خیانەت یان ئەمنی قەومی؟

‌بەڵێن عزەت میکە

خیانەتکردن وەکو چەمکێکی باوی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە هەرێمی کوردستان بڵاوترین بەکارهێنراوە، لە هەر شوێنێکدا و بۆ هەر هەڵوێستێک و بە هەر مەبەستێک بەکاردەهێنرێت بۆئەوەی هەڵوێستی لایەن یان کەس و دەزگایەکی پێ پێناسە بکرێت، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە هێشتا کۆمەڵگەیەکی سەرەتایین و نەگەیشتووینەتە ئاستێک کە بتوانین پێناسەی سەردەمییانە بۆ کۆی ئەو شتانە بکەین کە ڕوودەدەن، ئەوەی گرنگە باس بکرێت پرسی خیانەتی سیاسییە، کە زۆرترین جار بەکاردەهێنرێت و مەبەست لەبەکارهێنانی ئەویە کە ئەو کەسەی گوایا خیانەتی کردووە، دژی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی هەڵوێستی وەرگرتووە.

بەکارهێنانی ئەو چەمکە بۆ ئەو مەبەستە، ڕاست نییە، چەمکی خیانەت زادەی ململانێ خێڵەکییەکانە و بە درێژایی مێژووی ئێمەدا شۆڕ بووەتەوە و بە ئێستا گەیشتووە، پێویستە کۆتایی بەو بابەتە بهێنرێت و چیتر چەمکی خیانەت بۆ پرسە سیاسییەکان بەکارنەهێنرێت، بەڵام بۆئەوەی کۆتایی بە بەکارهێنانی ئەو چەمکە بهێنرێت دەبێت پێناسە بۆ چەمکێکی تر بکەین، کە بەڕای من ئەمە کارە گرنگەکەیەم بەڵام سەختیشە.

ئەمنی قەومی ئێمە چییە؟ وەکو کوردێک کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین چی زیان بە ئەمنی قەومیمان دەگەنێت و چی سودی پێ دەگەیەنێت؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کەس نازانێت، تەنانەت سیاسییە باڵادەستەکانیش نازانن بە دروستی کامەیە ئەمنی قەومی ئێمە، چونکە نە کاری بۆ کراوە نە پێناسەکراوە نە ڕوونکراوەتەوە.

 پەرلەمانتارێکی کورد داوا دەکات لە عێراقەوە چاودێری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت بۆئەوەی شەفاف بێت، تەنها لەبەر ئەمە بە خیانەتکار ناودەبرێت و دەبێتە باسی گەرمی ڕۆژ، بەڵام هەمان ئەوانەی پەرلەمانتارەکە بە خیانەتکار دەزانن خۆیان دەچن و لەگەڵ عێراقییەکاندا دادەنیشن و بەرژەوەندییەکانیان دابەش دەکەن و دەیکەن بە دەستکەوت لەبەر چاوی خەڵک، ڕادەستکردنەوەی کەسێک لەلایەن حزبێکەوە بە ئێران دەبێتە گەورەترین خیانەت، بەڵام ئەوانەی ئەو حزبە بە خیانەتکار دەزانن خۆیان هەمان کار دەکەن و دەیکەنە سەروەری و دەستکەوت، تۆ ئەگەر دەنگ بە کاندیدەکەی ئەوان نەدەی بۆئەوەی ببێتە وەزیر خیانەتکاری، بەڵام ئەوان نیوەی خاکەکەت دەفرۆشن و دەڵێن زۆر باشمانکردووە، لەم هەموو ململانێیەدا کەسێک نیە بێت و بڵێ کامە خیانەتی ڕاستەقینەیە و کامە دەستکەوتە.

ئێستا کاتی ئەوەیە، دەبێت ئەمنیی قەومی کورد لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکرێت، هەموو ئەو ڕووداوانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە پێناسە بکرێنەوە، کامە زیانگەیاندن بووە بە ئەمنی قەومی و کامە بە پێچەوانەوە، دەبێت دەستنیشان بکرێت لە داهاتوودا کام هەنگاوانە دەکەونە بەرژەوەندی کورد و کام هەنگاوانە دەبنە مەترسی بۆسەر ئەمنی قەومی، جێهێشتنی خاک و ڕادەستکردنەوەی دیل و هێنانی سوپای داگیرکەر و وەرگرتنی پۆست لە عێراق و تەنانەت بە عەرەبیی قسەکردن و بڕوابوون بە یەکپارچەیی عێراق و هەڵوێستمان بەرامبەر پارچەکانی تر و هەزاران شتی لەو بابەتە، ئایا زیان یان سود دەگەیەنن بە ئەمنی قەومیمان؟

کاتێ وەڵامی ئەم پرسیارە بوو بە بابەتی سەرەکی دەیان دیبەیت و کۆنفرانس و ئەنجامەکان بوون بە دامەزراندنی دەزگایەک بۆ پاراستی ئەمنی قەومی، ئەوکات کەس ناتوانێت بەویتر بڵێت خیانەتکار لەبەر کارێک کە خۆشی کردوویەتی و بە دەستکەوت بۆ خۆی سەیری دەکات.

ئەمە دەبێتە هەنگاوێک کە کەیسەی کورد لەناوخۆ و دەرەوە دەکاتە کەیسێکی ڕاقی و عەقڵانی، ململانێکارەکان لەبری ئەوەی کە یەکدی بە خیانەت تۆمەتبار بکەن هەوڵ دەدەن بڕگەیەک لەو پڕۆتۆکۆڵە جێبەجێ بکەن کە ئەمنی قەومی ئێمەی تێدا نوسراوەتەوە، ئاوا ئیتر هێدی هێدی سیاسەت دەکەوێتە سەر ڕێگە ڕاستەکەی خۆی و پۆپۆلیستەکانیش بێدەنگ دەبن.

ئەمە کارێک نییە بە ڕۆژێک و مانگێک و ساڵێک بکرێت، دەبێت دەزگای تایبەتی بۆ دامەزرێت و خەڵکانی تایبەتمەند، بە توێژینەوە و لێکۆڵێنەوە و ئەرگۆمێنتی زانستی، ئەمنی قەومی بخەنە ناو خەیاڵدانی سیاسییەکانەوە، بۆئەوەی چیتر لەو هەموو تەخوینکردن و خۆبەپاڵەوانکردنە ڕزگارمان بێت و پێوەرێکمان بەدەستەوەبێت و هەڵوێستە سیاسییەکانی پێ بپێوین.


PM:03:11:08/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 2816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی