نادییە موراد، وەک گەڕیدەیەکی سەرکەوتوو

‌زمناکۆ ئیسماعیل



   وەک رۆژنامەنوسێک بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەی کە لەنێو کەیسی ئێزیدییەکاندا ئیشمکردوە، هەموو هەوڵێکم ئەوە بوو، کەیسی ئێزیدییەکان بەدونیا بگەیەنم، چ بەفۆتۆ بێت، یاخود بەفیچەرو فیلمی دیۆکیۆمێنتەری، بەرکەوتنی زۆرم لەگەڵ قوربانیانی کەیسی ئێزیدییەکاندا هەبوە، لەنێو ئەو قوربانیانەشدا، زۆرترین بەرکەوتن و یەکتر بینینم لەگەڵ ئەو کچانەدا هەبووە، کە لەدەستی داعشدابون و گەڕێندراونەتەوە بۆ کوردستان و رزگار کراون، کەم کەسییانم بینیوە وەک نادییە موراد بوێرانە باسی کەیسەکەی خۆیان بکەن، کەم کەسیانم بینیوە توانای ئەوەیان هەبێت، لەبەردەم کامێرادا رابوەستن و قسە بۆ خەڵک بکەن، کچی ئێزیدیم بینیوە، تەمەنی ٢٠ ساڵ بوە، ٢١ جار کڕین و فرۆشی پێوەکراوە، ٢١ جار بازرگانی بەجەستەو کەسایەتی کراوە، ٢١ جار وەک کۆیلە ناوچە بەناوچە گەڕێندراوە، ژیانی پڕ بوە لەتراژیدیا، هەتا ئەوکاتەی کە لەدەستداعش رزگار کراوەو گەڕێندراوەتەوە بۆ نێو باوەشی نیشتیمانەکەی، بەڵام کاتێک وویستومە بیدوێنم و کامێرام روتێکردوە، ئامادە نەبوە چیرۆکەکەی بگێڕێتەوەو ئامادە نەبوە قسەم بۆ بکات، کچم بینیوە، دوو خوشک بون و تەمەنیان لەنێوان ١٦ و ١٥ ساڵدا بوە، هەردوکیان زیاتر لە ١٠ جار کڕین و فرۆشیان پێوە کراوە، مارەیی هەر یەکەیان ١٥ هەزار دیناری چاپی برێمەر یاخود ١٢ دۆلار بوە، بەزنجیر بەستراونەتەوە، ئینجا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان، لێیان دراوەو قاچی یەکێکیان شکێندراوەو پاشتر بەشێوازێکی نازانستی قاچی بۆ گیراوەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی قاچی سەقات بوە (شەل بوە)، بەڵام کاتێک کامێرام روتێکردون، ئامادە نەبون بەسەرهاتی خۆیان بۆ نەوەکانی داهاتویان بگێڕنەوە، ئامادە نەبون ببن بە شاهیدحاڵ و گەواهیدەدەری ئەو روداوە قێزەونەی بەسەریاندا هێنراوە، چەندان کچم بینیوە، کە تەمەنی ١٩ ساڵ بوە لە ٦٥ ساڵ مارە بڕاوە، ٢٠ ساڵ بوە لەکوڕ مارە بڕاوە دوای ئەوەی کردویەتی بەژن و دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، باوکی کوڕە پێی تەڵاق داوەو لەخۆی مارە بڕیوە، ئەوەش بۆ ئەتککردن، پاشتر ئەو باوکە عەرەبە سوننەیە، ئەو کچەی بەخشیوە بە ئامۆزو ئامۆزا بۆ براو برا بۆ خەڵکی دیکە، بەوەش ئەو کچە لەنێوان چەند پیاوێکی خێزانێکدا زیاتر لە چەند دەستێکی کردوە، بۆ هەموو ئەو کچانە ئاستەمبوو لەبەردەم کامێرادا بوەستن و قسەم بۆ بکەن، بەڵام ئەوە بۆ نادییە موراد ئەستەم نەبوو، ئەو روبەڕوی کامێرا بوەوە چیرۆکی خۆی گێڕایەوە، بوو بە گەورەترین گەواهیدەدەری کەیسی ئێزیدییەکان.

نادییە موراد، دوای ئەوەی لەچنگ داعش دەردەهێنرێت و رزگار دەکرێت، یەکەم روبەڕوبونەوەی لەگەڵ کامێرادا دەبێت، ئەو زۆر سەرکەوتوانە چیرۆکی خۆی و قەتڵ و عامی خەڵکی بێگوناهی گوندەکەی (کۆچۆ) دەگێڕێتەوە، ئەو لەژێر فشاری دەرونیدا بێت، یاخود لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی بەرزی مرۆیی، توانی وەک گێڕەرەوەیەک، چیرۆکی پڕ تراژیدیای ئەو نەهامەتییانە بگێڕێتەوە، کە بەسەر خەڵکی بێگوناهی بێچەک و مەدەنی گوندەکەیدا هاتوە، ئەو گوندەی کە پێکهاتبوو لە نادییە مورادو دەیان کچی وەک نادییە مورادو دەیان خێزانی وەک خێزانەکەی نادییەو منداڵ و پیرو گەنج و دەیان مرۆڤی بێتاوان.

نادییە موراد چیرۆکەکانی لە سنوری گوندەکەیدا گیرۆدە نەکرد، لەکەیسی خۆیدا بەتەنها باس لەقەتڵ و عامکردنی خەڵکی گوندەکەی نەکرد، بەڵکو ئەو بوێرانە باس لەهەموو ئەو نەهامەتی و دەستدرێژی سێکسی و کوشتن و بڕینانە دەکات، کە داعش و چەکدارە خێڵەکییە سوننەکانی عێراق و سوریا، بەسەر کوڕان وکیژانی ئێزیدییەکاندا هێنایان، ئەو وەک گەواهیدەدەرێکی سەرکەوتو، پێ بەپێ زانیاری دروستی گەیاند، بەهەموو ئەو دام و دەزگاو میدیاو رێکخراویی مرۆیی و خانەوادەی ئێزیدی و کەسوکاری قوربانیانەی، کە چاوەڕوانی هەواڵی نوێبون، لەسەر ئەو مرۆڤە بێتاوانانەی، کە لەشەوو رۆژێکدا ڕفێندران و لەزوڵمەتی شەودا وونکران، نادییە توانی ووێنای رونتری ئەو کارەساتە، بخاتە پێش چاوی دونیا، ئەو توانی لەگێڕانەوەکانیدا، بەتەنها پەنجە نەخاتە سەر  هەموو ئەو ئازارانەی، کە لەلایەن بکەرانەوە، بەسەر جەستەی پاکیزەیی ئەم و هاوڕێ ئێزیدییەکانیدا هێنراوە، بەڵکو توانی پەنجەی تاوانباربون بۆ هەموو ئەو کەسانەش درێژ بکات، کە  لەو کەیسەدا بەشداربون و بەشێکبون لەکوشتن و بڕینی ئێزیدییەکان.

ئالێرەوە نادییە دەبێت بە سەفیرو نوێنەری کچان و کوڕانی بەرکەوتە یاخود (قوربانی) داعش، لەهەمانکاتدا دەبێت بە سیمبولی ئازایەتی، شوێنەبەشوێن، وەک گەڕیدەیەک، سنوری قاڕەکان دەبڕێت، هەرجارەو لەبەندەرێک و هەرجارەو لەسەکۆیەک لائەدات، چیرۆکی پڕ تراژیدیای ئێزیدییەکان دەگێڕێتەوە.
 



PM:02:39:07/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 4422 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی