پشتاو پشت

‌رێبین عومەر


لەم هەرێمەی لەمەڕ خۆمان زۆر شتی جوان و توحفە روودەدەن .كە تەنها براندی ئەم هەرێمەیە و  لە ووڵاتە دواكەوتووەكانی دنیاش رەنگبێت هاوشێوەیان هەبێت كە ناكرێت  وەك خوویەكی خراپ چاوی لێبكرێت.

 زۆر كەس كە شرۆڤەی دۆخی هەرێمی كوردستان دەكەن بەردەوام بەراوردی بەخراپترین ووڵاتانی دنیا دەكەن هەر لەبەر ئەوەش دنیا بینینت وەهای لێدێت كە دێیتە سەر ئەو قسەییەی چاكی مەكە باخراپ نەبێت.

ئەوان نایەن تا ئێرە كە خاكێی دەوڵەمەندە بەراورد بكەن بە ووڵاتە پێشكەوتوەكانی دنیا كە گەلەكەیان لە سەروەت و سامانەكەیان سودمەندبوون و بەخۆشی لە سێبەریدا دەژین.

هەرگیز لەگەڵ ئەوە نین "كوڕی هیچ سیاسییەك لەبەر ئەوەی باوكی سیاسی بووە ئەویش سەلیقەی سەركردایەتیكردن وەك نەشئەی لێیبدات و خۆی بكاتە سەری سیاسی ووڵاتێك" نموونەو هاوشێوە زۆرە بەڵام گرنگە باس لەوە بكرێت كە لەم رۆژانە ئاشنای ناوی لاوێكی تازە پێگەیشتووبووین كە بە یەك فڕكە پلە زانستییەكانی بڕییوە و بە ئەندازەی هەناسەدان بۆتە سەرۆكی زانكۆیەكی باوەڕ پێكراو لە كاتێكدا هیچ مەرجێك لە كەسێتی زانستی ئەو نییە، بینیمان ئەم سیاسیانەی هەرێم زۆركات نازانن نەوەكانیان لەكوێوە داخڵ بن هەرلەبەر ئەوەش جۆرە پلەو پۆستیان بۆ ئەدورن و لەبەریان دەكەن.

ئێمە لەوە تێدەگەین كە ناكرێت كوڕی بەرپرس و سیاسییەكان وەك خەڵكە ئاساییەكە بژین بەڵام خۆلایەنی كەم سەرۆكی هەرێم كە خۆی بەپارێزەری ووڵات ئەزانێت دەبوو لەوەبگەیشتایە كە لۆژیك هەیە پەسەندی بكات تا بیست و یەك ساڵێك بكاتە سەرۆكی زانكۆیەك لە ووڵاتەكەی ئەبوو بەر لەهەموو كەس وەها بیری كردایەتەوە زانست ئەو بوارەیە كە نەدرۆ نەفێڵ و حیلە هەڵناگرێت.

لە چ قوژبنێكی دنیای جگە لەو كۆمەڵگانەی لە جیهانی سێهەمدان و لە جەهلدا گلاون بووە كە منداڵێكی 21 ساڵ رەوتی زانستی بە یاسای فیساگۆرس ببڕێ و ببێتە (سەرۆكی زانكۆ) و ووتار بداو تەلەفزیۆن و میدیاش قسەكانی بكەنە سەرچاوەی هەواڵ، ئەو پەڕی نا قانونی و نادادییە كە گەلێك  چاو لەبەر دەم ئەم پشتاو پشتە بنوقێنێت و هەر رۆژەو منداڵێك خۆی بكاتە رێبەری.

بینیمان لە سەرو بەندی جەنگی داعش، چۆن بۆگرتنی سێڵفی "تەخت و تاج و پەیژە نەمابوو لەسەر شانیان دانەنێن".

 لە كاتی هەڵهاتن و خۆبەدەستەوەدان بەڕووی سورەوە ،شەرعیەتیان بە هەڵهات ئەداو پاساویان بۆ ئەدۆزییەوە.

ئەم مۆدێلە فیوداڵییە عەقیبەتی باش نبێت چونكە خێڵ و بنەماڵە رۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕن و لە هەموو جومگەكانی فەرمان رەوایی دەست وەرئەدەن و خۆ دەكەنە قانوون و دەستور و هێڵی سووری پاراستنی نەتەوەی، پیرۆزی بەخۆیان دەدەن و هەموو شت بۆخیان بەڕەوا دەبینن هەر لەبەر ئەوەش وەك لویسی شانزە لە كۆشكێكی خۆش دوور لە كۆژانەكانی خەڵك دەژین و لە وەهمدا سیاسەت ئەكەن لەوەهمدا بیر دەكەنەوە لەوەهمدا قورسای خۆیان دەپێوون وەك مرۆڤ خۆیان پیرۆز دەكەن و خەڵك وەك شوێن كەوتە دەبینن.
 
دیقەت بەن وەختێك وەفدێكی بیانی دێتە ئەم هەرێمەوە.

كێ دەبینێ لە فڕۆكەخانە؟
تا بارەگا جگە لە باوك و كوڕ و برازا كێ ئەبینێت؟
رای كێ دەزانێ؟ 

بێگومان دوور لە راكانیتری ناو ئەم ووڵاتە ئەو وەفدانە دادەنرێن.
شام لای ئەو وەفدانە شەریفە و بێكێشەدەكرێت.

هەر لەبەر ئەوەش كەدەگەڕێنەوە وێنەیەكی ناحەقیقی لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە و لە یاداشتەكانیاندا زۆرتر باسی لە خواردن و كۆشك و سەراكان دەكەن.

ئێستا كاتییەتی پەند لە گرژییەكانی ناوچەكە وەرگرن، وەك: دیكتاتۆرەكان سەر بەزەویدا نەكەن و وەها بیركەنەوە كە هیچ لە دەورتان ناگوزەرێت.

كاتییەتی پەند لە بەغدادی پایتەخت وەرگرن. پەند لە ناكۆكی دەوڵەتان لە ناوچەكە وەرگرن كە چۆن بەرژەوەندی گەلانیان كردۆتە قوربانی خاك و نەوت و بەرژەوەندییە مادییەكان.

كاتییەتی پەند لە دۆخی ناجێگیری ووڵاتانی لوبنان و یەمەن و سوریا  وەرگرن.
كاتییەتی دەست لەم خووە خراپە بەردەن و دەسەڵات بەتەواوی لەناو یەك بنەماڵە مۆنۆپۆڵ كەن.


PM:03:23:03/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 4272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی