ریفراندۆم و دوا ھەڵوێست

‌ئارێز عه‌بدوڵا

ھەمووی چەند رۆژێکی ماوە بۆ رۆژی ریفراندۆم و ھەڵمەتەکەش لە ھەندێ شوێن گەرم و لە ھەندێ شوێنی تر  ساردە، بەڵام سوربوون بەردەوامە. دوای دەرکەوتنی ھەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەکە و ناوخۆی عێراقیش ئێستا بەرچاو ڕونیەکی زۆر ھەیە، بۆیە پێویستە پێش رۆژی کۆتایی پێداچوونەوەیەکی ورد بە ھەموو ھەڵوێستەکاندا بکرێ و بارودۆخەکە بابەتیانە ھەڵسەنگێندرێ ئەوکات بڕیاربدرێ کە ئایا لەسەر داوای دۆستەکانمان ریفراندۆمەکە دوابخەین و دەست بکەین بەدیالۆگ لەگەڵ عێراق یان بڕیارەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکەین.

لەم ماوەیەدا ئەو دۆستانەی لە رۆژە سەختەکان پشتیوانیان کردوین و لە ئایندەشدا کاریگەریان لە سەر کوردستان و عێراق ھەر دەمینێ داوای دواخستن و دیاڵۆگیان کردوە. لەبەرامبەردا ھەندێ وڵات و ھەندێ لایەنی سیاسی عێراقیش ھەڵوێستی دوژمنکارانەی خۆیان نەشاردۆتەوە و بە نوێژی نیوەڕۆ ھەڕەشە دەکەن. ئایا دەبێ ئێمە کاردانەوەمان بەرامبەر بە ھەڵوێستە دوژمنکاری و ھەڕەشەکان ھەبێ و بێ منەت مل بنێین، یان ئامۆژگاری دۆستەکانمان لەبەرچاو بگرین؟

سەبارەت بە ھەڕەشەی دوژمنان و نەیاران بێگومان بێ باکین و ھەڵوێستەکانیان ھیچ نرخێکیان نیە، چونکە ئەوان لە بنەڕەتەوە رایبگەیەنن یان نەی گەیەنن ئێمە دوژمنەکانی خۆمان باش دەناسین و لەبەرامبەریشدا دۆستەکانی خۆمان دەناسین و لە بیریشیان ناکەین. من ئێستاش دەڵێم بەداخەوە زەمینەسازی تەواو بۆ ریفراندۆم نەکرا دەنا پرۆسێسەکە زۆر گەورەتر و کاریگەرتر و بە پشتیوانی تر دەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ھەرگیز دەست بەرداری ئامانجەکانی ریفراندۆم نابین، بەڵام تکا لە دەسەڵاتدار و کاربەدەستانی کوردستان دەکەم ھەڵومەرجەکان باشتر بخوێننەوە و داوا و ئامۆژگاری دۆستەکانمان فەرامۆش نەکەن.


AM:09:30:20/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 4530 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی