ئایا تەزویر کرا؟

‌محەمەد نوری

سەرەتاکە

بەڵێ تەزویرکرا، ھیچ ھەڵبژاردنێکیش بێ تەزویرو ساختەکردنی دەنگ ھەم لەعێراق‌و ھەمیش لەکوردستان تێپەڕنابێت. بەڵام بادەستبکەین بەچیرۆکەکە.

ترس لەوان

لەکەلتوری یەھودییەتدا ئەفسانەیەک ھەیە کە بە(گرێی موسعدە )ناسراوە.ئەم ئەفسانە باس لەوەدەکات کە سەدان یەھودی لەترسی پەلاماری سەربازە مەسیحییە رۆمانییەکان رادەکەن و لە قەڵایەک کەناوی قەڵای موسعدەیە خۆیان دەشارنەوە ،لەترسی ئەوەی کە نەبادا سەربازەکان بیانکوژن یان بەدیل بیانگرن ھەر لەو قەڵایە دا دەمێننەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانن بڕیاری روبەڕووبونەوە بدەن، بۆیە بڕیار دەدەن ھەمویان خۆیان بکوژن . ھەمیشە ئەم چیرۆکە بۆ ئەوە دەھێنرێتەوە کە ھەندێک جار ترس ودڵەراوکییەکان گەورەترن لە خودی مەترسییەکە ،دەشێت سەربازەکان روێشتووبن ولەوێ نەمابن ،یان ژمارە و ھێزیان کەمتربێت لەوانەی لە قەڵاکە خۆیان شاردووەتەوە،بەڵام ئەوانەی ناو قەڵاکە ئامادە نین رووبەڕووببنەوە و رۆحی بەرەنگاربوونەوەیان پێ نییە. بۆیە لە نەبونی ئەو بوێرییە مردن ھەڵدەبژێرن ..

ئایا ھێزەکانی دەرەوەی یەکێتی وپارتیش توشی ھەمان ترس وگرێ نەبوون ؟بۆ ئامادەنین راستەخۆ روبەرووی ئەم دوو ھێزە ببنەوە ؟بۆ بەشەرمەوە مامەڵە دەکەن ؟بۆ ھەموو تەزوو وتاڵەکانی پەیوەندی نێوانیان ناپچڕینن ؟بۆ لەھەڵمەتی ھەڵبژاردن تا ئەوسەری توند، توند دەبن ،بەڵام دواتر دەبنەوە دۆست وبراو ئەحباب ؟ گەورەترن کێشەئەوەیە ئەم ھێزانەی دەرەوەی یەکێتی وپارتی خۆیان ئەم دوو حزبە گەورەدەکەن و وێنەیەکی گەورەیان پێدەدەن ،کێشەکە ئەوەیە خۆیان قبوڵی دەکەن پارتی ویەکێتی دەرگای پەرلەمانیان لێداخەن و پۆستیان نەدەنێ و بچووکیان بکەنەوە وتەقەیان لێ بکەن ،خۆیان سازش لەسەر پێگەی خۆیان دەکەن .کاتێتی گۆڕان وکۆمەڵ زۆر بەراشکاوی ئەو پرسیارە بکەن :بۆبە ٣٠کورسی پەرلەمانی کوردستانەوە نەیانتوانی ھەژانی سیاسیی گەورە لەم ھەرێمەدا بکەن ؟لەکاتێکدا بەھەموو پێوەرەکان ئەم وڵاتە سێ شارییە نوقمی گەندەڵی وقەیران و ھەژارییە؟ ئایا پێشڕەوایەتی جوڵاندنیان پێ ناکرێت ؟یان کارتەکانی دەستی ئەو لایەنانە سوتاوون ؟لەدوای شکستی ریفراندۆم و ١٦ئۆکتۆبەر و بێ مووچەیی، ھەڵویستی گەورەی ئەم لایەنانە چی بوو؟ ئەی دوای ئەم ھەڵبژاردنە چی دەبێت و چی بوە؟ ئایا دادەنیشین بەدیار بەیاننامەوە یان ھەنگاوی تر دەنێن؟

دەنگ بدە بە 'کاف' بۆیە 'لام' دەربچێت

ھەر ئەو شەوەی ھەڵبژاردن تەواو بوو شەش لایەنەکە یەکسەر بێ ھیچ لێکدانەوەیەک ھاواریان کرد :دەنگمان دزراوە ،بەدەنگی بەرز باسی جۆرێک لە ھاکیان کرد کە بریتییە لەوەی: ھاوڵاتیان کاتێک چوون دەنگیان داوە بەلیست و کاندیدێک راستەوخۆ ئەو دەنگە بۆ لایەنێکی تر چوە و بۆ لایەنێکی تر ئەژمارکراوە ،.ئەمە چەند دروست وراست بێت (بابەتی ئێمە نییە)بەڵام تۆخکردنەوەی ئەم دێڕە وادەکات خەڵک بێ ھیوا بکرێت لە دەنگدان ، وادەکات ئەو قسەیە بکەیتە باوێکی سیاسیی کە نەچم وبشچم بۆ دەنگدان خۆ ھەر دەنگەکەم بۆ پارتی ویەکێتی دەڕوات .ئەم قسەی کە بڵاوکرایەوە و بووە چەسپاوێک لەم ھەڵبژاردنە ئەوەندی زیانی بۆ شەش لایەنەکە ھەبوو ئەوەندەش قازانجی بۆ ئەو دوو حزبەھەبوو .ناکرێت تۆ بە ئاشکرا بڵێت دەنگی تۆی گۆڕانخواز چووە بۆ ھەڤاڵی یەکێتی ،یان دەنگی تۆی ھاودید گۆازراوەتەوە بۆ ھەڤاڵی پارتی .ئەگەر ئەم حاڵەتەش رووی دابێت (بەڵێ تەزویر کراوە)بەڵام ناکرێت بەم شێوەیە و بێ ئەوەی رونکردنەوەی دروستت ھەبێت خەڵک یەکسەر بێ ئومێد بکەیت لەوەی کە رووی داوە .ئەم رستەیەی کە وترا بێ بیرکردنەوەی سیاسی فڕیدرایە ناو ھاوڵاتیانەوە ،کە شێوەیەک لە نائومێدی بەخشییە دەنگدەران.دەبوو وردتر و ئاگادارتر باسی تەزویریان بکرایە.

تەزویرەکە کرا

گریمان ھەموو قسەی شەش ھێزەکە راستە ،گریمان کۆی کورسی یەکێتی وپارتی بەتەزویر ھاتوە .گریمان یەکێتی وپارتی بەھۆی ھاکەوە دەنگیان ھێناوە ،گریمان تەنانەت کادر و لایەنگرانیی خۆشیان دەنگییان بە یەکێتی وپارتی نەداوە..ئەمانە گرنگ نییە ،ئەمە دێوێکی یارییەکە،دیوی سەرەکی ئەوەیە کە تا ئێستاش ھەوڵنەدراوە کۆی دەنگە ناڕازییەکان قەناعەت پێبکرێت کە بچن دەنگ بدەن .سەیر نەبێت لەوەی کە رێژەی بەشداربوان یان رونتر بنوسین رێژەی دەنگدەران کەمتر بوو لەرێژەی دەنگنەدران .(دەوترێت رێژەی بەشدرابووان کەمترلە سەدا پەنجا بوە)ئەگەر ئەمە راستبێت ،دەبێت لەوە دڵنیابین کە زۆربەی ئەوانەی بەشداریان کردوە کادر ولایەنگرانی یەکێتی وپارتی بوون ،بەشێکیش ئەندامان و لایەنگرانی ھێزەکانی تربوون .کەواتە دەنگە خۆڵەمیشییەکان ودەنگە توڕە و ھەڵچوەکان ودەنگە گڕەکا نی ناو فەیسبووک کەمترین بەشدارییان کردوە.

دەبێت سەرکردەی ھەموو حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی وپارتی ئەو پرسیارە ئاڕاستەی خۆیان بکەن :بۆ نەیانتوانیوە قەناعەتی دەنگدان وباوەڕی سزادان لەرێی دەنگەوە لای ھاوڵاتیان بچەسپێنن .بۆ گەنجێک کە سێ ساڵە زانکۆی تەواوکردوە یان دەستگێڕێکی بازاڕ یان کچە شەھیدێک یان کوڕە سایەق پاسێک ئەو باوەڕی لا نەچەسپیوە کە بچێت بەھۆی دەنگییەوە سزای سیاسیی ئەو لایانانە بدات کە ھۆکاری قەیرانەکانن .بۆیە بەر لەوەی باس لە تەزویر بکرێت ،دەشبێت بە ھەمان قورسایی باس لەوەبکرێت بۆ ختابێک دروستنەکرا قەناعەت بە خەڵک بکرێت کە دەنگدان خاڵی وەچەرخانە .ئەو پرسیارەی ھەموو سەرکردەی حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی وپارتی دەبێت لە خۆیان بکەن:چۆن دەنگ و ھاوڵاتیی ئاشت دەکەنەوە ..ئەوکاتەی رێژەی بەشداربوان بەرزبوە ،مەنچیە خان ناتوانیت دەنگی کاروان بەرێت و ئاسۆش تەنھا لەرێی فەیسبوکەکەیەوە توڕەنییە بەڵکو بە پەنچەشی دەیەویت ژیان لەم ھەرێمە بگۆڕێت . بۆیە ھەرچۆن باس لە تەزویر دەکرێت،با باس لە نەجوڵاندنی دەنگدەریش بکرێت کە ناچیت بۆ پرۆسەی دەنگدان .


PM:01:50:31/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 2916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی