کات کاتی چاکسازیە، درەنگە زوو نی یە

‌ئارێز عه‌بدوڵا

دەمێکە باس باسی سازان و چاکسازیە، بەڵام نە سازان دەکرێ و نە ھیچ چاکسازیەکیش دەبینرێ. ئەو دوو زاراوەیە پێویستی ھەنوکەیی خەڵکی کوردستانە بۆیە وەک مانشێتی ھەنوکەیی پرۆسێسی سیاسی و حکومرانی کوردستان خراونەتە روو. کەچی ئەوەی جێی سەرنجە سەرەڕای کۆبوونەوەکان بۆ سازان و دووبارەکردنەوەو جوینەوەی دروشمی چاکسازی تا ئێستا ھیچ ئاکامێکی دڵخۆشکەرەیان لێ شین نەبووە. سازان بەشێکە لە چاکسازی، خۆ ئەگەر ھەر لایەنێک سازانی بە مەرجی خۆسەپاندن و سەپاندنی مەرجەکانی بوێ ئەوا دەبێ لەو لایەنە دڵنیا بین کە ئەگەر رۆژی سەد جاریش بانگی سازان بدا جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک ھیچ شتێکی تر نی یە.

وڵاتەکەمان لە دەستی قەیرانان دەناڵێنێ و دەرگای چارەسەری قەیرانەکانیش لە سازانەوە دەکرێتەوە. بە جددی وەرگرتنی نیگەرانیەکانی خەڵک لە ئاستی بێ موچەیی، بێ پڕۆژەیی، گەندەڵی، نا داد پەروەری و پێشێل کردنی یاسا..... ھەموو ئەوانەو بێ باکی دەسەڵات لە ئاستیاندا دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە دەسەڵاتداران بڕیاریان داوە بەم شێوازەو بە پاساوی ماوە بەسەرچوو تا ئاو لە دویای بێڵیان دێ وڵاتێک بەڕێوەببەن کە قەیرانەکانی وەک کورەی ئاگر ناخی ھاوڵاتیان دەکوڵێنێن، بەڵام بە دڵنیاییەو کاتی دەستکردن بە چاکسازی ھاتووەو دەبێ ئەوەش بزانرێ کە گەلی کوردستان نەک تەنیا بە حزبێک بەڵکو بە ھەموو حزبەکانیشیەوە نە دەستەمۆ و نە تا سەر کۆنترۆڵ دەکرێ.
ئایا ئێمە دەمانەوێ وڵاتەکەمان بەرەو پێشەوە بەرین و حکومەتەکەمان لەسەر بنەمای حکومڕانی چاک بەھێز بکەین یان ئەو دەسەڵاتەی بە خوێن بە دەستمان ھێناوە بە خوێنیش لە دەستی بدەین؟

وەرن با بسازێن و لە پێناوی ئایندەیکی ھاوبەش و گەشتر بەردی بناغەی چاکسازی راستەقینە دابنێن.




PM:08:37:23/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 4270 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی