کتێببەخش

‌یاسین عومەر


 لە یەکێک لە کتێبخانەکان دانیشتبووم، گەنجێک سەیری ڕەفەی سەرەوەی کتێبخانەکەی دەکرد، من لەگەڵ کتێبفرۆشەکە دانیشبووم و چام دەخواردەوە، کاکە وتی ئەو کوڕە دەبینیت؟ وتم کامە؟ وتی ئەوەی سەیری کتێبەکان دەکات؟ وتم ئێ چیرۆکی ئەمە چییە؟ وتی سەیرە، ئەوە زۆر عاشقی کتێبە، تەقریبەن هەموو ڕۆژێک دێت سەیری بۆکسی ئەو کتێبانەی یۆستاین گاردەر-ی ڕۆماننووس دەکات کە ئەندێشە لە چاپی داون، بەڵام دیارە دەستکورتە و بۆی ناکڕدرێ، هەر جارێکیش بێت پرسیاری نرخەکەی دەکات. هێندەی پێ نەچوو بەرەوڕوومان هات، وتی ئەو بۆکسەی کتێبەکانی گاردەر بە چەنە؟ کاکەش وتی بە ١٠٠ هەزار، وتی باشە زۆر سوپاس. ڕۆیشت.

زۆر دڵم پێی سووتا و سەردەمانی نەوجەوانی خۆمم هاتەوە یاد، ئەو کاتەی تا مۆخ عاشقی کتێب بووم و بۆم نەدەکڕدرا، کتێب کەم بوو، کتێبخانە زۆر کەمتر، خواستن بۆ دوو یان سێ ڕۆژ بوو، بە دەگمەن لە ماڵێکدا کتێبخانەیەک هەبوو.

ئەوکاتەی لە کتێبخانەکە دانیشتبووم؛ دوور لە ئێستا لە پرۆژەیەکی ڕێکخراوی یونسکۆ کارم دەکرد و پارەکەم کەم نەبوو، سێ مانگ نەچووبووم لە بانک پارەکەم ڕابکێشم و ئەو ڕۆژە هەر سێ مانگەکەم بە یەکەوە ڕاکێشا، گیرفانم گەرم بوو، بەڵام قەرزداریش بووم، وەلـێ هێشتا پارەکە بەشی بەخشینی هەر تێدا بوو.

پێش ئەوەی چیرۆکەکە تەواو بکەم دەمەوێت شتێک ڕوون بکەمەوە، من کەسێکی دەستبڵاو نییم و زۆر زۆر ڕێزی پارە دەگرم و هەندێجار گیریشم، بەڵام خودی پارە خۆی ئامانجی من نییە لە ژیاندا، سەرباری ئەوە دەشزانم پارە پاوەر و توانستە، هەرچەندە خۆی لە خۆیدا و تەنیا لە گیرفان یان لە تاکی کانتۆر یان لە قوڵایی قاسە و بانکەکاندا ئەرزشێکی نییە ئەگەر تەرجەمە نەکرێ بۆ شتێکی واوەتر لە خۆی.. پارە وەهمێکی گەورەیە کە دەکرێت شتی زۆر ڕاستەقینەی پێ بکەیت. من هەمیشە ئامانجم بووە پارە تەرجەمە بکەم بۆ شتێکی زۆر باڵاتر لە کاغەزێک، باشترین شتێکیش بە پارە بکرێت ئەوەیە: کەسێک، یان شتێک دڵخۆش بکات جا مرۆڤە دارە یان ئاژەڵ و گیانلەبەر.

بە کتێبفرۆشەکەم وت ئەمە پارەی ئەو بۆکسە، ئەگەر ئەم جارە هاتەوە بیدەرێ، بەڵام بە هیچ جۆرێک ناوم مەهێنە و با نەشزانێ من بووم. ناکرێت ئاماژەی پێ نەدەم کە کتێبفرۆشەکەی هاوڕێشم ئامادەبوو نیوەی پارەکە ئەو بیدا، من قبوڵم نەکرد و بە تەنیا هەموو پارەکەیم دا.

چەند مانگێک دواتر بە ڕێکەوت کتێبفرۆشی هاوڕێمم بینیەوە، وتی کاکە ئەوە بۆکسی کتێبەکەم دا بەو کوڕە، زۆر زۆر دڵخۆش بوو و زۆریش هەوڵیدا بزانێ کێ ئەو چاکەیەی لەگەڵ کردووە، من نەمدرکاند، بەڵام دڵنیات دەکەم ئەوەندە دڵخۆشت کردووە ئەگەر لەسەر ئەوە نەچیتە بەهەشت بە هیچی تر ناچیت.

جا من خوویەکم هەیە هەر کتێبێک دەیبەخشم لە کاغەزێکدا تەنیا بە خەتێک ئاماژەی پێ دەدەم، هەفتەی پێشوو کتێبە بەخشراوەکانم ژمارەیان گەیشتە ٢ هەزار دانە کتێب، ئەو ٢ هەزار کتێبە زۆرینەیان خۆم بە دیاری کڕیومن، بەشێکیانم بۆ هاتووە و لە خۆم زیاد بووە یان دووبارە بووە یان کتێبەکە بۆ من گرنگ نەبووە، هیچ کتێبێک لەو کتێبانە کتێبی خراپ نەبوون و هەموویان شایەنی هەدییەکردن و خوێندنەوە بوون، ئەو ٢ هەزارە نزیکەی ٨٠٠ کتێب ناگرێتەوە کە تەنیا ئەمساڵ بۆ کتێبخانەکانی زانکۆی هەڵەبجەم پەیدا کردووە، ئەو کتێبانەش ناگرێتەوە کە لێم دزراون، ئەوانەش کە برادەران بردوویانن و نەیانداومەتەوە. ئەوە جگە لە بەخشینی نزیکەی ٢٣٠ کتێبی منداڵان بە باخچەی ساوایانی وەسان کە مەولانای کوڕمی لێیە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن.

بۆچی ئەمە باس دەکەم؟ بۆ خۆهەڵکێشان و فشەکردن؟ درۆ ناکەم ڕەنگە بڕێک لەوەشی تێدا بێت، بەڵام شتەکە لەوە گەورەترە... من بەو بەخشینانە نەک کەمم نەکردووە، بگرە سێ قات و چوار قات کتێبی دیکە یان پارەم هاتۆتەوە دەست، هەر کتێبێکم بەخشیوە لە بەرامبەریدا یان تەندرووستی، یان دڵخۆشیی، یان ڕێز یان کتێب یان پارەم هاتۆتەوە دەست، بۆیە لە بری ئەوەی سوپاس بکرێم من سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە کتێبەکانی منیان بە دیاریی وەرگرتووە. ببەخشە، باشترین شتیش بیبەخشیت کتێبێکی باشە. ئەم وانەی بەخشینە لە ڕەوانشاد م. شەماڵ موفتییەوە فێر بووم، یاد و یادەوەری گوڵاپرژێن دەکەم.


PM:03:52:08/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 2305 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی