ئۆكسجینەكەی هەولێر

‌ئارام سەعید

لە جیهاندا كاری هاوكاری و بەخشین یەكێكە لە چالاكیە گرنگەكان و لە بواری بزنزدا پێی دەوترێت بەرپرسیاریتی كۆمەڵایەتی كۆمپانیاكان (CSR- Corporate Social Responsibility )كە كۆمپانیاكانی جیهان بەشێك لە بودجەی قازانج بۆ ئەو بوارە دادەنێن و لە ڕێگایەوە هاوكاری لێقەوماوان و مناڵان، خاوەن پێداویستی تایبەت و كارەساتەكان و چەندین بواری تری كۆمەڵایەتی.

زۆر جار كۆمپانیاكان ریكلامی تایبەت دەكەن بۆ ئەو بوارە و نیشانی دەدەن و باسی ئەو بودجەیە دەكەن كە تەرخانیان كردوە تەنانەت بۆ ئەوەی هاوڵاتی بڕوا بكات هەندێكجار ڤیدۆی كاتی پێشكەشكردنی هاوكاریەكەش نیشان دەدرێت.

لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا جگە لە ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان چەندین رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی ئەو كارە دەكەن و بە ئەركێكی پیرۆز و رەوا سەیر دەكرێت.

بۆ نمونە لەم كاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كورۆنادا چەندین كەسایەتی و كۆمپانیای گەورەی جیهان بودجەی گەورەیان داناوە بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی ئەو نەخۆشیە كە دیارترینیان بیل گەیتس بوو كە گەورەترین دەوڵەمەندی جیهانە و بودجەیەكی زەبەلاحی بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینەكە تەرخانكردوە.

سەرەڕای ئەمانەش وڵاتانی جیهانیش لەكاتی كارەساتەكاندا هاوكاری پێشكەشی وڵاتی لێقەوماو دەكەن كە مەرج نیە وڵاتەكە هەژار بێت بە نمونە ئیتاڵیا كە كۆرۆنا تەنگی پێ هەڵچنی چەندین وڵاتی تر هاوكاریان كرد.

لەم رۆژانەدا نەخۆشخانەی رزگاری لێی قەوماو توشی قەیرانی ئۆكسجین بوو، ئەوەی لە میدیاكان بیستمان و بینیمان كە نەبونی ئۆكسجین ژیانی نەخۆشەكانی خستۆتە مەترسیەوە ، بەڵام نەخۆشخانەكە هاوكاریەكانی مەڵبەندی یەكێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێی رەتكردۆتەوە كە ئۆكسجینیان دابینكردوە، هەرچەندە ئەوەش خۆی نیگەرانیەكی ترە كە حزب ئەو هاوكاریە بكات، بەڵام لەكاتێكدا كۆمپانیاكان ئەو ئەركە جێبەجێ ناكەن دەبێت هاوكاری حزب شیكردنەوەی تری بۆ بكرێت؟ یان مەبەستیان ئەوەیە بۆ پرۆپاگەندە بەكاری دەهێنن؟ چونكە هەر كەسێك كە خێر دەكات لە كۆمپانیاكان بە راستەوخۆ بێت یان ناراستەوخۆ باسی دەكات كە خێری كردوە، واتە ئەوانیش پرۆپاگەندە دەكەن، خۆ حزبەكانی دەسەڵات پارەی خەڵك بە منەت دەدەن وەك پیاوەتی موچەی كارمەندان دەدەن كە مافی رەوای خۆیانە.

تەلەفیزیۆنەكانی دەسەڵات تەبەقیك هێلكە نیشان دەدەن كە داویانە بە هەژارێك، تەنانەت دیدار لەگەڵ ئەو مناڵانەش دەكەن كە هاوكاریان دەكەن، ئەی بۆ ئەو نەریتە ناشرینە رێگە پێ دەدەن، بۆ نیسك و نۆكەكە نیشان دەدەن كە دەیدەن بە هەژاران؟ رەنگە وەڵامەكەیان ئەوە بێت ئەوان خۆیان سیستمەكەیان وێران كردوە و ئامادەنین هاوكاری حزب وەرگرن، چونكە دەبێتە بانگەشە بۆ حزبەكان، ئەی ئەگەر هاوكاری لە توركیا وەرگرن نابێتە بانگەشە بۆ ئەردۆگان!

لەكاتێكدا ئەو هاوكارییە دەكرێت راستەخۆ ژیانی نەخۆشەكانی پێ رزگار بكرێت بۆ رێگەی لێ دەگیرێت؟ لەسایەی حوكمڕانیەكدا كە سیستمی تەندروستی وەك هەموو بوارەكانی تر وێران كراوە بۆ رازین بە ژیانی بێ موچەی كارمەندان و رازی نین بە هاوكاری نەخۆشەكان بە ئۆكسجین!!


PM:11:19:02/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 1564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی