ڕۆڵی بیمە لە پێشخستنی ئابووریدا

‌دابان عەبدولواحید حەسەن

ئەمرۆكە ئەوەی جێگای گومان نیە ، ئەوەیە كەپارەیەكی یەكجار زۆر هاتۆتە نێو ئابووری هەرێمی كوردستانەوە، بە لام ئەوەی بەدی دەكرێت بە هۆی خراپ بەكارهێنانی سیاسەتی ئابووری،بەتایبەتی سیاسەتی دارای و نەختینەیی هەرێمی كوردستانی لە وەبەرهێنەری چالاك و ڕاستەقینە لەبواری دارایدا بێبەش كردووە.ئەوەی لێرەدامن مەبەستمە كاریگەری (بیمە – تامین – Insurance) لەسەر ڕەوشی ئابووری بەگشتی و كەرتی دارای بەتایبەتی بكەم .

بەپێی سەرچاوە مێژوویەكان هەرلەدێرینەوە مرۆڤەكان پەیڕەوی رێسای بیمەیان كردووە،لە یەكێك لە كتێبەكانی (تەلموود - Talmud) دا،نووسراوە (ئەگەر یەكێك گوێدرێژەكەی لەدەست بدات ،ئەوە دەبێت گوێدرێژێكی تری بدرێتی ..) دوای ئەوەش لە یاساكانی حاموڕابیدا (18)سەدە پێش زایین ئاماژە بە ڕێساكانی تەئمین كراوە كەتیایدا هاتووە (پێویستە كاروانچی و بازرگان پێكەوە قەرەبووی ئەو زەرەرو زیانانە بدەنەوە كە ڕەنگە بەهۆی هێرشكردنی ڕێگاگرەكانەوە تووشی كاروانەكان دەبێت..) دواتر لەساڵی (916)ی پێش زایین، لەیۆنانی كۆن بۆ یەكەم جار سیستەم و میكانیزمی بیمەكردن و بڕی قەرەبووكردنەوەی بازرگانەكان داڕێژراوە كەبەهۆی نووقمبونی كەشتییەكانەوە ،یاخود هێرشی چەتە دەریاییەكانەوە تووشیان دەبێت،بەجۆرێك هەندێك لەو پرەنسیپانە تاكو ئێستاكەش لەپرۆسەی بیمەكردندا پەیڕەو دەكرێت.
ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە كەزۆرینەی سەرچاوە باوڕپێكراوەكان قۆناغەكانی گەشەكردنی بیمە لە ئەوروپادا بەسەر سێ‌ قۆناغی سەرەكیدا دابەش دەكەن.

قۆناغی یەكەم : قۆناغی كەڵەكەبوونی سەرمایە.
قۆناغی دووەم : قۆناغی سەرهەڵدانی  سیستەمی سەرمایە داری و پەیدابوونی كێبڕكێ
قۆناغی سێیەم:قۆناغی پەیدابوونی مۆنۆپۆڵی و چڕبوونەوەی سەرمایە.

بەم شێوەیە دەتوانیین بڵێین پلە بە پلە بازاری یاخود بزنسی بیمە هاتە كایەوە و فۆرمی نێودەوڵەتی وەرگرتووە.لەقۆناغی یەكەمدا خزمەت گوزاری بیمەكردن وەك كاڵایەك مامەڵەی گڕین وفرۆشتنی پێوە دەكرا بەمەبەستی دەستكەوتنی قازانج و چالاكییەكانی تەئمینكردن بوو بە سێكتەرەكی گرنگی ئابووری و دارایی . بۆ نموونە لە ساڵی (1393) لە ئیتاڵیا ئەوكاتە بیمەكردنی كەشتیەكانی  بار گواستنەوە و بارەكانی یەكێك بوون لە جۆرە سەرەكیەكانی بیمە كردن . بە جۆرێك لە ماوەی هەفتەیەكدا زیاد لە (80) گرێبەستی بیمەكردن ئەنجام دراوە   دواتریش هەمان جۆری بیمەكردن لە ئیسپانیاو پورتوگال بە شێوەی بەرفراوان بڵاوبۆوە.بەم شێوەیە بیمە وەك كەرتێكی سەربەخۆی بواری دارای هاتە كایەوە ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی (1468)  دا بڕوانامەی سەنتەری بیمەكردنی گواستنەوەی ئاوی پەیدابوو.دواتریش لەساڵی (1559)سەنتەری بیمەكردنی گواستنەوەی ئاوی و جۆرەكانی تری بیمەكردن بۆ ئینكلتەرا گواسترایەوە،لەبەر بایەخ و گرنگی بیمە وەك جۆرێك لە چالاكییە بزنسییەكان لە ساڵی (1601) دا پەرلەمانی بەریتانی بەفەرمی چەند یاسایەكی تایبەتی دەربارەی بزنسی بیمەكردن هەموار كرد و لیژنە یەكی هەمیشەیی بۆ چاودێركردن و ڕێكخستنی بیمە پێكهێنا .

بەهەمان شێوە لە ساڵی (1668) دا فەرەنسادا یەكەم گردبوونەوە و ڕێكخراوە بیمە گواستنەوەی ئاوی دروست بوو.ئەوەی شایەنی ئاماژەپێدانە ئەوەیە كە ئەوكاتە گەورەترین كۆمپانیای بیمە(لۆدس-Lioyds) لە ئینگە لتەرا دامەزرا بە جۆرێك بووە مەزنترین كۆمپانیای جیهانی لە بواری بیمەكردندا.

دەكرێت ڕۆڵی بیمە لەسەر ڕەوشی ئابووری لە چەند خاڵكدا كۆبكەینەوە :

یەكەم :ئاسانكردنی پارەداركردنی پڕۆژەكان.
دووەم :بیمەكاریگەری لەسەر هەڵگرتنی بارگرانی هۆشداری دژ بە زیانەكان هەیە.
سێیەم :تەئمین پلەیەكی بەرزی دڵنیایی بۆ وەبەرهێنەران دابین دەكات،لە قەرەبوكردنەوەی ئەو زیان و زەرەرانەی كە بەهۆی دیاردە سروشتییەكان و هەڵەكانی مرۆڤ و ئاسەوارە زیانبەخشەكانی پیشەسازی نۆێ و ئاكامی وەستانی كار و ڕەوشی سیاسییەوە دروست دەبن.بەمەش تەئمین ئەركێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی ئەنجام دەدات.
چوارەم : تەئمین ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە ئاسانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتی ، بۆنموونە (بەڵگەنامەكانی بیمەی دەریایی یاخود ئاسمانی یاخود زەمینی لەسەر كاڵاو شتومەك لە بواری هەناردە و هاوردەدا)
پێنجەم: بیمە ڕۆڵی هەیە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری خۆپاراستن لە زیانەكان و سنووردانان بۆ ئاسەوارەكانی دەكات ، بەم ڕۆلەش دە بێتە چەمكێكی تەواو كەر لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی مەترسیدا و دەستنیشانكردنی سەرچاوەكانی مەترسی.
شەشەم: لەڕێگەی گێڕانەوەی تەئمین ، ولاتان بە تایبەتی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو دراوی قورسیان دەست دەكەوێت ، ئەم ئەركەش ئەو كاتە دێتە دی كە بڕی ئەو قەرەبووانەی كە لە تەئمین وەریدەگرنەوە  لە بەرامبەر بارستای ئەو قستانەی كە بە دراوە قورس دەیاندەدرێتێ‌.

بە پوختی دەتوانین بڵێین تەئمین وەك چالاكییەكی ئابووری بریتییە لە میانگیرییەكی دارایی و ڕۆڵی هەیە لە كۆكردنەوەی پارە و پول بۆ پاراستنی سامانی مرۆیی و مادییەكانی نیشتمانی و بەشداریكردن لە دروستبوونی سەرمایەی ڕاستەقینە.

ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە سەرجەم وڵاتان بازاڕی داراییان هەیە ، بەڵام بارستە و كاریگەرییان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە جیاوازە .

لە ڕاستیدا دامەزراوە داراییەكان لە ئابوورییە پەرەسەندووەكاندا جگە لە و ئەركانەی پێی هەڵدەستن وەك قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی  سەبارەت بەكۆمپانیاكانی تەئمین ئەركی كۆكردنەوەو ئامادەكردن و تەرخانكردنی سەرچاوەكانی دارایی دەگرنە ئەستۆ، بەمەش بەشدارییەكی ڕاستەقینە لە پێكهێنانی سەرمایەی ڕاستەقینە و گەشەی ئابووریدا دەكەن .

بەپێی ئامارەكانی گۆڤاری (فۆربس) سەرمایەی كۆمپانیای تەئمینی (Allianz) ، گەیشتۆتە (915،48) ملیار دۆلار ئەكەش ئەوەمان بۆ دەردەخات جێبەجێ كردنی تەئمین لە ولاتدا سودێكی زۆر دارای هەیە.

سەرەتا دەتوانم بڵێم كە هەرێمی كوردستان تاكو ئێستاش پیشەسازییەكی تەئمینی سەربەخۆی بەخۆوە نەدیوە و ناتوانین باس لە كۆمپانیای تەئمینی كوردی بكەین. هەرچەندە زۆر بەی هەل و مەرجەكان لەڕووی دارایی وە لەبارە بۆ ئەم مەبەستە.

ئەومەرجانە چین ئەگەر لە ڕوانگەی ئابوورییەوە سەیر بكەین دەبینیین پرۆسەی  كەڵەكەبوونی سەرەتایی سەرمایە كۆتای پێهاتووە و دۆخێكی تارادەیەك گونجاو بۆ بزنس هاتۆتە پێشەوەو پرۆسەی وەبەرهێنانیش سەراپای گشت كەموكورییەكانی لە گەشەكردندایە.بەڵام لەگەل ئەوانەشدا جگە لە كەرتی نیشتەجێبوون و بیناسازی زۆرینەی كەرتە ئابوورییەكانی تر بە سستی گەشەدەكەن،یاخود زۆر لاوازن یان هەر بوونیان نییە.ئەوەی پەیوەندی بە بابەتەكەی ئێمەوە هەیە كەرتی داراییە.لەسەرووبەندی ئەو بووژاندنەوە ئابووریەی لە هەرێمی كوردستاندا بەدی دەكرێت ، سیاسەتی دارایی كەوتۆتە دەرەوەی ئەو پرۆسەیە ،هەر پرۆسەیەكی ئابووری لە هەر وڵاتێكدا پێویستی بە كارایی كەرتی دارایی و سستەمی بانكی و تەئمین هەیە،بە بۆچوونی من ،ناكارایی و سستی و نەبوونی ئەم كەرتەش پێش هەموو شتێك دەگەڕێتەوە بۆنەبوونی سیاسەتێكی ئابووری نەتەوەەیی و پشتبەستن بە ژێدەری نەوت وەك بنەمایەكی ئابووری و تەخشان و پەخشانی دارایی و ئیدارەیەكی ناتەندروستی ئابووری .هەموو ئەو فاكتەرانەش دەگەڕێتەوە بۆ قووربانیكردنی ئابووری بە فاكتەری سیاسیی.بۆنموونە پەرلەمانی كوردستان ئەوەندە ی سەرقاڵی ململانێی سیاسیی.و ئیشی لاوەكین ، بەتەواوەتی ئاگایان لە دەركردنی یاسا ئابوورییەكان نییە.

بۆنموونە تاكو ئێستا یاسایەك بۆكاركردنی بانكەكان یاخود تەئمین لەكوردستاندا بوونی نییە و بە پێی یاسا نەگونجاوەكانی عێراق كاردەكەن كە لەگەڵ دونیای ئەمڕۆی پێشكەوتن و سستەمی دارایی و ئابووریی یەكناگرنەوە،هەروەها پێشتریش ئاماژەمان پێدا سەرجەم مەرجە ئابوورییەكان لە بارن بۆدامەزراندنی كەرتی دارای بەشێوەیەكی مۆدێرن.

لەكۆتایدا دەتوانین بڵێین كە گەشەی ئابووری سەردەم پێش هەموو شتێك وەستاوەتە سەر ئاستی سەركەوتنی سستەمی دارایی (بانك و تەئمین)لەكۆكردنەوەو پاشەكەوتەكان بۆ پارەداركردنی چالاكی بەرهەمهێنان و زیاد كردنی قەبارەی بەرهەمهێنان و زیاد كردنی لێهاتوویی پرۆسەی دابینكردنی دەرامەت بۆ پرۆسەی پەرەپێدان .









PM:02:54:12/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 3864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی