ناناوەندیێتی بەهێزکردن یان پووکاندنەوەی هەرێم؟

‌ئارێز عه‌بدوڵا


دووەم:
چەندین جۆر سیستەمی حوکمڕانی هەن، بەڵام ئەزمونی مێژوویی فیدراڵی و ناناوەندیێتی بە باشترین و گونجاوترین نمونە سەلماندوە. لەو وڵاتانەی کە دەنگی تاک دەبیسرێ و کار لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکرێ رۆژ دوای رۆژ گەشە بە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات دەدرێ، بۆیە هەمیشە کەموکوڕیەکان، ئاستەنگ و خەوشەکانی بەڕێوەبردن دەستنیشان دەکرێن و ڕێگای چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە.
ئەو وڵاتانەی کە لە بوارەکانی بەڕێوەبردن و خۆشگوزەرانی ژیان پێشکەوتوون، هەروا لە خوت و خۆڕایی نا، بەڵکو لە ئەنجامی هەوڵ و بەدواداچونێکی بەردەوام و خەمخۆرانە بووە. ئێمە لە کوردستان هەم ئەو نمونەی پێشکەوتنەی جیهان دەبینین و هەمیش لایەنە پۆزەتیڤ نیگەتڤەکانی سیستەمی حوکمڕانی خۆمان لەبەر چاون، بۆیە چەندی زووتر بە ئاراستەی چاکسازی هەنگاو بنێین و رێگاکانی خزمەتکردنی پتر بگرینەبەر هێندەش زووتر پەرە و گەشە بە نیشتیمانەکەمان دەدەین.
ئەگەر ئێمە ناناوەندیێتی (لامەرکەزی) جێبەجێ بکەین چی ڕوودەدا؟
١- ڕۆتین و بیرۆکراسی کەم دەبێتەوە، کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیانە.
٢- کاروباری هاوڵاتیان بە ماوە و تێچویەکی کەمتر جێبەجێ دەکرێ.
٣- لە بوارەکانی وەبەرهێنان، گەشتوگوزار پێشبڕکێیەکی پێویست لە نێوان پارێزگاکان دروست دەبێ.
٤- دیموکراسی و ئازادی دەربڕین گەشە و پەرە دەسەنن.
٥- ئەنجومەن و ئیدارە خۆجێیەکان ڕۆڵێکی باشتریان دەبێ لە خزمەتکردن و بەڕێوەبردن.
٦- مەترسی دروست بوونی دیکاتۆریەت و تاکڕەوی و تۆتالیتاری دوور دەکەویتەوە.
٧- دادپەروەری لە دابەشکردنەوەی داهات و سامانی وڵات پەیڕەو دەکرێ.
٨- ڕۆڵی کارمەرند و تاکەکان گەشە دەکا و تواناکان باشتر دەردەکەون.
٩- کاتێک بەوشێوەیە وڵات بەڕێوەبچێ باشتر هانی ئەو شار و باوچە کوردستانیانە دەدرێ کە هێشتا لە دەرەوەی هەرێم تا بگەڕێنەوە سەر هەرێم.
١٠- کاتێك سیستەمی حوکمڕانی کوردستان نمونەیەکی جوان و سەردمیانە تر بێ، هەم لەسەر ئاستی عێراق و هەم لەسەر ئاستی جیهانیش ڕێزی زیاتر لێ دەگیرێ.
١١- بەشداری هاوڵاتیان لە تێکڕای شار و ناوچەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان گیانی هاوڵاتیبوون و پشتیوانی لە وڵات بەهێزتر دەکا، بەم شێوەیەش قەوارەی هەرێم بەهێزتر و تۆکمەتر و پارێزراوتر دەبێ.


PM:08:05:07/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی