16 و 17 ئۆكتۆبەر

‌فەرهەنگ فەرەیدون

بەرەبەیانی 15ئۆكتۆبەری 2017، پەیوەندیم كرد بە محەمەد خورشید بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك و پێم وت دۆخی كەركوك چۆنە لە وەڵامدا وتی"دۆخەكە زۆر خراپە"، رۆژی دواتر هێزە كوردییەكان شارەكەیان چۆڵكرد و رۆژەكەش وەك خیانەتێك بۆ ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی تۆماركرا.

"یەكێتی و پارتی ئامادە نەبوون لە كەركوك بەرگری بكەن"

نابێت ئەوەمان بیر بچێت،16 ئۆكتۆبەر دەرهاویشتەی رووداوەكانی ریفراندۆم بوو، سەركردایەتی سیاسی كورد دەیزانی درەنگ و زوو دەبێت ناوچە جێناكۆكەكان رادەستی بەغدا بكاتەوە، بەڵام ریفراندۆم كاتی رادەستكردنەوەی ئەو ناوچانەی پێشخست.

48 كاتژمێر پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، یەكێتی و پارتی لە هاوینە هەواری دوكان كۆبوونەوە، سەركردەیەكی یەكێتی كە تۆماری دەنگییەكەی لام پارێزراوە  و نامەوێت لە ئێستادا ناوی بهێنم پێی وتم، كە خۆیی و دوو سەركردەی دیكەی حزبەكەی پلانی 30 رۆژ بەرگریكردنیان لە كەركوك داڕشتووە وتیشی"چونكە فڕۆكە بەكارنەدەهات، دڵنیابووین لە سەركەوتنمان" بەوتەی ئەو سەركردەیەی یەكێتی زۆریەنەی پارتی و حزبەكەشی دژی ئەوەبوون شەڕبكرێت لەو شارە،  هەربۆیە كۆبوونەوەكە بەبێ‌ بڕیاری یەكلاكەرەوە كۆتایی پێهێناوە.

16 ئۆكتۆبەر چی روویدا؟

پێشمەرگە بێ پلان بوو، چەك نەگەیشتبووە سەنگەرەكان، سەركردایەتی سیاسی كورد كە ئەوكات سەرۆكی هەرێم سەرپەرشتی دەكرد، هیچ بەرنامەیەكی بەرگری دانەڕشتبوو، ئەگەر شەڕیش لە كەركوك بكرایە، بە زووی بە سەركەوتنی هێزە عیراقییەكان كۆتایی دەهات، ئەگەر ئەمە روویبدایە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە شەهید دەبوون، ناو ئازایەتیشیان دەكەوتە ژێر پرسیارەوە.

لە 16ی ئۆكتۆبەر هیچ زیانێك بەر ژێرخانی ئابووری شارەكە نەكەوت، ئەوەی زیانی بەركەوت تەنها ئەو بەرپرسانەی شارەكەبوون، كە ساڵانێك بوو لە داهاتوو شیرینی نەوتیان دەدزی، هێزە كوردییەكانی ناو شارەكەش لەبری پاراستنی هاوڵاتیان، سەرقاڵی ئەوەبوون چۆن ئەو دزوو تاڵانچییانە بە سەلامەتی لە كەركوك بیانبەنە دەرەوە.

"16ی ئۆكتۆبەر  و 17ی  ئۆكتۆبەر"

بەرەبەیانی 17ی ئۆكتۆبەر بە هەمان شێوەیی كەركوك، پارتی هێزەكانی لە ناوچە جێناكۆكەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی كشانەوە، ئەم كشانەوەیە وردو زیرەكانەبوو، لە درەنگانێكی شەو دوور لە چاوی میدیاكان  و هاوڵاتیان ئەنجامدرا، ئەمەش وایكرد هیچ كەس باسی ئەو كشانەوەیە نەكات و وەك 16ی ئۆكتۆبەر بە خیانەت نەناسرێت.

16 ئۆكتۆبەر خیانەت بوو؟

16 ئۆكتۆبەر خیانەت نەبوو، چونكە سەركردایەتی سیاسی كورد بێپلان بوون، ئەگەر شەڕ لە كەركوك روویبدایە، كورد هیچ شتێكی بەدەست نەدەهێنا، جگە لە شەهیدبوونی ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە و هاوڵاتی و وێرانبوونی شارەكە، ئەو بەرپرسانەی 16ی ئۆكتۆبەر بەخیانەت دادەنێن، خۆیان بەشێكن لەو خیانەتە، چونكە ئەو خیانەتكارانەی كە خۆیان دەیڵێن ساڵێكە نایانداون بە دادگا و بگرە كۆبوونەوەی نهێنیشیان لەگەڵ دەكەن.


PM:02:13:16/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 2700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی