شەرم و حەیا لە سیاسەتدا

‌ئارام سەعید

سیاسەتی 30 ساڵی رابردوی هەرێم بریتیە لە خولانەوە لەناو بازنەیەكی بۆشدا هەمیشە هەر قەیرانێك دەردەكەوێت لە كۆتاییدا دەرئەنجامێك دەردەخەن كە خەتای هاوڵاتییە، تەماتەی كوردی بە نمونە.

جوتیاران خۆپیشاندانیان كرد لەسەر ساخنەبونەوەی بەروبومەكانیان، وەزیر لەجیاتی چارەسەر و پلانی ئێستاو داهاتوو، لەرووی زانستیەوە باسی كرد و وتی كە ئەو تەماتەیە بۆ دۆشاو ناشێت، دواتر چەندین چاودێر و رۆژنامەنوس كەوتنە خۆ كە مەبەستی ئەوە نەبوە، بەڵكو ئەوەیە كە تێچونەكەی زۆرە، پاشان هەندێكی تر وتیان دەستی كار گرانە، پلانی باش نیە بۆ بەرهەم هێنان، جوتیاران بێ پلان كاریان كردوە، لە كاتێكدا خۆی هەموو ئەمانە بەرپرسیاریتی وەزارەتی كشتوكاڵە چارەسەری كات،بەڵام بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدرێت لۆمەی جوتیاران بكریت كە بەبێ بەرنامە بەرهەمیان هێناوە.

ئەم هەنگاوە پێمان دەڵیت كە سیاسیی ئەم وڵاتە دان نانێن بە هەڵەكانیانا و پێ دەچێت دان نان بە هەڵەدا لە سیاسەتی ئەم دەڤەرەدا نەبێت و ئەوەش بەشی زۆری كارەساتەكەیە، كە تا ئێستا یەك وەزیرمان نەبینی لەم قەیرانە قوڵەدا دەست لەكاربكێشێتەوە لەبەرئەوەی شەرم و حەیا نەماوەو كەس ئامادە نیە داوای لێبوردن بكات لە سیاسەتی هەڵەی خۆی، چ ئەوانەی ئێستا چ ئەوانەی ساڵانی رابردوو.

كە شەرم نەما ئیتر ئەبێت یەكێك بدۆزنەوەو لۆمەی بكەن لەسەر ئەو هەڵەیە، دەگەڕێن بۆ یەكێك یان گروپێك كە تاوانەكەی بخەنە پاڵ و لێی دەرچن، لە كوردستاندا ئەوەش ئاسانە یەكێتی دەیخاتە پاڵ پارتی، پارتی یەكێتی تۆمەتبار دەكات، پاشان ئۆپۆزیسیۆن دەیخاتە پاڵ دەسەڵات و دەسەڵات دابەشبون و لەناوخۆیاندا یەكتر تاوانبار دەكەن و لە ژێرەوە كاردەكەن بۆ ئەوەی بیخەنە ئەستۆی بێ پلانی جوتیاران، لێرەوە بازنەیەك دروست دەكەن كە جوتیاران تیایدا دەخولێنەوەو لەناو ئەو هەموو وەڵامانەدا وون دەبن.

ئەگەر دەرئەنجامەكەش بەڕێكەوت دەركەوت كە كۆمپانیای زەبەلاحی وڵاتانی دراوسێ رێگر بووە لەوەی تەماتەی خۆماڵی نەكرێت بە دۆشاو، یان حكومەت نەیتوانیوە هاوردەی ئەو بەروبومانە راگرێت كە لە ناوخۆ هەیە ئەوا نە دەسەڵاتی قەزایی هەیە لێیان بپرسێتەوە نە پارلەمان، لەو حاڵەتەشدا لێی دەردەچن نە داوای لێبوردن دەكەن نە سزاش دەدرێن.

لێرەدا مەسەلەكە تەنها كشتوكاڵ و وەزیرەكەی نیە ئەوە تەنها نمونەیەكە، بەڵكو ئەم قەیرانە هەموو وەزارەتەكان و سەرۆكی حكومەتی ئێستا و حكومەتەكانی پێشوش دەگرێتەوە، سیاسەتی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەبازنەی گەورەتردا دەخولێنەوەو هاوڵاتیان گێژ كردوە بەو هەموو خولانەوەیە لەبازنەی بۆشدا.

زانایانی دەرونناس و كۆمەڵناس پێیان وایە شەرم و حەیا لەسەر ئاستی تاكە كەس زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ و گۆڕانكاری باش دروست دەكەن، ئەوكاتەی بەرپرسێكی سیاسی شەرم و حەیا دەیگرێت و داوای لێبوردن لەهەڵەیەكی رابردوی دەكات زۆر گرنگ دەبێت.

نەمانی شەرم لە سیاسەتدا واتە شەرمكردن لەوەی سیاسیەكان ئەركەكانیان جێبەجێ نەكردوە، هەرەشەیەكی گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، هەرەشەیە بۆ سەر سەروەری یاسا، گرنگە سیاسی بزانیت كە شەرمكردن دەرفەتی گەورەی دەداتێ بۆ فێربوون، بۆیە لوتبەرزی و خۆ بەگەورە زانین لەبەردەم هاوڵاتیدا ئاكامی خراپتری دەبێت و متمانە لەدەست دەدەن. سیاسی لەم هەرێمە لەجیاتی شەرمكردن لە هەڵەكانی خۆی پەنا دەبات بۆ شەرمەزاركردنی بەرامبەرەكەی كە ئەمەش بەكارهێنانی شەرمە وەك چەكێك بەڵام بۆ بەرامبەر نەك بۆ خۆی.


PM:07:15:11/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 1624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی