لە پێناو کەرکوکدا کۆبوونەوەکە ببەنە میشیاو

‌عادل عەلی

لەدوای شکستی ریفڕاندۆم لە 25-9  و رووداوەکانی شانزدەی ئۆکتۆبەر بارودۆخێکی تایبەت بەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکاندا هاتووە.. هەوڵەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی ئەو ناوچانە بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی تا هەنووکە بەردەوامەو بەڵام هیچیشی لێ سەوز نەبووە...

کەرکوک تاکو ئێستا سیمای داگیرکاری و هەرەشەی بەردەوامی لەسەرە لە رووی ئەمنیەوە هەم  لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و چ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە..هێزە کوردییەکانیش بە کردەوە لەوێ دەسەڵاتیان نیە و لە هیچ جومگەیەکی ئیداری ئەمنی و بڕیاڕدان بوونێکی راستەینەیان نیە...

لایەنەکان لە گفتوگۆی بەردەوامدان بە نیازی ئاسایی کردنەوەو گەڕانەوەی هێزو هەژموونی رابردووی لەدەستچووییان.. ئاکامەکانی شکستی ریفڕاندەم لەسەر پرسی کەرکوک و روداوەکانی شانزدەی ئۆکتۆبەر هەر چییەک بووبێت تاکو ئێستا کەرکوک وەک شارێکی ئاسایی نییە..گرێ کوێرەی نزیک نەبوونەوەی دوو هێزی سەرەکی و تاوانبار کردنی یەکدی بەردەوامە، ئەگەرچی ماوەیەکە کەمتر لاپەڕە کۆنەکان هەڵ ئەدەنەوە بۆ دەرخستنی نیاز پاکی جۆرێک بێدەنگی هەیە، بەڵام پرسی ئاسایی کردنەوەو کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگایەکی نوێ بۆ کەرکوک هیچ هەنگاوێکی نەناوە..

لە نێو پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرس و گرفتەکانی بەغدا ، کێشەکانی کەرکوکیش بوونەتە بەشێک لە تەوەرەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی و هەر سێ پرس بوونەتەیەک پاکێجی رەوتی دان وسانی  نێوانیان..

لە دوا کوبونەوەی هەردولا لە شاری هەولێر بڕیاڕ دراوە  هاوکات لەگەڵ بەستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە 18ی شوبات بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش بکرێت.. کە لەدوای روداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەرەوە ئەوە یەکەمین جارە پارتی نەرمی بنوێنێ و رازی بێت ئەندامەکانی بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن..

بەڵام ئەمجارە بەشدارییەکە مەرجی لەگەڵدایە کە نابێت ئەو کۆبوونەوەیە لە شاری کەرکوک ساز بدرێت..تا هەنووکە زۆر ئاشکرا نیە لایەنی یەکێتی بەو مەرجە رازی دەبێت یاخود نا،بەڵام خۆی لەخۆیدا هەربەستنی کۆبوونەوەکە هەم نوێیەو هەم هەناوێکە بۆ کرانەوەی گرێ کوێرەکە...

لەراستیدا هیچ رێگرییەک نیە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەن لەدەرەوەی کەرکوک ساز بدرێت،بەڵام لە رووی عورف و ئەتەکێتی باو هەر دەبێت لەشاری کەرکوک و لە بینای ئەنجومەن و هۆڵی ئەنجومەن ئەو کۆبوونەوەیە گرێبدرێت.. رازی بوون بەو کۆبوونەوەیە لەدەرەوەی کەرکوک سەپاندنی مەرجەکان و بانگەشەو گوتاری لایەنی پارتیە سەبارەت بە کەرکوک بەسەر یەکێتیدا کە دەڵێن شارێکە داگیرکراوە و هەر وا ئاسان نا گەرێنەوە و بەڵگەش بۆ ئەوە تا ئێستا پارتی بارەگاکانی لەوێ نەکردۆتەوە..فاکتەرەکانی درێژەدان بەم جۆرە لە گوتاری سیاسی پارتی دوای شکستی ریفڕاندەم هەر فاکتەرێکی لە پشتەوە بێت گرنگ نیە بە قەد ئەوەی کە گرێکوێرەکە هەرچی زووە بکرێتەوە..

دوا خستنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەتا دێ زیانی زۆرتر دەبێت لە سودی، تەنانەت بۆ لایەنی یەکێتیش کە لایەنی براوەیەو زۆرتر بەرپرسیارێتی ئەکەوێتە ئەستۆ..بۆ خاتری پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی کەرکوک، باشتر وایە کۆبوونەوەکان بە زووی دەست پێ بکاتەوە.. درێژەدان بەو جۆرە گوتارە سیاسی و میدیاییەی هەردوولا پرسی چارەسەری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی زۆرتر بەرەو دواوە بردوەو پاشەکشەی پێکردووە.

هەرچی زووتر بەستنی کۆبوونەوەکان ئەگەرچی مەرجی لایەنێکی دیاریکراوە کە لە هەولێر ببەسترێت ،بەڵام دواجار گرنگ بەستنی کۆبوونەوەکانەو باوەش پرسەی کەرکوکەو ئەگەر دۆڕان و شکستیش هەبێت بۆ سەرلەبەری هێزە کوردستانییەکانە.

خۆ ئەگەر لەسەر هەولێر رێناکەون و دەبێتە ئاریشەو کۆسپ لە بەردەم پرۆسەکەو ئەو شوێنەی  کۆبوونەوەکەی تێدا بەستن، باشتر وایە بیبە دورترین خاڵی سنوری هەرێمی کوردستان بۆ نمونە با کۆبووەنەوەی یەکەم لە گوندی میشیاو ببەسترێت کە دوورترین گوندەو دوا خاڵی سنورییە، گرنگ تەکانێکە بدرێتە پرۆسەی چەقبەستووی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکان، نەک ئەزموونەکانی رابردوو چەنبارە بکرێتەوە و بەدەردی قسەکەی رەحمەتی فرانسۆ حەریری ببرێت کە وتی حەز دەکەن کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبەینە مەیدانی حەیوانان گرنگ لە ناو هۆڵی پەرلەمان نەکرێت.

ئاڵوگۆڕی خێرای ناوچەکە لە چاو ئەم دەستەوەستانی و خاوخلیچیکیەی سەرکردایەتی سیاسی هەرێم لە ئێستاوە ئاشکرایە کە کورد زیانێکی گەورەی بەر ئەکەوێ لە گەمە نوێیەکاندا نەک قازانج...

کەواتە سیناریۆکان گەر بۆ شکاندنی یەکتری نەبێت هەنگاوێکی باشە با لە ئیستاوە مەکان ئاریشەو کۆسپ نەبێت بەڵکو گرنگ زەمانە کە لە بەرژەوەندیمان نیەو پیویستە پەلە بکەین بۆ کۆتایی هێنان بەو چەقبەستووییەی پرۆسەی سیاسی...


AM:08:27:10/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 4564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی