مستەر ترامپ، ئابرامزەکانت جوانن

‌بەختیار شاخی


لە نوێترین جریوەیدا، مستەر دۆناڵد ترامپ، دەفەرمووێ: "دەبێ ئەم شەڕە بێکۆتاییانە کۆتاییان پێ بێت و نابێ گوێ لەو کەسانە بگرین کە داوا دەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنینەوە. ساڵی پاریش گوتیان دەبێت شانبەشانی کوردەکانی عێراق شەڕ بکەین بەڵام نەمان کرد، شەڕێکی بچووک رووی دا، جێمان هێشت و تەماشامان کرد و هیچ رووی نەدا".

جارێ جەنابی ترامپ، تۆ کە دووساڵ پێش ئێستات لەبیر نییە لەمەودوا کەمێک وردتر قسە لەسەر مێژوو بکە. پار نەبوو، پێرار بوو. شەڕێکی بچووک ڕووی دا؟ لە پیلانگێڕییەکی هاوبەشی سێ دەوڵەت و بەو چەکانەی ئێوە گوایە بۆ شەڕی تیرۆر پێتان بەخشیبوون، جەیش و جاشی زۆر و زەوەندی بەناو سوپای عێراق و تەواوی میلیشیای حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنان و سوپای قودس و پۆلیسی بەناو فیدڕاڵ، لەبەرچاوی ئێوە پەلاماری کوردیان دا. ئەو کوردەی ئێوە دەتانگووت "لەجیاتی هەموو جیهان شەڕ دژی تیرۆ دەکات و پارێزەری بەها مرۆییەکانە". کەچی خۆتان پشتتان لە هەموو بەها مرۆییەکان کرد و بوونە بەشێک لە پیلانگێڕی دژی کورد.

جەنابی ترامپ، ئەوەی لە شازدەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ڕووی دا، شەڕی بچووک نەبوو. ئێوەش تەنها تەماشاچی نەبوون. هێشتا ئاسەواری ئابرامزە تێکشکاوەکانی ئێوە لە مەیدانی شەڕ ماون. کەواتە ئێوەش ناڕاستەوخۆ بەشدار بوون. چاوتان لەوە پۆشی کە دوژمنی سەرسەختی ئێوە بە چەکی خۆتان پەلاماری دۆست و هاوسەنگەرەکانتان بدات.

 بەڵام ئەوە کورد بوو خۆی نەچەماند و وانەیەکی فێری ئێوەی بەناو دۆست و دوژمنانیش کرد: کورد خاوەنی دۆزێکی ڕەوایە و لەپێناویدا گیانی دەبەخشێ و بە ئیرادەوە بەسەر بەهێزترین چەکەکانیشدا سەر دەکەوێ.کورد سەلماندی کە ئەوەی لە شەڕدا ناشکێ ئابرامزی ئەمەریکی نییە، بەڵکوو ئیرادەی کوردایەتییە کە هیچ هێزێک نایشکێنێت. بەڵێ ئاغای ترامپ، کورد خۆی نەچەماند و ناچەمێنێ. دەزانین لەوەتەی مێژوو هەیە خیانەتمان لێ دەکرێ، دەزانین گەلێکی تەنیا و بێ کەسین، بۆیە خۆمان ناو ناوە پێشمەرگە. مەرگ هەڵدەبژێرین، نەک سەرشۆڕی و ژیانی ژێردەستەیی.


AM:10:34:13/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی