماستەر لە زانستی كشتوكاڵ
PM:07:57:08/10/2018
ئهم بابهته 10002
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی