خەونی ھاوبەش بە فڕێدانی ھەستی شارچێتی دەستپێدەکات

‌نیاز عه‌بدوڵڵا



٢٧ساڵی حوکمڕانی خۆماڵی کوردی لە کۆی ٢٣٤ساڵی مێژووی شاری سلێمانی، لە زۆر قۆناغدا خەڵکی ئەو شارەی ناچار کردووە بەراوردی تاوانە خۆماڵییەکان بە تاوانەکانی سەردەمی بەعس و مولازم موحسین بکەن.

حکومەتی ھەرێم و جووت حیزبەکە و ھێزە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییەکان، چەندین ساڵە کەڵک لە خەونی شانازی شار و نازناوی "شاری رۆشنبیری" وەردەگرن. لەپەنای تێکەڵکردنی گۆشت و خوێن و سۆز و ناڕەزایی و قوربانیدانی خەڵکی سلێمانی، بەشێکیان خوێنی خۆیان تێکەڵ بە خوێنی پارتی و یەکێتی کردەوە لە ھەمان شێوەی دەسەڵات، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندی کەسی و بەھۆی لاوازی فیکر و ئیرادەیان.

سلێمانی پێویستی بە بونیادنانی راستەقینە ھەیە لەسەر بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری.
بەرزکردنەوەی باڵەخانە و تاوەرەکانی سەرمایەدارانی حیزبی مانای خزمەتی خەڵک و شار نییە، لە کاتێکدا ھاوڵاتییەکی داھات مامناوەند ناتوانێت ژمە خواردنێکی تیا بکڕێت و بخوات.

لە درێژەی ئەو سیاسەتانە، سلێمانی و ھەولێر وەک یەک رووبەڕووی جیاوازییەکی گەورەی چینایەتی و سڕینەوەی یادەوەری و مێژوو بوونەوە، تاوانی گەورە لەبەرامبەر ھاووڵاتیان ئەنجامدرا، بەڵام دەسەڵات بە قوڵی کاری بۆ دابڕینی خەڵکی ئەم دووشارەو بەھێزکردنی ھەستی شارچێتی و پیرۆزی ناوچە و دژایەتی خەونی ھاوبەش کرد.

شەرەفمەندم بە بوونی مرۆڤە باش و بەتوانا و ئازاکان لە سلێمانی، بەڵام لە ھەرکاتێکی رابردوو جیاوازتر پێویستمان بە فڕێدانی شانازییەکانی شارچێتی و ناوچەگەرێتییە.

پێویستە ئەم دونیا لۆکاڵ و شارچێتییە بگۆڕین بۆ خەون و گۆڕانکاری گەورەتر لە کوردستان، خەونی ھاوبەش لەگەڵ گوند و قەزا و ناحییەکان و ماڵە ھەوار نشینەکان، بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆڤ و مافەکانیان لە ھەر شوێنێک بێت.


AM:10:16:15/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 2765 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی