نەمدەنێ، دەیشێوێنم!

‌بەختیار شاخی

دوای ڕاپەڕین، لە زستانی ١٩٩١، ڕێكخراوێك پەیدا ببوو، ناوی (كۆمەڵەی دڵدارانی كوردستان) بوو. ناسنامەشیان بۆ ئەندامانیان دروست كردبوو كە بەپێی ڕەگەزی خاوەنكارت، درووشمێكی لەسەربوو. بۆ كچان نووسرابوو: نەمدەنێ،  خۆم دەسووتێنم! ھیی كوڕانیش: نەمدەنێ، دەیشێوێنم!

  ھەندێ بەرپرسی ئێستای یەكێتی، دەڵێی ئەندامی ئەو كۆمەڵەیەن نەك حزبێكی گەورە و ٤٤ ساڵە.  ھەر شتێكیان بەدڵ نەبێ، مایكێك بەدەستەوە دەگرن و دەڵێن: بەدڵی ئێمە نەبێ، دەیشێوێنین.
   *

شازدەی ئۆكتۆبەر، پیلانێكی گەمژانە، كورتبینانە و (پارتینەناسانە) بوو. وایان دانابوو، پارتی و بنەماڵەی بارزانی ڕادەماڵن و خۆشیان دەبنە حەرەس حدود و بەنوێنەرایەتیی حەشد، دەبنە پۆلیسێكی موخلیسی بەغدا  لە كوردستان.

كە پارتی لە پردێ و سحێلا و تلسقۆف ئەو پیلانەی لەگۆڕ نا، دەبووایە خەبەریان بێتەوە و چیدی بیر لە پیلانگێڕی و (گۆڵكردن) لە پارتی نەكەنەوە، كەچی وەك نە بایان دیبێ و نە باران،  دیسان بە ھەمان عەقڵییەتەوە،  بیریان بۆ لای پیلانگێڕی، یا بە قەولی خۆیان پلان B و پلان C، دەچێ.

ئەرێ ژیرێك لەناو یەكێتی پەیدا نابێ پێیان بڵێ:
١- مەگەر پێش شازدەی ئۆكتۆبەر، ئێوە فەرمانڕەوای كەركووك نەبوون؟ پارێزگار ھیی ئێوە نەبوو؟ بۆ واتان لەو شارە كرد كە ئێستا خۆتان بە (عدم تعرض) بچنەوە ناو شار؟

٢-مەگەر لە شازدەی ئۆكتۆبەردا كە (پیلانA بوو نەك پلانA)، ئێوە كەركووكتان بە پارتی فرۆشتووە كە ئێستا وا بە ڕووقایمییەوە داوا لە پارتی دەكەن پارێزگاری كەركووكتان بداتەوە؟

٣- سیاسەتی (سەد یا سفر) پێشتر چ خێرێكی بۆ ئێوە ھەبووە كە ھێشتا لەسەری دەڕۆن و ھەڕەشەی ئەوە دەكەن كە ئەگەر ھەموو شتێ بە دڵی یەكێتی نەبێ (تێكی دەدەین)؟

٤- ئەوانەی كەركووكیان بەم دەردە برد، ئەوانەیش كە دەیانەوێ لەسەر حیسابی كادیر و پێشمەرگە دڵسۆزەكانی یەكێتی، حەیا و حورمەتی تكاویان وەدەست بھێننەوە، باشتر وایە  لەخەو ڕابن، بەم پیلانۆكە و گەمە ناشرینانەی ئەوان، پارتی و ماڵباتی بارزانی نەك ھەر لاواز نابن، بەڵكوو زیاتر لەناو خەڵكی كوردستاندا ڕەگ دادەكوتن. نموونەش كاریگەریی خراپی شازدەی ئۆكتۆبەر لەسەر دەنگەكانی یەكێتی و زیاتر بەھێزبوونی پارتی لەھەردوو ھەڵبژاردنی كوردستان و عێراقە.

٥- زیزبوون و ھەڕەشەی دووئیدارەیی و ناكۆكی، جگە لەزیان ھیچی لێ شین نابێ. دەبێ دوو سەركردەی عاقڵ لەناو یەكێتی ھەبن كە دەست ھەڵبڕن و بڵێن: ئیتر بەسە، پەنجاوپێنجساڵە ڕێی ناكۆكیمان گرتۆتەبەر، كەچی تەنھا ئەو چەند ساڵە ھەموو خەڵك خۆشحاڵ و وڵات ئارام بوو كە لەگەڵ پارتی تەبا و ھاوپەیمان بووین.

ئەگەر خزمەتی گەل و وڵاتتان دەوێ، بگەڕێنەوە بۆ ئیرادەی گەل وچیدی خۆپەرستی و خۆسەپاندن مەكەنە ڕێكاری خۆتان.

خەڵك ئارامی دەوێ، ژیانی دەوێ،  سەقامگیریی ئابووری و بازاڕی بووژاوەی دەوێ. دوای ٢٨ ساڵ ئازادی، كەس نایەوێ ژێردەستە بێ.


PM:01:23:20/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 2408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی