​ھەڵبژاردنەوەی شارەوانی ئیستانبول و کێشەی کورد

‌ئارێز عه‌بدوڵا

لە ھەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا دەرسێکی باش بە ئەردۆغان درا، بە دۆڕاندنی لە شارە گەورەکانی وەک ئیستانبول، ئەنکارا، ئەزمیر و دیاربکر خەونە گەورەکەی ئەردۆغان ھاتۆتە سەرلێواری پوچەڵبوونەوە، بۆیە ھەموو توانای خۆی خستە گەڕ تاکو ھەڵبژاردنەوە لە ئیستانبول دووبارە بکرێتەوە. دیارە ئەردۆغان بەبێ پشتیوانی و پشتگیری شاری ئیستانبول لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووش رووبەڕووی شکستێکی گەورەتر دەبێتەوە، بۆیە ھەرچی توانای خۆی ھەیە دەیخاتەگەڕ تا ئەمجارە بیباتەوە و شکستەکەشی بشارێتەوە.

ئەردۆغان جێدەستی زەبری کوردی بینی و دەزانێ ئەگەر کورد نەبوایە جەھەپە نەی دەتوانی لە ئەنکارا و ئیستانبۆل بباتەوە. ئێستا ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەردۆغان لەبارەی کێشەی کورد بەخۆیدادەچێتەوە، بەڵام ئایا دەتوانێ متمانەی ھەدەپە وەدەست بێنێ یان نا؟

زمانی ئەردۆغان و حکومەتەکەی نەرمترە و رێگەدانی پارێزەران بەسەردانیکردنی ئۆجەلان نیشانەی سەرەتایەکی نوێن لە تورکیا، بەڵام ئایا لە پێناوی سەرخستنی پڕۆژەکەی چ پڕۆژەیەک دەخاتە بەردەم کورد؟  جارێ زووە بۆ ئەو وەڵامە، بەڵام واپێدەچێ دیالۆگێکی نوێ دەست پێدەکاتەوە و لەبەرامبەریشدا رەنگە جەھەپەش بۆ چارەسەری کێشەی کورد وتارەکەی باشتر بکا.

ئێستا ھەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەوپەڕی پێویستیان بە ھەدەپە ھەیە و ھەدەپەش لە رابردوودا یارییەکی سەرکەوتووی کرد و چاوەڕوانی سەرکەوتنی تریشی لێ دەکرێ.


AM:11:58:08/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 2080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی