به ئازاره‌كانمان پێده‌گه‌ین
هاژه باست حه‌مه غه‌ریب
ژیان پڕێتی له به‌رزی و نزمی و هه‌ورازو نشێو هیچ مرۆڤێك به‌بێ ئازار‌و بینینی سه‌ختیه‌كانی ژیان گه‌وره نابێت و فێرنابێت. له ژیانی هه‌موو مرۆڤێك ئازار هه‌یه، ته‌نها جیاوازی له جۆر‌و قه‌باره‌ی ئازاره‌كه‌یه، كه‌هه‌ندێك جار هیچ كه‌سێك لێی تێناگات ته‌نها خۆدی خۆت نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ش كه بۆكه‌سێكی باس ده‌كه‌یت و ده‌ڵێت، هه‌ستت پێده‌كه‌م، لێت تێده‌گه‌م، نه‌خێر هێشتا لێت تێناگه‌ن، ته‌نانه‌ت ره‌نگه به‌جۆرێكیش بێت نه‌توانی باسی بكه‌یت، یان تێ‌یان بگه‌یه‌نیت.
هه‌ندێك جار ده‌وترێت بۆ ئه‌وه‌ی پیاوان له ئازاره‌كانی ژنان تێبگه‌ن پێویسته رۆژێك ژن بن، كه‌به‌ڕای من بۆ ئه‌وه‌ی ژنانیش له پیاوان تێبگه‌ن پێویسته رۆژێك به‌و ژیانه‌ی پیاواندا تێبپه‌ڕن. بۆیه كاتێك كێشه‌یه‌ك، خه‌مێك، ئازارێكت هه‌یه وامه‌زانه ئیتر كۆتایی دنیایه، به‌ڵكو ده‌بێت دڵنیا بیت كه‌تێده‌په‌ڕێت و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونی كات بیریش ده‌چێته‌وه، ئه‌وه‌شی گرنگه ئه‌وه‌یه كه په‌ندێكی لێوه‌ربگریت و ببێت به وانه‌یه‌ك بۆ ژیانی داهاتوون نه‌ك به‌ته‌نها هه‌ر بۆ خۆت به‌ڵكو بۆ كه‌سانی ده‌وروبه‌ریشت، وه‌ك چۆن له پێشیینان وتراوه ( سوار تا نه‌گلێت نابێت به سوار).
ئێمه‌ی مرۆڤ بۆ به‌رده‌وامبونمان له ژیان پێویسته وانه له ئازاره‌كانمان و كه‌وتنه‌كانمان ببینین، نه‌ك ببینه دوژمنی خۆمان و ژیانیش به گشتی، وه‌ك چۆن نوسه‌ر و شاعیری لوبنانی جبران خلیل جبران له وته‌یه‌كیدا ده‌ڵێت (ئێمه له رێی ئامۆژگاریه‌وه فێرنابین ، ده‌بێت ئازار بچێژین ئینجا فێرده‌بین)، له‌مه‌وه تێده‌گه‌ین ئازاری هه‌موو مرۆڤێك وانه‌یه‌كه له وانه‌كانی ژیان.
AM:11:16:05/08/2018
ئه‌م بابه‌ته 2742
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی