ئای بۆ ژنێكی سروشتی!!
هاژه باست حه‌مه غه‌ریب
ئه‌رێ ئێستا وای لێهاتووه هه‌موومان به نێر‌و مێ و گه‌نج و پیرو هه‌موو ره‌نگه‌كانمانه‌وه، به‌دوای به‌رهه‌مێكی سروشتی‌دا ده‌گه‌ڕێین، به‌رهه‌می سروشتی مه‌به‌ستم سه‌وزه و میوه‌و خۆراك نیه، به‌ڵكو ژن یان كچێكی سروشتی ده‌ڵێم. ژنێك كه نه لیو و سنگ و سمتی خڕ كرابێ نه رومه‌ته‌كانی هه‌ڵئاوسابێ، نه برۆ و برژه‌نگه‌كانی دانراو و كێشراو بن، نه قژی بۆ هه‌ڵواسرابێ، نه نینۆكی دانرابێت و ….. هتد، نوسیم هتد له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ندین به‌ناو جوانكاری تر به‌ڕێوه‌ن،
كه‌به‌داخه‌وه خه‌ریكه سروشتی مرۆڤ تێك ده‌ده‌ن. خه‌ریكه ده‌بێته عه‌یبه، كه ببینی ژنێك كه به‌یانی هه‌ستا له‌خه‌و پێش نان خواردن ده‌ست نه‌یاته كه‌ره‌سته‌ی جوانكاریه‌كانی و هه‌موو سه‌روچاوی خۆی تێنه‌نێت، ژنێك ئاماده‌بێت به‌بێ به‌كارهێنانی هیچ جوانكاریه‌ك و دوای ده‌موچاو شتن بچێته ده‌ره‌وه، ژنێك كه بۆ بۆنه‌و ئاهه‌نگێك ماكیاژێكی ساده‌ی كرد یه‌كسه‌ر هه‌ست بكه‌یت و بزانیت ئه‌مه له رۆژانی ئاسایی جیاوازه. جا ئه‌گه‌ر سه‌رنجێك بده‌ن جاران ئه‌و بوكه‌ڵانه‌ی له بازاڕ جلیان له‌به‌ر ده‌كرا بۆ نمایش شێوه‌یه‌كی سروشتیان هه‌بوو،
واته وه‌ك مرۆڤێكی ئاسایی ده‌ره‌كه‌وتن، ده توخوا ئه‌م جاره به دیقه‌ته‌وه سه‌یریان بكه‌ن، وابزانم سلیكۆن گه‌یشتوه‌ته ئه‌وانیش، ئاخر ئه‌و كۆمپانیایه‌ی ئه‌و بوكانه دروست ده‌كات ناهه‌قیشی نیه، ئه‌بێ بوكه نمایشكه‌ره‌كان وه‌ك ژنه نا سروشتیه‌كان بن ئه‌گه‌ر نا دوای كه جله‌كانیان كڕی ناسروشتی ده‌ره‌چێت. جاران پیاو كه ده‌یویست هاوسه‌رگیری بكات ده‌یوت، (ئای بۆ ژنێكی ئازا و گورج و گۆڵ، ئیشكه‌ر و پاك و خاوێن)، ئێستا ده‌بێت بڵێن، (ئای بۆ ژنێكی سروشتی).
PM:12:21:03/11/2018
ئه‌م بابه‌ته 3610
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی