زانکۆ یان دەواری دوای رەشەبا

‌ئارام سەعید


لەساڵی ١٩٨٩ کاتێک خوێندکار بووم لە زانکۆی موستەنسرییە لە کۆلیژی ئاداب بەشی زمان و ئەدەبی فەرەنسی، رەغد ی کچی سەدام لە بەشی وەرگێڕان بوو،کە لەھەمان بینادا بوو لەگەڵ بەشی فەرەنسی، رەغدی سەدام یان حسێن کاملی مێردی دەیھێنا، یان عودەی برای ، ئەو ڕۆژانەی کە دەھاتن ناو زانکۆ قات لەبەری تازەو خەڵکی نوێ لەبەردەمی بەشەکەمان و ناو کۆلیژ دەبینرا. تەنانەت نۆکاوی بەردەرگاو دەستگێڕیش زیادی ئەکرد. کە عودەی دەھات حورمەتی زانکۆ و مامۆستاکانی ئەبەزاند. چونکە ئەگەڕا بەناو زانکۆدا و مێبازی دەکرد و ھەندێک جار لەسەر قادرمەکا نی بەشەکەمان دادەنیشت بۆ کەیف و دەبوایە راگرو و سەرۆکی زانکۆ و مامۆستاکان بەدیاریەەوە بوەستن. لە سیمای ھەندێکیان دیار بوو ئەو سوکایەتیەو ھەندێکش لەوان بسکەی سمێڵیان دەھات و فەخریان دەکرد بەو ھەڵوێستە.

ڕاپەڕین کراو ڕزگارمان بوو لە سەدام، بەس بەداخەوە ئەقڵی سەدام لە سیاسیەکانی ھەرێم ماوەو گەر دەسەڵاتی ئەویان ھەبێت خراپتر دەکەن. لە کاتێکدا ئێمە خەونمان ئەوەبوو کە زانکۆ ببێتە دامەزراوەیەک و رۆڵی کاریگەری ھەبێت لە پێشخستنی کۆمەڵگا و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی گرنگی زانستی و تەکنەلۆژی و ببیتە سەرکردەی گەورەو بەھا باڵاکان. بەڵام ئێستا ئەوەی دەیبینین دامەزراوەیەکی ئیفلیجی تێکشکاوە کە ھەر بۆ ئەوەباشە بەرپرسە سیاسیەکان بانگ بکەن و لە پێش خۆیانەوە ریزیان بکەن و بڵێن ئێمە کۆیلەی ئێوەین.

مۆدێلی باوی حیزبایەتی و حوکمڕانیی لەکوردستان لەگیانەڵادایە ودامەزراوەکانیشی بەدوای خۆیدا گەیاندۆتە ئاستی خۆی. لە دونیادا ئەم مۆدێلە بەسەرچوەو کاتی ئەوەیە مۆدێلێکی سیاسی نوێ لەبری دابنێین تاوەکو ئەرکە سیاسی و ئابوری و کلتوریەکانی ئەم قۆناغەی کوردستان رابپەرێنێت نەک کۆمەڵیک بازرگانی سیاسی کە گاڵتە بە زانست و تەکنەلۆژیا دەکەن و بە پارەی نەوت خۆیان دەوڵەمەند دەکەن و زانکۆش نابووت دەکەن.

ئەم شێوازە لە حوکمڕانیی و حزبایەتی مۆدێلێکە بەسەرچووەو تەنھا زەبڕ وزەنگ ھێشتوێتەوە دەنا ئەو ھەموو سیاسیە بۆ دەچنە زانکۆ و خەڵات دەکرێن؟ ئەو یادەی زانکۆی سلێمانی بزمارێک بوو لە تابووتی زانکۆ، لە مەرگی داھێنان. لەکاتێکدا خوێندکار بێ کارەباو ئاوو سەرەتایترین خزمەتگوزاریە ئەو ھەموو سیاسیە چی دەکەن لەزانکۆ؟ لەجیاتی باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ دەیانەوێت بە میگزەمینی و ترس و تۆقین خوێندکاران ناچاربکەن بەو دۆخە رازی بن! بەلام تا کەی ئەم شێوازە بۆیان دەچێتە سەر؟


PM:12:41:01/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 3608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی