پارتی و یەکێتی چیان لە کابینەی نۆیەم دەوێت؟

‌بەڵێن عزەت میکە

وا دوو مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕبێت، تا ئێستا قسەیەکی جدیی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێوە نەکراوە، ئەوەی هەیە تەنها سەردانێکە کە بە "کۆبونەوەی ڕاوێژکاریی" ناودەبرێت، پارتی لە ناوخۆیدا یەکلایی نەبوەتەوە و قەلەقی هەیە لە بڕیارداندا، یەکێتی دەیەوێت پۆستێک وەرگرێت کە شایستەی کوڕە بچوکەکەی تاڵەبانی بێت، گۆڕان بڕیاریداوە بەشداربێت و ناتوانێت بە دەنگی بەرز ئەو بڕیارە بە لایەنگرانی ڕابگەیەنێت، لایەنەکانی تریش هێشتا داوای دەرخستنی بۆچوونیان لێنەکراوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە ٤٥ ئەندامەوە نزیکەی نیوەی هۆڵی کۆبونەوەکانی پەرلەمان داگیردەکات ئێستا لە گفتووگۆیەکی قوڵ و جدیدایە، بۆ پارتی ئەوەی گرنگە ئەوەیە بەزوترین کات سەرۆکایەتی هەرێم کە هەڵپەسێردراوە کارا بکرێتەوە و پێشی باشە سەرۆک لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت "بۆ ئەوەی نەبێتە بابەتی دانوستان و لە بەرامبەردا پۆستی تر لەدەست بدات" ئەوە لە کاتێکدایە گفتوگۆکان لە بازنەیەکی زۆر بچوکی بنەماڵەدا بەڕێوەدەچن و تەنانەت زۆرێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەش بێئاگان لەو جەدەلە قوڵە، پارتی دەیەوێت لە کابینەی نۆیەمدا سەرۆکی حکومەت دوو جێگری هەبێت، بەوەش دەسەڵاتی تەواوەتی دەگەڕیتەوە بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانی شکڵی دەبن، لە هەمان کاتیشدا ئەو هەنگاوەی پارتی دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی قوباد تاڵەبانی لە کایە حکومیەکاندا و بۆ ماوەیەکی زۆر ناوبراو هیچ پۆستێکی حکومەی وەرناگرێت چوونکە یەکێتی بە ئاشکرا ئەوەی راگەیاندووە ئەگەر دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت یەکێتی ئەو پۆستەی ناوێت، ئێستا ماوەتەوە سەر ئەوەی پارتی کێ دەکاتە سەرۆکی حکومەت، نێچیرڤان بارزانی کە ئەزموونێکی قوڵی هەیە لەو پۆستەدا و مەسرور بارزانی کە بە یەکێک لە بڕیاربەدەستە ڕاستەقینەکانی ناو پارتی دەناسرێت، دوو کەسن کە زۆرترین سەرنجیان لەسەرە، لە راستیدا گفتوگۆکردن لەبارەی دەستنیشانکردنی یەکێک لەو دوو کەسەوە زۆر بە نهێنی بەڕێوەدەچیت و تەنانەت ئەندامێکی مەکتەب سیاسی ئەو حزبە ئەوەی وت "دەبێت بارزانی ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە و ئێمە قسەی تیا ناکەین" ئەمە ئەگەر ئاماژە نەبێت بۆ هیچ شتێک ئاماژەیە بۆ ئەوەی بە فعلی ئەو گفتوگۆیە لە ئارادایە و جدییە، بۆیە بابەتەکە واز لێهێنراوە بۆ خودی بارزانی، لەوانەیە لە کۆتاییدا کە بارزانی بڕیاریدا بابەتەکە بخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەوان شەرعیەت بە بڕیارەکە بدەن، بەڵام ئەبێ ئەوە لەبەرچاوبگرین کە ئەگەر مەسرور بارزانی لەلایەن باوکیەوە دەستنیشانکرا ئەوا پرسەکە دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی سەرکردایەتی و هەر ئەو پشگیریەی بارزانیش بەسە بۆ ئەوەی لەوێش پەسەند بکرێت، خۆ ئەگەر نێچیرڤان بارزانی دەستنیشانکراوی بارزانی بوو ئەوا پرسەکە بە بێدەنگی و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی تێدەپەڕێنرێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە وەکو شکست دەرنەکەوێت بۆ بارزانی کوڕ.

ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە مەسرور بارزانی لەلایەن باوکیەوە دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی حکومەت لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆکی هەرێم کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کارادەکرێتەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت، وەڵامەکەی بارزانیش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا کە وتی "لە داهاتوودا ڕاسپێردراوی پارتی بۆ پکهێنانی حکومەت دەستنیشان دەکرێت و ئەو کاتە رادەگەیەنرێت" ئاماژەیە بۆ ئەوەی قەلەقێکی جدی هەیە بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک لەو دوانەی کە باسکران.

یاریەکە تەنها لای پارتیی ئاڵۆز نییە، یەکێتیش کێشەی ئەوەی هەیە ئەگەر دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت ئەوا پێگە بەهێزەکەی لە حکومەتدا نامێنێت و ئەوەش بە پاشەکشێ بۆ ئەو حزبە دەخوێنرێتەوە، یەکێتی نایەوێت لە کایە حکومیەکەدا لاوازبێت، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سەرۆکی حکومەت یەک جێگری هەبێت و ئەویش قوباد تاڵەبانی بێت، بەڵام خواستی پارتی بەهێزترە و پێناچیت وا بە ئاسانی داواکاریەکەی یەکێتی پەسەند بکات، بەتایبەتی دوای ئەو ململانێ سەختەی کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا ڕوویدا.

ئاڵۆزیەکە بۆ یەکێتی لەوەوە دەستپێدەکات کە ئەگەر دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت و یەکێکیان یەکێتی بێت، بێگومان ئەویتریان گۆڕان دەبێت، ئەوکات یەکێتی بە ٢١ کورسیەوە و گۆڕان بە ١٢ کورسیەوە هەمان پۆست وەردەگرن و دەسەڵاتیان لە هەمان ئاستدا دەبێت "بەتایبەتی لە دەڤەری سەوز" ئەوەش دەبێتە چەقی کێشەکان، خۆ ئەگەر یەکێتی لەو پۆستە بکشێتەوە و بە پۆستی وەزاریی قەرەبوو بکرێتەوە ئەوا لەو دوو جێگرە یەکێکیان دەدرێتە گۆڕان و ئەویتریان دەدرێتە کەمەنەتەوەکان، جێگرەکەی گۆڕان لە ناوچەی سەوز دەسەڵاتەکانی فراواندەبن و پارتیش ئەوەی پێخۆش دەبێت و دواجار کێشە بۆ یەکێتی دروست دەبێت، جەوهەری بابەتەکە ئەوەیە یەکێتی دەبێت ڕێگریبکات لەوەی دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت ئەگینا کۆنترۆڵکردنی یاریەکە زۆر قورس دەبێت بۆی.

بەشداربوونی گۆڕان لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا بە ڕێژەیەکی زۆر یەکلایی بوەتەوە، بەڵام سەرکردەکانی گۆڕان تا ئێستا نایانەوێ ئەوە بگاتە سەر ڕوپەڕی ڕاگەیاندنەکان، چوونکە بزوتنەوەکە لە دۆخێکی ئاڵۆزی ناوخۆییدایە و نزیکبوەتەوە لەوەی ناکۆکیەکان بگەنە بنبەست و بڕیاردانی خێراش بۆ بەشداربوون لە حکومەت پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ ئەو گەیشتنە بنبەستە، بۆیە گۆڕان هێشتا سەرقاڵی یاریکردنە بە کات، ئەو دەیەوێت کاتێک بڕیاری چوونە ناو حکەمەت ڕابگەیەنێت کە ماوەیەکی زۆر کەم دوای ئەوە حکومەت پێکبهێنرێت و ئەو بابەتە لە ڕووی میدیاییەوە زۆر لەسەری نەکەوێت و نەیارەکانی وەکو خاڵی لاوازی ئەو نەیدەن بە گوێی هاوڵاتیاندا.

گۆڕان لە کابینەی نۆیەمدا تەنها بەشداربوونی دەوێت و هیچ مەرجی بۆ ئەو بابەتە دانەناوە، بەرپرسانی بزوتنەوەکە ئاماژە بەوە دەکەن چاوەڕێن تا کارنامەی حکومەتەکە دەستنیشان بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدەن، بەڵام ئەوە تەنها قسەیەک و هیچ بناغەیەکی سیاسی نییە لە واقعدا، چوونکە کارنامە و بەرنامەی حکومەیی لە کوردستان و لە جیهانیشدا تەنها نوسراوە و بابەتێک نییە بکرێتە پێوەری سەرکەوتنی حکومەتەکە پێش پێکهێنانی.

بزوتنەوە نیلیەکە دڵنیایە لەوەی لە ئاستی جەماوەرەکەیدا بەشداربوون لە کابینەی نۆیەمی حکومەت پەسەند نییە، بۆیە دەیەوێت بەو یاریکردنە بە کات ئەو تێگەشتنە کاڵ بکاتەوە کە خۆی لە ڕێگەی میدیاکانیەوە بۆ حکومەتی هەرێم و دوو حزبی دەسەڵاتی دروستکردووە "ئەمەش کارێکی وا ئاسان نییە".

بەشێوەیەکی گشتیی ئەو سێ لایەنەی کە باسکران پێکهێنەرە سەرەکیەکانی حکومەتی داهاتوون و تا ئێستاش هەر ئەو سێ لایەنە گفتوگۆیان کردووە و داوای بۆچوونی هیچ لایەنێکی تریش نەکراوە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە.

ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی زیاتری دەوێت لەوەی بۆی دەستنیشانکراوە، چەند بەرپرسێکی یەکێتی ئاماژەیان بەوەکردوە کە دەبێت تا سەری ساڵ ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام ئەوە ئەستەمە و ناکۆکی لایەنەکان لە لایەک و ململانێ ناوخۆییەکان لەلایەکی ترەوە دوو هۆکارن کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە ئەندازەی وەرزێکی ساڵ یان زیاتر دوا دەخەن.

 


PM:05:58:29/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 4007 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی