سەرسامم...

‌یاسین عومەر


دەستخۆشیی لە ددانبەخۆداگرتن و ناتوندوتیژیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم لە بەغدا کە لە بەرانبەر خۆپیشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی هێمن بوون و هیچ پەرچەکردارێکی ناشارستانیی و توندوتیژانەیان نەنوواند.
هیوادارم (پدک) ئەزموونی مامەڵەی ناتوندوتیژانەی لەگەڵ نەیارە عەرەبیی و فارسیی و تورکییەکاندا بگوێزێتەوە بۆ ناوخۆ و لەگەڵ هاونەتەوە و هاوجنسەکانی خۆشیدا بە هەمان مێتۆد مامەڵە بکات.
پارتی لە مێژووی ٧٢ ساڵەی خۆی و بە تایبەتی لەو چرکەساتەوەی بۆتە حیزبی بنەماڵەی بارزانییەکان، تۆمارێکی پرشنگدار و جێی شانازیی هەیە لە شەڕ نەکردن لە بەرانبەر دوژمنەکانی کورددا و هەمیشە ڕووبەڕوونەبوونەوە و هەڵهاتن و ناتوندوتیژیی ستراتیجی سەرەکیی بووە، لە ١٩٧٥ەوە هەتا ئەمڕۆ کە لە بەغدا بارەگەکەیان سووتاند.
جیاوازییەکی بەرچاوی نێوان یەکێتیی و پارتیی ئەم بەرخوردەیە لەگەڵ پرسی توندوتیژیی، یەکێتی توندوتیژە و پارتییش، بەڵام مێژووی یەکێتیی لەگەڵ توندوتیژییەکەی لە بەرانبەر نەیارە کوردەکانی، هەمیشە لە بەرانبەر نەیارە ناکوردەکانیشدا توندوتیژ و زەبربەدەست و بگرە جەربەزەش بووە. یەکێتیی لە مێژووی دامەزراندنیەوە هەتا مردنی تاڵەبانی دەیان داستانی ناوخۆیی و دەرەکیی هەبووە کە هەندێکیان مایەی سەرسامیی و بڕێکیشیان مایەی بێزلێکردنەوەن.
کۆی توندوتیژییەکەی پارتی ئاراستەی خودی کۆمەڵگەی کوردییە، هەموو مێژووی ئەم حیزبە شەڕێکی لەگەڵ نەیارە ناکوردەکانی تێدا نییە کوژراوەکانی گەیشتبنە سەروو سەد کەس. ئەم هێزە لنگاوقووچ توندوتیژیی دەکات، پێویستە بخرێتەوە سەر پێ، وەکو فەلسەفەکەی هیگڵ وایە کە مارکس دەیوت ئەو هەڵیگێڕاوەتەوە، داد بۆ مارکسێک پارتی بخاتەوە سەرپێ.


PM:01:48:17/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 2892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی