زمانی دایک و مرۆڤایەتی!

‌ئارێز عه‌بدوڵا

زمان ئەو بەهرە خوایەیە، کە مرۆڤەکان بە هۆیەوە لە یەکتری تێ دەگەن و ژیان بەرەو پێشەوە دەبات. کەس بە ئارەزووی خۆی زمانی خۆی هەڵنەبژاردوە، بەڵکو لە خواوە داندراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەیر و سەرسوڕمانە هەموو کەس ناتوانێ وەکو مافێکی خوایی - ئینسانی بەکاری بێنێ!

بێ بەشکردن یاخود بێ زمان کردن لەناوچەیەکە، کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکەکەی موسلمان و دەسەڵاتدارەکان سەری زمان و بنی زمانیان شانازی بە دینەکەیان و خوا پەرستییە! .. کەچی، لە هەرسێ وڵاتی موسڵمانی ئێران ، تورکیا و سوریا فێربوون و پەروەردە بوون بەزمانی کوردی واتە ئەو زمانەی خوا پێی داوین قەدەغەیە.

حکومەتی ئیخوانی تورکیا، عەلەوی سوریا و شیعی ئێران گەلی کوردیان لەو زمانە بێ بەشکردوە، لە کاتێکدا خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ: ( .... وجعلناکم شعوبا و قباللا لتعارفوا.... هەروەها دەفەرموێ ومن ایاتە خلق السموات والارض و اختلاف السنتکم والوانکم) بەڵام بەداخێکی گرانەوە دەسەڵاتدارانی ئەو سێ وڵاتە موسڵمانە نەک هەر مافی کورد، بەڵکو دەستوری خواش فەرامۆش دەکەن!

یونسکۆ ئەو رێکخراوە جیهانیەیە، کە ئەمرۆ کردۆتە ڕۆژی زمانی دایک، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بتوانێ بەزمانی خۆی قسە بکا، بخوێنێ و پێبگا، لە کۆتایشدا زمانەکان بە زیندویی بمێننەوە، کەچی ئەو دەوڵەتانە گوێ لەو بڕیارە جیهانیەش ناگرن!

من باسی ئەو وڵاتانە دەکەم کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام لە وڵاتە مەسیحەکانی ڕۆژئاوا ئەگەر پازدە خوێندکاری کورد داوای فێربوون بە زمانی دایکیان بکەن ئەوا دەوڵەت خوێندنگا و مامۆستایان لەسەری ئەرکی خۆی بۆ دابین دەکا.

لەم ڕۆژە پیرۆزەدا پێویستە هەموومان بەراورد بکەین و بپرسین ئایا بۆچی لە ئێرانێکی برا موسڵمان نزیکەی 10ملیۆن کورد، لە تورکیایەکی برا موسڵمان نزیکەی بیست و پێنج ملیۆن کورد و لە سەریایەکی برا موسڵمان نزیکەی سێ ملیۆن کورد لەو مافە خواییە بێ بەش دەکرێن و هەوڵدەدەن ئەو دەستکردە خواییە بسڕنەوە؟!

دەپرسین بۆچی پازدە خوێندکار بۆیان هەبێ لە وڵاتێکی بێگانەی نا موسڵمان خوێندنگەیان بەزمانی دایک بۆ دابین دەکرێ، بەڵام بە ملیۆنان کوردی موسڵمان لەسەر خاکی خۆیان ئەو مافەیان لێ زەوت دەکرێ؟ ئەوە تا کەی؟ پیرۆزبێ ڕۆژی زمانی دایک و هەر درەوشاوەبێ یەیڤی کوردی...

ئارێز عەبدوڵلا


PM:11:33:21/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی