رۆژنامەنوسێکی تیرۆرکراو، لەکونجی زینداندا دەژی

‌زمناکۆ ئیسماعیل

تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان لەهەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو چەمکە قێزەون و بێزراوەی، کە چەندین ساڵە ئێمەی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، پێی ئاشنابوین، لەڕابردودا چەندین هەوڵی زۆر دراوە کە تیرۆری رۆژنامەنوسان رابگیرێت، چەندین رۆژ و کات و سات خراوەتە سەریەک، بۆ ئەوەی کە تیرۆری رۆژنامەنوسان رابگیرێت، بەڵام هەتادێت ئەم تیرۆرکردنە، لەشێوازو فۆڕمی دیکە زیاترو بەرفراوانتر دەبێت.

لەتازەترین تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە بیست رۆژە رۆژنامەنووسێکی تیرۆرکراو، لە کونجی زیندانەکانی پارتیدا دەژی، بەڵام بێدەنگییەکی کوشندە، باڵی بەسەر رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆی گشتی میدیاو رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەمە ئازادەکاندا کێشاوە، بێدەنگییەکی شێوە خنکێنەر، کە بۆ داهاتووی کاری رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین، رێگرییەکان زیاتر دەبن و نەفەسی ئازادی کارکردن، بەتەسکتر دێتە پێشچاو، بە جۆرێک، رۆژنامەنووسان چاو ترسێن دەبێت، لەلایەک شەقام و رۆژنامەنوسان لەیەک دەترازێنێت، لەلایەکی دیکە، گروپ و رێکخراوو چالاکوانان لەیەکتر دور دەخاتەوە، بەو ئامانجەی کەبەرگریکاری کاری یەکتر و پاڵپشتی کاری یەکتری نەبن لە کارکردندا.

لەمڕۆژدا بەڕوونی ئەوە بەراوبەر بە رۆژنامەنووسی تیرۆرکراو، (زوبێر برادۆستی)، دەبینین، ئەو رۆژنامەنووسەی کە ماوەی بیست رۆژە، بەهۆی تۆمارکردنی دیمەنی بۆردومانی ناوچەی برادۆست، لەلایەن سوپای تورکیا و گواستنەوەی ئەو هەواڵە بۆ (ئاژانسی رۆژنیوز)، لەلایەن هێزێکی پارتی دەستگیرکراوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە، ئەوەش تیرۆرکردنێکی دیارو بەرچاوە، کە دەیبینین بەراوبەر بەرۆژنامەنووسێک، لەو جۆرە تیرۆرکردنەیە، کە خوێنی نەڕژاوەو لەژیاندا ماوە، بەڵام لەکونجی زیندانەکاندا دەیهێڵنەوەو بە وتەی خۆیان "دەیکەن بە عیبرەت بۆ چاوترسێنکردنی رۆژنامەنووسانی دیکە".

بۆ بەرچاو ڕوونی دەبێت ئەوە بزانین، کە تیرۆرکردن چەمکێکی قوڵی فکری و فەلسەفییە، لە دێر زەمانەوە هەتا ئەمڕۆ، قسەو باسی زۆری هەڵگرتوە، لە نەوەدەکانی رابردودا مایکڵ لیمەن کە باسی تیرۆریزم دەکات و دەڵێت" لەبنەڕەتدا تیرۆریزم بریتییە لە کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی، یان هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی، بەجۆرێک گروپ و هێزو کەسانێک، بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی ئامانجێکی دیاریکراو لەبەرژەوەندی خۆیان، چاوترسێنی هاونیشتیمانی و هاوڵاتیان دەکەن، ئەوەش لەڕێگای نایاسایی وەک ( کوشتن، گرتن، هەڵکوتانە سەر کەسایەتی و ڤڕاندن و وونکردن و بەبارمتەگرتن)".

لەڕوانگەی ئەو پێناسەیەی مایكڵ لیمەن، دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسی ئاژانسی رۆژنیوز، (زوبێر برادۆستی)، تیرۆرکردنە، لەو جۆرە تیرۆرکردنەیە کە خوێنی نەڕژاوە، بەڵام بۆ چاوترساندنی رۆژنامەنووسانی دیکە، لە کونجی زینداندایە، ئەم جۆرە تیرۆردکردنە مەرگی رانەگەیەندراوە، بەڵام لەو روانگەیەوە مەرگی ئازادی رۆژنامەنووسی  راگەیەنراوە، چونکە ئەو بێدەنگییەی بەراوبەر بەدەستگیرکردنی رۆژنامەنوس زوبێر برادۆستی دەیبینین، عەیبەیەکی گەورەیە لەسەر قەڵەم و کیبۆردو کامێرای رۆژنامەنووسان و میدیاکاران، عەیبەیەکی گەورەیە لەگەردنی یەکەبەیەکەی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، عەیبەیەکی گەورەیە بەناوچاوی رێکخراوو میدیاو رۆژنامەو سەنتەرو ئاژانس و هەموو گروپ و تاقم و کەسیک کەکاری رۆژنامەنووسی دەکات، بە میدیایی حزبی و حکومی و ئەهلی و ئازاد و تاکەکەسی و بازرگانی، عەیبەیەکی گەورەیە بە تەوێڵی ئەو رێکخراوانەی کە بۆ بەرگری ئازادی رادەربڕین و دروستبون.

ئەمڕۆ زوبێر دەستگیرکراوەو تیرۆری کەسی کراوەو لە سوچی زینداندایە، سبەی من و تۆش هەمان چارەنوسمان دەبێت، دوێنێ سۆران و سەردەشت و کاوەو ویدات و دەیان رۆژنامەنووسی دیکە، تیرۆرکران و خوێنیان بەناهەق ڕژێندرا، کەیسی خوێن رژانیان بەلاڕێدا برا، بەڵام ئەو کەیسانە بەتەنها لەگەردنی دەسەڵاتدارانە، رۆژی خۆی دێت، بکەرانی ئەو تیرۆرکردنە لەبەردەم دادگای دادپەروەرانەی خەڵک، ریز بکرێن و بەسزای خۆیان دەگەیەندرێن، بەڵام کەیسی رۆژنامەنووسێکی دەستگیرکراو، لە گەردنی هەر یەکەماندایە تا ئازاد دەکرێت، لەوڕوانگەیەوە زوبێر برادۆستی، لەگەردنی ئێمەدایە و دەبێت رێگای ئازادبونی بۆ بدۆزینەوە، دەبێت بەر لەهەموو کەس من و تۆ دەنگ هەڵبڕین، داواکارییەکانمان بگەیەنینە بەشوێنی مەبەست، هەتا گوشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی و چارەنوسی ئەو رۆژنامەنووسە، دیاری بکەن.

بە بێدەنگی من و تۆ بەرانبەر بەو تیرۆرکردنە، بەشێکین لە کردەی فڕاندن و تۆقاندن و گرتنی رۆژنامەنوسان، وەک گاری پۆتەر دەڵێت "تیرۆرکردن نانەوەی کەشێکی ترسناکە بۆ چاوترساندن و تۆقاندن"، خوێنی زوبێر برادۆستی، بەرلەوەی لە ئەستۆی دەستگیرکارانی بێت، لە ئەستۆی ئەو کەسانەشدایە کە بێدەنگن بەراوبەر بەو تیرۆرکردنە، لەپاش تیرۆرکردنی لاشەو تیابردن و لێسەندنەوەی ژیانی، نە شەقام گرتن و خۆپیشاندان، نە گوتارو پیاهەڵدانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و فەیسبوک، نە پەیککار بۆ کردن و بەستنی نەمەراسیم و بەخشینەوەی خەڵات، ژیان بەبەژنی ئەو رۆژنامەنوسەدا ناکەنەوە، بەڵام بێدەنگینەکردنی ئەمڕۆی من و تۆ، دەتوانین ژیانی بۆ بگێڕینەوە، با من و تۆ بەشدار نەبین لەم تیرۆرکردنە و دەنگ هەڵبڕین بۆ ئازاد کردنی.


PM:04:28:09/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 5420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی