پەیامێکی کورت بۆ گۆڕان
نیاز عهبدوڵڵا
بیانووەکانی خانەی راپەڕاندن بۆ دەرکردنی پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر، پابەندنەبوونی ناوبراوە بە بەرنامەی کارەکانی گۆڕان.
بەڵام لە دوای ھێرشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆسەر مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە و راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی ١٢ی ئایار، بەھۆی بانگەشەکردن بۆ دروستکردنی ھێزێکی چەکدار لە لایەن سەرکردە و ھەڵسوڕاوەکانی، ئێستا گۆڕان پڕە لەو کەسانەی لە پەیڕەو و دەستووری بزووتنەوەکە بە شێوەیەکی بنچینەیی فیکری و سیاسی لایانداوە و دەخوازن بزووتنەوەی گۆڕان لە بزووتنەوەیەکی سیاسی مەدەنییەوە بکەن بە بزووتنەوەیەکی سیاسی چەکدار، ئەمەش بە پێچەوانەی بنەما دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەیە لە دژی میلیشیای حیزبی و شەرعییەتی چەکداری و شۆڕشگێڕی.
کەواتە گۆڕان لەبەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدایە، بەوەی:
ئایا دەستووری حیزبەکەی دەگۆڕێت بۆئەوەی خواستی چەکدارکردنی سەرکردە عاشق بە چەکەکان بەدیبھێنێت تا ببن بە پارتی و یەکێتی-یەکی تر؟
یان دەست دەکات بە دەرکردنی ئەو سەرکردە و ھەڵسوڕاوانەی بەرنامەی بنچینەیی حیزبەکە جێبەجێ ناکەن؟
گۆڕان لە ئەگەری بەڵێی ھەردوو ھەنگاوەکەدا زیانی سیاسی لە رابردوو و ئێستا و داھاتووی خۆی و کۆی پرۆسەی سیاسی ھەرێم دەدات. بۆیە لەبری دەرکردنی وەزیر و پەرلەمانتار و ئەندامانی تر لە ریزەکانی، باشترە کەسانی شیاو بۆ پێگەی شیاو ھەڵبژێرێت. لەبری بانگەشەکردن بۆ خەباتی چەکداری بەرەی ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی بەھێز بکات.
PM:01:47:29/05/2018
ئهم بابهته 15509
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی