لەپەراوێزی بانگەشەکاندا

‌عادل عەلی


ئەوەی کە نەدەبوو ببینرێت رویداو بەزیادەوە سەیرمان کرد.ئێستا ئیدی هێندەی نەماوە کۆتایی بەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بهێنرێت....سەرجەم قەوارەکان لە هەرێمی کوردستان بەگەرمی بەشدارییان کرد لە پڕوپاگەندەو هەڵمەتەکەدا بە مەبەستی دروستکردنی زۆرترین کاریگەریی لەسەر دەنگدەری کوردو راکێشانی سەرنجیان و خۆنمایشکردنێک کە هەر خۆیان دەبنە پاڵەوانی هێنانەوەی مافە خوراوە نەتەوەییەکان..

تائێرە پرۆسەیەکی ئاساییە لە چوارچێوەی عیراق و هێندەی دەستوری هەمیشەیی و رێگەی پێداوە. هەموو قەوارەو پێکهاتەیەک  مافی هەیە کە بەشدار بێت  لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان و نوێنەری هەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق(پەرلەمان).

تا ئەو جێگایەش ئاسایی دەبێت لە میانەی بانگەشەکاندا دروشم و ئامانجەکان روونبکرێتەوە بۆ خەڵک کە ئەم قەوارەیەیی پێ بناسریتەوەو بەڵێنەکانی بۆ داهاتوو بخاتەروو کە چۆن دەیگۆڕێت و چی دەکات وکاندیدو قەوارەكەش بە چی میکانزمێک کار ئەکەن دواجار خۆیان ئەناسێنن بە جەماوەر ئەڵێن ئێمە پاڵەوانی جەنگی پەرلەمان و دەستورین..

ئەم هەڵبژاردنەو هەڵمەتەکانی بانگەشەکەی بۆ نوێنەرایەتی قەوارەو پێکهاتەکانە لە ئەنجومەنی نوینەران  ،ئەگەر سروشت وچوارچێوەی بانگەشەکان لە باشورو ناوەراستی عیراق تەرحکردنی هەر پلان و پلاتفۆرمێک بێت بۆ بازاڕ گەرمکردن رەنگە زۆر ئاسایی بێت بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی کە ئەوەش بەپێی یاسا هەم رێکخراوەو هەمیش دیاری کراوە بەپێی یاساکانی هەڵبژاردن و رێژەی بەشداری و نرخی کورسیەکان بۆ هەر قەوارەو لایەنێکی سیاسی..

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانەو شایانی ئەوەیە کە زۆرترین هەڵوێستەی لەسەر بکرێت..!
کێبڕکێی لایەن و قەوارە سیاسیە بەشدارەکانی ئەم جارەی هەرێمی کودستان و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

ئەوەی لە ماوەی رابوردوی هەلمەتی بانگەشەکاندا بینراوو تێبینی کرا دیاردەیەکی ناسروشتی و هەندێک جار وەکو شانۆیەکی کۆمیدی هاتۆتە بەرچاو..

ئەڵبەتە روونەو شاراوە نیە کە ئەو حاڵەتەش رەگ و ریشەو هۆکاری بابەتی هەیە کە کەم تا زۆر ئاماژەی پێدەکەین.

لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشداری پرۆسەی هەلبژاردنەکان دەکات کە بەقەیرانێکی قوڵ و ئاڵۆزدا گوزەر دەکات. هەروەها چوارساڵی رابوردوی سیخناخە بەکارەسات و روداوی گەورەو چارەنوسساز، ئەو روداووانەش کە سەرلەبەری عیراقی گرتبووە پریشکە زۆرەکەی بەر هەرێمی کوردستان و کورد کەوتوە.کە هەتا زۆر شکست و سەرکەتنەکان (ئەگەر بەسەرکەوتن ئەژماربکرێت) و کارەساتەکان هەریمی کوردستان ئەگەریتەوە بەگشتی و لایەنە سیاسیەکان بەتایبەتی ئەوانەی بەشدارن لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

لەسەرو هەموویانەوە ئیدارەدانی بەرەیەکی جەنگی نەخوازراوو نابەرابەر بە درێژایی زیاتر لەهەزار کیلۆمەتر بۆ ماوەی زیاتر لەسێ ساڵ بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە تاقیکردنەوەیەکی سەخت و گران بووە کەبە زیانی نزیکەی دوو هەزار شەهید هەزاران برینداروبێ سەروشوێن دەیان هەزار ئاوارەو وێرانبوون چەندین شاروگوندوو ناوچە  ، ئەمە هەروا روداوێکی ئاسایی کارەساتیکی سروشتی نیە بەڵکو کاریگەری قورس  ودرێژ مەودای دەبێت لە داهاتودا بگرە ئەو روداوانە زۆریان خاڵی وەرچەرخان و چارەنوسساز بوونە بۆ کوردو دەسەلاتی هەرێم..زیانی گەورەو بەرچاو لەجەنگی تیرۆریزم و داعشدا زیانی ماددی و مەعنەوی گەورە بەر کورد کەوت کەچی پێشمەرگە جارێک وەک سونبلی قارەمانێتی دژە تیرۆر ناسرایەوە بەلام لەچاو قوربانیەکانیدا نەبوو...!

گەرچیش لەدوایین سات ئاڵوگۆرەکاندا تراژیدیا ئاسا کۆتایی هات بەتایبەتی لە ناوچانەی کە کوردبە خوێن و قوربانی ئازادی کردبوو یان پارێزگاریی لێکردبوو لەبەرامبەر داعشدا.. زۆر بەئاسایی ویاسایی بە پشت بەستن بەدەستور سوپای عیراق و حەشدی شەعبی هێنرانەوە ئەو ناوچانەی کە سێ ساڵ زیاتر بوو پێشمەرگە تێدا جێگیر ببوو...

هۆکاری ئەم روداوانە زۆرن بەوردو درشتیەوە ماییەی ئەوەیە کە هەڵویستەی لەسەر بکرێت...دەربارەی گۆرینی خێرای باڵانسی هێزو چۆڵکردنی ئەوناوچە بەرین و فراوانە،کە بەبڕوای من دیارترینیان رەنگە بگەرێتەوە بۆ پیادەکردنی سیاسەتی کورتبینی  ئینکاری کردن کە دیارترینیان گرتنە بەری بریاری ریفراندۆم بوو بەمەبەستی راگەیاندنی سەربەخۆیی و دەوڵەت، کەبە داخەوە هەر لەسەرەتاوە کارەکەو سیناریۆکە مەحکوم بوو بە شکست..گەرچی دەولەتی سەربەخۆ مافێکی رەواو بێ ئەملاو ئەولای کورد لەو مافە بەهرەمەند بێت. بەداخی زۆرەوە لە زەمان و زەمینی گونجاوی خۆیدا بەکارنەهینراو پیادە نەکراو تاکتیک و پلانی تۆکمەو عەقلانیەتی بۆ نەگیرایە بەر.

لەلایەکی ترەوە هەرێمی کوردستان سیاسەتیکی هەڵەی تری پێرەوکرد کەبەناوی ئابوری سەربەخۆ کە خۆی لەفرۆشتنی نەوت وگرێبەستە جیاکانیدا بەرجەستە دەبێت.بەداخەوە بەهەمان شێوە نەک نەیتوانی چارەسەری قەیرانەکان بکات بەلکو قولتری کردەوەو نەیتوانی لەبەرامبەر غەدرەکانی بەغدا  خۆی بگرێ بەرگری تۆکمە نیشان بدات.. بەڵکو بەناچاری هەرێم ئاراستەی ئابوری سەربەخۆکەی وەرچەرخان  و جاریکی هەلبەتە لاوازتر لەرووی پێگەوە بەرەو بەغدا.. گەرچی هەرێم بە فەرمی شکستی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆکەی رانەگەیاندووە..!
هەموو ئەو ئاڵوگۆڕوکارەساتانەی لەماوەی زیاتر لەسێ ساڵی رابوردوو قورسایی گەورەو کاریگەری زۆری لەرووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە دروستکردوو لەسەر کۆی کایە جیاجیاکان وکاییەی حزبی و سیاسیش.
کاریگەری ئەوانە تەنها حکومەتی هەرێم نیە بەلکو سەرلەبەری لایەنە سیاسیەکانیش دەگریتەوە بەگەورەو بچوکەوە بەو کەسانەش کە دوێی شەخسی دووەم و کاریگەر بوون لە نێوپرۆسەی سیاسی وو کاییەی حزبیداو ئێستا ناکرێت هەریەکەمان شان خاڵی بکەینەو لە ئاستی ئەو رابوردوەدا...

ئەم چەند رۆژە لەنێو گەرمەی بانگەشەکاندا بەئاشکرا هەست بەوە دەکرێت کە بەشی بەرچاوی قەوارە بەشدارەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لەبەغدا وای دەردەخەن کە ئەوان دوورو  نزیک دەستیان لەرووداوەکاندا نیەو ئەوە ئەوانەن کە فریشتەی خودایی وبێگوناهن.

بەڵام خۆ رووداوەکان هێندە کۆن و دێرین نین لەبیرنەمابێتن بەڵکو سەر لەبەری دۆکۆمینت کراون و لەبیرماون.. هەڵوێستی کەس و لایەنەکان دەربارەی ئابوری سەربەخۆو ریفراندەم و پرسەکانی تری وەک گەندەڵی ماددەی سەدوچل و کیشەو گرفتەکای بەغداو هەرێم....هتد. ئەوانیش وەک لایەن و وەک کەسایەتی بەشداری کاراو بەرچاو بوون ئیستا ناکرێت ئەوان پاڵەوان و کەسانی تر بەزیوو بن و ئەمانە پرپڕ پاک بن و خەڵکی دیکەش گەندەڵ.ئەوەی لەماوەی رابوردودا بووەو رویداوە سەرلەبەر هەمووان بەشدارو هاوبەش بوون.

ئەوەشی تێبینی دەکرێت کە هەندێک جار کۆمیدییە هەڵمەتی هەلژاردنەکە هێندەی روو لە هەرێمە چارەکێکی ئەوە رووی لە بەغداو پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا نیە..هەندێک  قەوارەو تەنانەت کاندیدەکانیش باسی گۆرینی سستەمی حومکرانی هەرێم دەکەن و باسی باشکردنی موچەو بودجەو شتگەکەلێکی لەوچەشنە ئەکەن..لەبیریانچووە ئەمانە بریارە بچنە بەغداو داوای دەستوری مافەکانی کوردوهەرێم بکەن و لەوێش بازنەو  چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە بۆ مامەڵەکردن و لەدەرەوەی ئەوە بەهیچ کلۆجێک ناتوانیت جوڵە بکەیت...

قسەی زیاترو واوەتر دەبێتە دۆنکیشۆتی درۆکردن و خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی...
هەربۆیەبەداخەوەسەرلەبەری هەڵمەت و بانگەشەی هەلبژاردنەکان پڕ بوون لە هەڵەو کەم وکوڕی و ئاراستەی گوتارە سیاسیەکان کەمتر لەبەغدا بوو هێندەی کە روو بە هەرێم بوو...بەبڕوای من هەر بۆخۆ ئامادەکردن بووە بۆ هەلبژاردنی داهاتووی هەرێم . ئەگەر نا باگەشەی هەلبژارن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پێویستی بەم ستایلە لە بانگشە نیە..!

پرسیارەکان لێرەوە سەرچاوە ئەگرن تۆ وەک قەوارەیەک بەرەو بەغدا دەچیت لەوێ لەسێبەری دەستوری هەمیشەیی عیراقدا چیت پێ دەکرێت بۆ مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و ماددەی سەدوچل و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان...

کاری حوکمڕانی شەڕی دەستوری پاڵەوان  و پیاوی خۆی دەوێت پشوو درێژی ئینقلابی وەکو هەڤاڵ مام جەلالی گەرەکە ..شەڕی بەغدا بەکردەوە دەکرێت نەک بەقسەی باق و بریق.. باقەوارە نوێیەکان باشترە ئاوڕێک لەرابوردو بدەنەوە تاکو باشتر سەیری ئایندە بکەن کلتوری کاری مام جەلالیانە پەیڕەو بکەن....


PM:07:16:08/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 4551 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی