‌ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان‌ و پارتی‌! ‌
PM:07:49:27/03/2017
ئارێز عه‌بدوڵا


ماوه‌یه‌كه‌ پارتی‌ زۆر به‌گه‌رمی‌ باسی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌‌و راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان ده‌كات، ئه‌وه‌ش مافێكی‌ خۆیه‌تی‌. چونكه‌ له‌لایه‌ك  ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان مافێكی‌ بێ‌ ئه‌م لاو ئه‌و لای‌ گه‌له‌كه‌مانه‌، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئازادی‌ ده‌ربڕین‌و راگه‌یاندن له‌ وڵاتێكی‌ دیموكراسیی‌، هه‌ر حزبه‌و ئازاده‌ له‌وه‌ی‌ چۆن هه‌ڵوێست‌و كارنامه‌ی‌ خۆی‌ داده‌ڕێژێ‌‌و رایده‌گه‌یه‌نێ‌، من به‌ش به‌حاڵی‌ خۆم زۆرم پێخۆشه‌ كه‌ پارتی‌ دروشمی‌ خۆی‌ له‌ ئۆتۆنۆمیه‌وه‌ گۆڕی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌، چونكه‌ له‌ دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ یه‌كێك له‌ ناكۆكیه‌ سیاسییه‌كانی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ جیاوازی‌ دروشمه‌كان بوو.

ئه‌و كات پارتی‌ پێی‌ له‌سه‌ر ئۆتۆنۆمی‌ داده‌گرت‌و یه‌كێتیش پێی‌ له‌سه‌ر مافی‌ بڕیاردانی‌ چاره‌ی خۆنووسین، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو وای‌ كرد كه‌ له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ساڵی‌ 1992 پارتی‌ به‌ ئۆتۆنۆمی‌‌و یه‌كێتیش به‌ مافی‌ چاره‌نووس بچنه‌ مه‌یدانی‌ ركابه‌ری‌ یه‌كتریه‌وه‌، ئه‌و دوو بۆچوونه‌ی‌  ئه‌وكات ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر بواره‌كانی‌ تریش ره‌نگیان دایه‌وه‌، بۆ نمونه‌ له‌سه‌ر ناونانی‌ دامو ده‌زگا نیشتمانییه‌كانی‌ وه‌ك حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و دیدو بۆچوون  بۆ رژێمی‌ به‌غدا جیاوازی‌ زۆر هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا كه‌ باسی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌كات، كارێكی‌ باشه‌، چونكه‌ هه‌ڵوێسته‌و دروشمه‌  ستراتیژییه‌كانمان یه‌كده‌خاته‌وه‌، واته‌، له‌ جیاتی‌ ناكۆكی‌، رێكه‌وتنمان له‌سه‌ر بابه‌تێكی‌ هه‌ره‌ گرنگی‌ په‌یوه‌ست به‌ ئاینده‌ی‌ گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌بێت.

ئه‌وه‌ له‌ ڕووی‌ ستراتیژییه‌وه‌، به‌ڵام له‌ رووی‌ تاكتیك‌و گرتنه‌به‌ری‌ رێگاكانی‌ ئه‌و ئامانجه‌ ئه‌گه‌ر جارێ‌ جیاوازیه‌كانیشمان دیار نه‌بن، به‌ڵام به‌رچاو روونیش نین. چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ پرسی‌ ریفراندۆم‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ پرسێكی‌ نیشتمانییه‌و، ئه‌گه‌ر هیچ كه‌س‌و لایه‌نێكیش لاریان لێی‌ نه‌بێ‌، هێشتا پێویستمان به‌ هه‌ماهه‌نگی‌‌و پلان‌و هه‌نگاوی‌ هاوبه‌ش هه‌یه‌، كاتێك ده‌ڵێین ریفراندۆم مه‌به‌ستمانه‌، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ بێ‌، نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێ‌ كه‌س ده‌ڵێن مه‌رج نییه‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ دوای‌ ریفراندۆم رابگه‌یه‌نرێ‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ریفراندۆم بێ‌ قه‌یدو شه‌رت ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ ده‌بێ‌، بۆیه‌ ده‌بێ‌ ئێمه‌و پارتی‌‌و هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ تر ئه‌و راستیه‌ وه‌ك خۆی‌ له‌به‌ر چاو بگرین‌و خۆمانی‌ بۆ ئاماده‌ بكه‌ین، ئه‌گینا مه‌سه‌له‌كه‌ خراپ به‌سه‌رماندا ده‌شكێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان پارتی‌ زۆرینه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌ رووی‌ ده‌سه‌ڵات‌و ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ له‌ په‌رله‌مانه‌كانی‌ عیراق‌و كوردستان پله‌ یه‌ك بوونی‌ ده‌سه‌لمێنن، كاتێك پارتی‌ پله‌ یه‌كه‌، مانای‌ وانییه‌ كه‌ هێزو تواناو بنكه‌ی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر له‌به‌رچاو نه‌گرێ‌، ئه‌و مافی‌ خۆیه‌تی‌ بابه‌ته‌ سیاسییه‌كانی‌ خۆی‌ هه‌ڵبژێرێ‌‌و هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانیان بدا، به‌ڵام بۆ بابه‌تێكی‌ وه‌ك راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌ت نه‌ به‌ته‌نیا پێی‌ ده‌كرێ‌‌و نه‌ مافی‌ ئه‌وه‌شی‌ هه‌یه‌ به‌بێ‌ هاوكاریی‌‌و هاوهه‌ڵوێستیی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر بڵێ‌: من ده‌وڵه‌ت راده‌گه‌یه‌نم!.... ده‌وڵه‌ت مافی‌ خۆمانه‌، به‌ڵام رێگای‌ راگه‌یاندنی‌ ئاو هێنان نییه‌ له‌ كانی‌، به‌ڵكو له‌ پێش راگه‌یاندن زۆر هه‌نگاو هه‌ن ئه‌بێ‌ بنرێن‌و به‌و پێیه‌ش كه‌ پارتی‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ لایه‌نه‌كانی‌ تر گه‌رمتره‌، ئه‌بێ‌ لانی‌ كه‌م له‌ جێبه‌جێكردنی‌  ئه‌ركه‌كانی‌ سه‌ر شانی‌ خۆی‌ ساردی‌ نه‌نوێنێ‌، ئه‌ركی‌ پارتی‌ له‌ قۆناغی‌ پێش ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان له‌ هه‌مووان گه‌رمترو له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم یان چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كه‌ی‌ له‌ هه‌مووان سوورترو له‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت‌و به‌شداریی‌ پێكردنی‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ هه‌مووان دڵفراوانترو له‌ دوورخستنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ریی‌ له‌ حزبایه‌تی‌‌و سه‌ربه‌خۆكردن‌و به‌هێزكردنی‌ له‌ هه‌مووان به‌ده‌ست‌وبردتربێ‌.

ئێمه‌ رێز له‌و بۆچوونه‌ی‌ پارتی‌ ده‌گرین‌و وه‌كو یه‌كێتیش ئاماده‌ین له‌ پێناوی‌ ئامانجێكی‌ وا ره‌وا،  هه‌موو قوربانییه‌ك بده‌ین، به‌ڵام ناكرێ‌ ئێمه‌ په‌رله‌مانمان نه‌بێ‌، كێشه‌ سیاسییه‌كانمان گه‌وره‌ بن، قه‌یرانی‌ دارایمان هه‌بێ‌، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ته‌واوی‌ یه‌كنه‌خرابێته‌وه‌، ئاسه‌واری‌ دووئیداره‌یی‌ هێشتا نه‌بڕابێته‌وه‌، كێشه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان  چاره‌سه‌ر نه‌كرابێ‌، سوپای‌ توركیا له‌ كوردستان ته‌راتێن بكا، په‌كه‌كه‌ له‌ كوردستان هێزێكی‌  گه‌وره‌ بێ‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ له‌ ناكۆكیه‌كی‌ توندبێ‌ و........ له‌ ناو ئه‌و هه‌ل‌ومه‌رج‌و ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگانه‌و به‌بێ‌ زه‌مینه‌سازی‌ یاسایی‌‌و سه‌ربازیی‌‌و ئابووریی‌‌و سیاسی‌ و  هاوهه‌ڵوێستیی‌‌و هاوپلانی‌ لایه‌نه‌سیاسییه‌كانی‌ كوردستان پارتی‌  بڵێ‌:  من ده‌وڵه‌ت راده‌گه‌یه‌نم.باشه‌ چۆن رایده‌گه‌یه‌نی‌؟

حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ پارتی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كا په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی‌ باشیش له‌گه‌ڵ توركیاو وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هاوبه‌ش كارێكی‌ زۆر باشه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ روونه‌و ناشاردرێته‌وه‌ ئایدۆلۆجیه‌تی‌ ده‌وڵه‌تی‌ تورك نه‌ك له‌ باشوور، به‌ڵكو تانسۆ چیله‌ر گوته‌نی‌، له‌ ئوسترالیاش ده‌وڵه‌تێكی‌ كوردی‌ قبوڵ ناكا. لێره‌دا ده‌پرسین ئایا به‌راستی‌ پارتی‌ له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌م بابه‌ته‌ی‌ بڕاندۆته‌وه‌ یان نا؟ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ی‌ بڕاندۆته‌وه‌ و توركیا له‌ قۆناغی‌ راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌ت دژمان نابێ‌، بۆچی‌ پارتی‌ لانی‌ كه‌م سه‌ركردایه‌تی‌ حزبه‌كانی‌ كوردستان دڵنیا ناكاته‌وه‌؟ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی‌ پارتی‌ باسی‌ ده‌كا هه‌موو كوردستانی‌ باشووره‌، به‌ڵام ئێستا قسه‌و گومان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ توركیا قسه‌یان له‌سه‌ر راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تۆكه‌یه‌كی‌ كوردستان له‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ هه‌ولێرو دهۆك كردبێ‌، واتا ده‌وڵه‌ته‌كه‌ به‌ناو كوردی‌‌و له‌ راستیشدا پاشكۆی‌ توركیا بێ‌ ؟. 
ئاشكرایه‌، توركیا له‌ دوای‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ چاوی‌ له‌ ویلایه‌تی‌ موسڵ بڕیوه‌و وازی‌ لێنه‌هێناوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ كارێكی‌ له‌م جۆره‌ بكرێ‌ له‌ چه‌ند رووێكه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ توركیای‌ تێدا ده‌بێ‌. ئومێده‌وارم ئه‌م خاڵه‌ش له‌لایه‌ن پارتی‌ به‌ڕوونی‌ وه‌ڵام بدرێته‌وه‌.

هه‌رێمی‌ كوردستان په‌یوه‌ندی‌ دیبلۆماسی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتان‌و هه‌ندێ‌ له‌ زلهێزه‌كانیش هه‌یه‌و رۆژئاواش به‌ گشتیی‌ له‌ پشتیوانی‌ كردنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش كه‌مته‌رخه‌می‌ نه‌كردووه‌. ئایا له‌ كاتی‌ ریفراندۆم‌و راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تیش ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پشتیوانی‌ كردن یان نا؟

ساڵانێكی‌ زۆره‌ كاك مەسعود بارزانی‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كان نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كاو به‌رده‌وامیش سه‌رۆك‌و كاربه‌ده‌ستی‌ وڵاته‌ كاریگه‌ره‌كانی‌ جیهان ده‌بینێ‌، ئایا ئه‌و به‌ڵێنی‌ پشتیوانیكردنی‌ له‌ هێزێك یان چه‌ند وڵاتێك  وه‌رگرتووه‌؟

كاتێك ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌وروژێنم، مه‌به‌ستمه‌ له‌ رێگه‌ی‌ وه‌ڵامه‌كان ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ ئاینده‌ی‌ خۆی‌ دڵنیا بكرێته‌وه‌، ده‌نا ئێمه‌ به‌ چاوی‌ خۆمان سوریا ده‌بینین، چۆن گه‌له‌كه‌ی‌ به‌ ئاگری‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌سوتێنرێ‌، ئایا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ روبه‌ڕوی‌ هه‌لومه‌رجێكی‌ ئه‌وها ببینه‌وه‌ به‌رگه‌ی‌ ده‌گرین؟

له‌ كۆتاییدا دووباره‌ی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پارتی‌ مافی‌ خۆیه‌تی‌ هه‌ر دروشمێك هه‌ڵگرێ‌‌و كار بۆ هه‌ر ئامانجێك بكا، به‌ڵام ده‌بێ‌ ئه‌و راستیه‌ بزانێ‌ به‌بێ‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان‌و هاوكاریی‌‌و هه‌ماهه‌نگیی‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان نه‌ هه‌نگاوێكی‌ له‌و جۆره‌ی‌ پێده‌نرێ‌‌و نه‌ له‌كاتی‌ هاویشتنیش سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ‌، لێره‌ش به‌دواوه‌ راستی‌‌و جدیه‌تیشی‌ بۆ ریفراندۆم‌و ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌‌و ئابووریه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ‌.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.