لە نێوان 30 حوزەیران و 22 حوزەیران یەکێتی بۆ وا دەکات؟!

‌عادل عەلی

لە سەر و بەندی ماجەرای ریفراندۆمدا ئێمە و مانان زۆرترین قسەو نوسینمان هەبوو سەبارەت بە ریفراندۆم و ئاکامەکانی؛

بەداخەوە ئەڵێم کە ئەمە دوومجارە دانی پێدائەنێم جارێک دوو رۆژ دوای روداوەکانی کەرکوک لە ۱۸ ئۆکتۆبەر لە کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان گوتم:

(بەداخەوە پێشبینیەکانی ئێمە راست دەرچوون لەسەر ریفراندۆم٫ خۆزگە وا نەبووایە کاک مسعود دەوڵەتەکەی دروست بکردایە و ئێمەش لە پای ناراستی لێکدانەوەکانمان داوای لێبوردنمان لە خەڵکی کوردستان بکردایە)٫ دووبارە هێنانە بەرباسی ریفراندۆم مەبەستمە یەکیتی سەرەرای ئەوەی کە دۆخێکی سیاسی حزبی وای دروستکردوە کە کادرەکانی بە ئازادی و هەندێک پێچەوانەی سەرکردایەتیەکەی بیر بکەنەوە و بدوێن، بەڵام چەند جارێک بۆچوون و رای کادرەکانی راست دەرچووە و سەرکردایەتیەکەش بە هەڵەدا چووە..

ساڵی ۲٠۱۳ لە پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی پرەنسیپەکانی یەکێتی کە بڕوای بە سیستمی پەرلەمانی هەیە و سەرلەبەری بنکەی ریکخستن و جەماوەرەکەی لەگەڵ ئەو بریارە نەبوو، دەورەیەکی تری سەرۆکایەتی هەرێمیان بۆ بەرێز مەسعود بارزانی درێژکردەوە، لە پای ئەمە کاک مەسعود و سەرکردایەتی پارتی نەک هەڵوێستەکەیان بە هەند وەرنەگرتن بەڵکو بێ بایەخیان کرد لە لێدوانەکانی دوای سی حوزەیرانیان.

لە پای ئەمەدا جەماوەری دەنگدەری یەکێتی سزای حزبەکەیدا بە ڕێژەیەکی ترسناک دەنگ و کورسییەکانی هاتە خوارێ...

یەکێتی جارێکی تر لە ساڵی ۲٠۱۷ سەرەرای ناڕەزایەتی زۆر و بوونی تێبینی و سەرنج لە مەڕ بەشداریکردنی لە ریفراندۆم و گوێ نەگرتن جارێکی تر لە جەماوەر و کادرەکانی بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای کەرکوک دیسانەوە بوو بە هاوکاری سیاسەتەکەی پارتی ئەوەشی زۆر دژی لە کاربەدەستان رۆژی۲٥/۹ پەنجەیان مۆر کرد، پیاوخراپیش بۆ ئیمە و مانان مایەوە..لە ئەنجامی جیبەجێکردنی ریفراندۆم یەکیتی زۆرترین زیانی ماددی و مەعنەوی بەرکەوت، تاوان بارکرا بە خیانەت و ماکینەی میدیایی پارتی لە ناوەوە و دەرەوە کەوتەکار لە دژی یەکێتی، تەنانەت بەشێک لە سەرکردایەتیەکەی خۆمان (هاوزەمان) و (هاوزمان) لە گەل پارتی حزبەکەی کرد بە خائین.

لەسەر ئاستی زۆنی سەوزیش زۆرترین زیانی ئابوری پیێگەیشت لە لایەن ئێران و تورکیاوە.

دەیان پرسیار رووبەرووی ئەو سەرکردایەتیە کرانەوە؛ ئایا چی دەستکەوت لەو بەشدارییە کوێرانەیە؟!پرسیارەکان وەڵامیان نەبوو تاکە شت هەر سزادانی کادرە رەخنەگرەکان بوو لە کۆنگرەی چوار (باشترین نمونە خۆمم).

لەدوای کۆنگرەی چوارەوە جۆریک لە ئومێد پەیدا بووەوە، لە هەڵویست و بیرکردنەوە و مۆراڵی حزبی سیاسی لە هەنبەر روداوەکان و بە تایبەت پارتی، هەر بۆیە ئەوە بۆ حەوت مانگ ئەچێ یەک کۆبوونەوەی رەسمی یەکیتی و پارتی نەکراوە، ئەمەش ئاشکرایە کە پارتی ئەم جۆرە دیدگایەی یەکێتی ئەم قۆناغەی پێ قبوڵ ناکرێ ..

یەکێتی لەم قۆناغە ئەبێ قسەی روونتری هەبێ لەسەر کۆی کایە سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیەکان..

سەر لەبەری ئەدای حکومەتی خستۆتە ژێر پرسیارەوە..

هەر لە پرسی گرێبەستە نەوتیەکان و پرسی بەدجە و موچە و ئەدای وەفدی هەرێم لە بەغدا و تەنانەت پەیوەندیە تەمومژاویەکانی پارتی لەگەڵ تورکیا و ئیران و هاوکاری کردنیان ..هتد.

لە چەند رۆژی رابوردودا باس و خواز گەرم بوو لەسەر بڕین و کەمکردنەوەی موچەی کارمەندانی حکومەت، بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی لابەلا و لە لێدوان و سۆشیال میدیا، هەڵوێستیان ڕوون بوو کە لایەنگری بژێوی خەڵکن و قبوڵ ناکەن پرۆسەی کەمکردنەوەکە ئەنجام بدرێت.

سەرکردایەتی نوێی یەکیتی هەڵسەنگاندیکی بابەتی بۆ بارودۆخی ئابووری خەڵک و ئەدای حکومەت کرد، دواجار هەمووانی تێگەیاند کە ئاسۆی بەردەوامی ئەم حکومەتە لێڵە و چارەنوسی نادیارە، ئابووریەکەی لەژێر سفرەوەیە، هیچ و پلان بەرنامەیەکی چاکسازی و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی پێ جێبەجێ نابێت، لە ژێر باری قەرزێکی زۆردایە و وابەستەی ژمارەیەک گرێبەستی نارۆشنە لەگەڵ تورکیا کە هۆکاری سەرەکی رێکنەکەوتنیەتی لەگەڵ بەغدا.

سەرەڕای ئەوەی حکومەت گەمارۆیەکی ڕانەگەیەنرا بەڵام جێبەجێکرا بەسەر زۆنی سەوزدا لەرووی بودجە و ئیمکانیاتە جیاجیاکان بەتایبەتی زۆر لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا زیاتر دەرکەوتوون.

ئەمانە ئەو باس و خواسانە بوون کە سەرکردایەتی نوێ ئاشکراتر و راشکاوانە تر باسیان لێوە کردوە و لەپاڵ ئەوە جیاوازی سیاسی فیکری یەکێتیان زۆر تر دەرخستوە کە جیگای دەستخۆشی و بەردەوامیە لای جەماوەرەکەی.
ئەوەی سەرنجی لێدراوە ئەوەیە کە ئومێد بە بەردەوامی ئەم حکومەتە لە ژێر سفرەوەیە..

یەکێتی دوێنێ شەو سەرەرای سەرنج تێبینی و هەڵوێستەکانی؛ بە بیانووی ئەوەی ئەم بریارە تەنها بۆ مانگێکە چووە ژێر باری بڕیاری کەمکردنەوەی موچە لە کاتێکدا هێشتا چارەنووسی دابەشکردنی موچە دیارنیە، ئایا حکومەت موچە دەدات یان نا؟!

جارێکی تر یەکێتی چووە ژێرباڵی مونافیسەکەی خۆی کە پارتیە بۆ ئەوەی نەشکێ و بەرەو گلان نەڕوا لە حکومەتدا.
جارێکی تریش بەشدار بووەوە لە سیاسەتی هەڵەی ئیدارەدان کە سەرچاوەکەی لە ئابوورییە سەربەخۆ فاشیلەکەوە سەرچاوە دەگرێت، بەم کارەی سی حوزەیران و بەشداری لە ریفراندۆمی بیرخستینەوە کە هەڵەیەکی خراپ و کوشندەبوو باجەکەشی قورس بوو..

لە کاتێکدا ئەم حکومەتە ئاستی خزمەگوزاری و ئیداری و ئابوورییەکەی لە ژێر سفرەوەیە و هیچ هیوایەک نیە بەو قەرزە زەبەلاحەوە بتوانێت بەردەوام بێت یەکێتی ئەچێتە ژێر باری بارێکی تری ناهەموار و خراپتر، کردنی گوزەرانی خەڵکەوە لە کاتێکدا وەک خۆمان دەڵێین: ئیمە نوێنەری رەنجدەرانین لە پرسەی حکومڕانیدا..

پاساو هەرچییەک بێت هەڵوێستەکانی ماوەی رابردوی سەرکردایەتی نوێ دەخاتە ژێر پرسیارەوەو بەرپرسیارێتیەکە لە سیاسەتی فاشیلی ئابوری لەگەل پارتی بەش دەکات..لە کاتیکدا دەبوایە مکوڕتر بووینایە لەسەرهەڵویست دیدو میتۆدی خۆمان کە بەرەی نارەزایەتی خەڵکە تا رادەی کشانەوە لە حکومەت داوای هەڵبژاردنی پیش وەختە..
تۆ بڵێی باجی ئەم سیاسەتە قورستر نەبێت بۆ حزبەکەمان...؟!


PM:12:42:23/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 1384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی