هەڵبژاردن... یان بێ بەهاكردنی دەنگی خەڵك

‌هیوا سەید سەلیم


دەوترێت ئامانج لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵك، هەروەها هەڵبژاردن  بەشداریكردنی خەڵكە لە دەسنیشانكردنی نوێنەرەكانیان لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە بۆ دەسنیشانكردنی نوێنەران بۆ دامەزراوەكانی یاسادانان و حوكمڕانی لە هەر سیستەمێكی سیاسیدا.

بەڵام لە سیستەمە دیموكراسیەكاندا بەشداری خەڵك لەو پرۆسانەدان وەك ئەركێكی هاوڵاتی سەیردەكرێت هەر بۆیەشە هاوڵاتیان بە ئیرادەی خۆیان لە هەڵبژاردنەكان بەشداری دەكەن یان بایكۆتی دەكەن.

ئەوەی چەند جارێكە لە هەرێمی كوردستان بەناوی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بەوەی ئەو جارەی عێراقیشەوە،  كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە 15/5 ئەنجام درا پێچەوانەی پرۆسەی دیموكراسیەكان شكایەوە، هەر بۆیەشە سێ مانگ بەسەر پرۆسەكە تێدەپەڕێت تا ئێستا دەرنجامەكانی بە فەرمی ڕانەگەینداروە.

بۆیە دەتوانین بڵێین ئەزموونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەمان پێدەڵێت كە هەلبژاردن لە لای ئێمە بریتیە لە بێ بەها كردنی دەنگی خەڵك، هەروەها حساب نەكردن بۆ رای خەڵك.

 ئەویش لە رێگەی یاریكردن بە دەرنجامەكانی هەڵبژاردن و تەزویركردنی دەرنجامەكانی دەنگدان، وەك ئەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكان مەبەستیانە و لەبەرژەوەندیانە.

لە ئێستادا كە جارێكی تر باس و خواسی هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گەرمە، وە بڕیارە لە 30 ئەیلول خەلك بەناوی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ببردێتەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان، قسەوباس لەسەر بەشداری یان بایكۆتی هەڵبژاردن لە نێو خەڵكی  و هێز و لایەنە سیاسیەكان بۆتە بابەتی رۆژ.

لەوبارەیەوە خەڵك دەپرسێت ئەگەر حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات نەتوانن داكۆكی لە دەنگی لایەنگرانیان بكەن،  بەشداری ئێمە چ مانایەك دەدات؟  

لە نێو حزبەكانیش گفتوگۆی جدی لەسەر ئەو پرسە هەیە، چونكە ئەركی حزبەكان لە كاتی دەنگدان بریتیە  لەوەی خاونداریەتی لە دەنگی خەڵك و دەنگدەرانیان بكەن ،  بە دیوێكی تریش بە بەشداریان لە پرۆسەیەكی نا شەفاف و نادیموكراسی زیاتر شەرعیەت دەدەن بە پرۆسەكە بۆیە گرنگە كە حزبەكان سەبارەت بەو پرسە بڕیاری درووست بدەن.

لە هەرێمی كوردستاندا لەگەڵ ئەوەی كە كۆمسیۆنێكی فرە حزبی هەیە بەناوی ( كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان)  كە پێنج حزب تێیایدا نوێنەرایەتیان هەیە و ئەو كۆمسیۆنەش سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەكات، بەڵام هێشتا كۆمسیۆن نەیتوانیوە دڵنیایی تەواو بداتە هاوڵاتیان لەوەی هەڵبژاردنێكی خاوێن ئەنجام دەدات، گرفتی سەركیش لە تۆماری دەنگدەران میكانیزمی سەرپەرشتیكردنی هەلبژاردنەكانە، كە لەو بارەیەوە هەرێم خاوەنی ئەزموونی خرابە.

گرفتی گەورە لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان بریتیە لە بێمتمانەی خەڵك، كێشەش لەوەیە  كە  هەموو جۆرە كاردانەوەیەكی خەڵك لە بەرامبەر هەڵبژاردن و پەنابردنە بەر بایكۆتكردنی پرۆسەكە دەچێتە خزمەتی هێزەكانی  دەسەڵات.

بۆیە خەڵك لەو نێوانەدا تێماوە، بەشداری دەكات دەستكاری دەنگی دەكرێت، بەشداری ناكات هەڵوێستەكەی دەچێتە خزمەتی ئەو هێزانەی كە ئەوان  لێیان ناڕازین.

ئەو دۆخەی كە لە كوردستان هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە بێمتمانەی خەڵك لەبەرامبەر هەڵبژاردن، لە حزبە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات دەخوازێت،  كە بڕیارێكی درووست بدەن،  كە لە خزمەتی خەڵك و پرۆسەكەدا بێت.

ئەویش بەوەی ئەگەر بڕیاری بایكۆت دەدەن،  با بڕیارەكەیان جەماعی بێت تا كاریگەری لەسەر پرۆسەكە دابنێت، چونكە بایكۆتكردنی بە كۆمەڵ،  شەرعیەتی پرۆسەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.


AM:10:23:06/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 1757 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی