بانێکەو سێ هەوا

‌عادل عەلی


لێرە لە ماڵی خۆمان باس باسی برایەتی و پێکەوە ژیانە، لە ساییەی حوکمڕانی هەرێم و بەتایبەتی لەسەرو بەندی پێکهێنانی کابینەی نوێ.لێرە لە هەرێم پەیامی هاوبەشی راستەقینە  ئەگرنە یەکتری و لە بەلاغی کۆتایی هەر کۆبوونەوەیەکیش کۆڵێک باسی پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان یان هاوبەشی حەقیقی ئەکرێت..یەک لەیەک گەرم و گوڕتر بۆهەرچی زووتر دروستکردنی کەرەڤانەیەکی نوێی حکومەت،چونکە وا سێ مانگە هەڵبژاردن بە کۆتا هاتووە، جارێ دەنگێک یان خەبەرێکی خۆش نیە لەمەڕ پێکهێنانی حکومەت...

دوو لایەنی سەرەکی لەگەڵ ئەوەی کۆبوونەوەکانیان لەهەرێم بەردەوامە کەچی لەکەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەستیان لەسەر سیڕەی چەکەکانیانەو رۆژانە بە نەفەسی دوژمنکارانە یەکتری تۆمەتبار ئەکەن و لە میدیاو لێدوانەکانی لۆکاڵی ئەو ناوچانەو ئۆباڵی شکست و پاشەکشەکانیش ئەخەنە سەرشانی یەکتری،هەرجارەو بیانوویەک قوت ئەبێتەوە بۆ رێگری لە ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی کەرکوک و ناوچەکانی ترو پەکخستنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ،کە لەراستیدا لە رووی یاسایی و ئیدارییەوە بەشێکی گرفتی ئاسایی نەبوونەوەکە ئەوەیە کە ئەنجومەنەکە رێژەی ئاسایی و یاسایی خۆی تەواو ناکات.هەرئەمەشە گرفتی گەورەی دروستکردووە لەبەردەم پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی پارێزگای کەرکوک..ئەگەر لەکەرکوکیشەوە تەماشای بەغدا بکەین کورد لەوێ خەریکە دەبێتە ئاردی نێو دڕک لەبەردەم لایەنە عیراقییەکانی شیعە بەهەموو باڵەکانیەوە لەگەڵ سوننەو لایەنەکانی دیکە..لەوێ لە بەغدای پایتەخت لایەنە کوردستانییەکان نەک یەک گوتار نین ،بەڵکو کەوتونەتە شیرو تیر سوین لە یەکتری و بۆیان هەڵبکەوێ لەسەر حسابی شکاندنی یەکتری و  تەقلە لێدان بە یەکتری هاوپەیمانی لەگەڵ شەیتانی بوزورگیش هاوپەیمانی ئەبەستن ،بەڵام لەگەڵ یەکتریدا ناکۆکی و جیاوازییەکانیان تا مریشکە رەشە هێناوە.

هیچ وەختێک ماڵی کورد  لەوپانتاییە (بەغدا_کەرکوک_هەرێم)پەردەوازەو هەڵوەشاو نەبووە.

ئێستا لایەنە سیاسیە سەرەکیەکان ئەوانەی رەسمی سیاسەتی کوردستانی دەکەن بە تێزی بانێکەو سێ هەوا مامەڵە لەتەک  یەکتریدا دەکەن.لەکاتێکدا بەردەوامیدان بەم جۆرە لە ململانێ لەئێستاو داهاتوودا کاریگەریی نێگەتیڤی بۆ سەر پێگەی کورد ئەبێت ،کە دواجار دەبێتە پێشینەیەکی خراپ و بەهیچ شێوەیەک متمانە لەنێوان لایەنە بەشداربووەکان ناهێڵێتەوە..

لەکاتێکدا ناکرێ  لێرە هاوپەیمان و دۆست بیت و لەکەرکوک دوژمن و لەبەغداش ناکۆک. هەرهەموو کەیسەکان دەبێت بەیەک چاوو بەیەک پاکێج تەماشا بکرێت.ئەویش لەهەنگاوی یەکەمدا ئارایشدانەوەی جۆری پەیوەندییەکانە کە ئەویش بەدور کەوتنەوە لە بیرۆکەی برا گەورەیی و نەخوێندنەوەی بەرامبەر کەدواجار داڕشتنی پلانێکی پڕ لە تاکتیک و ستراتیژ بەرووی دەرەوەی هەرێم لەبەر رۆشنایی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و نیشتمان.ناکرێ لێرە تەبایی و لەکەرکوک و بەغدا گڕاوی و گەڕاوی بین..سیاسەتی بانێکەو سێ هەوا گەورەترین زیانی سیاسی ئابوری و دیبلۆماسیشی لێ ئەکەوێتەوە..

هەربۆیە ئێستا درەنگە بۆ هەنگاونان و لێکتێگەیشتنی سیاسی نێوان لایەنەکانی کوردستانی و کات بەفێڕۆدان و بەبیانووگرتن بەیەکتری هەر ئەو لایەنانە باجەکەی دەدەن..چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی هێندەی نەماوە سەر بکات،چونکە لەبیرمان نەچێ بەڵێنی قەبەمان بەخەڵکی داوە...


PM:04:29:02/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 4210 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی