سەردەمی ڕیسوا بوون!

‌ئارێز عه‌بدوڵا

ھەموو گەلانی دنیا شانازی بە سەروەری و سەرکەوتن و داب و نەریت و زمان... خۆیانەوە دەکەن. ئێمەی کوردیش ئەگەر لەوان پتریش نەبێ کەمتر لەوان بابەتی شانازیمان نییە.


خەبات، سەروەری، زمان، فەرھەنگ، نەریت، فۆلکلۆر، نیشتیمان، مێژوویی نوسراو و نەنوسراو ھەموو بابەتە پێکھێنەرەکانی نەتەوەیەکی ڕەسەن و مرۆڤی کوردن.


بەڵام لەھەموو شانازیەکان زیاتر ئێمە باسی شۆڕش و خەبات دەکەین، ئەویش چونکە پرۆسێسی بەرگری کردن و مانەوە و پاراستنی شانازیەکانی ترو بنەماکانی گەلی کوردستانن. لەم سەردەمەدا شۆڕشی نوێ و ڕاپەڕین گەلەکەمانیان لەسەر لێواری مردن و لە ناوچوون گێڕایەوە. کەمنین ئەوانەی ڕۆڵێکی کاریگەریان ھەبوو لە شۆڕش و ڕاپەڕین، ھەندێک لەوانە گیانی خۆیان کردە قوربانی و ھەندێکیش تامی ئازادی و دەسەڵاتمان چەشت.


ھەموو ئەو تێکۆشەرانەی ڕۆڵیان ھەبووە لە ڕۆژگارە سەختەکان جێگای شانازین، بەڵام کاتێک کورسی و عیش و نۆشی ژیان دەبێتە ئامانج، پرسیارێک دروست دەبێ ئایا ئەوانەی بەناھەق دەوڵەمەند دەبن، ئەوانەی بەناھەق دەست لە کورسی دەسەڵات بەرنادەن،  ئەوانەی بەناھەق جێگا بۆ توانا و نەوەی نوێ چۆڵ ناکەن، ئەوانەی دەست لەگەڵ کۆمپانیاکان تێکەڵ دەکەن، ئەوانەی زەوی و زاری شارەوانیەکان لەسەر خۆیان و کەس وکاریان تاپۆ دەکەن مافی ئەوەیان ھەیە شانازی بە ڕابردووەکەیانەوە بکەن؟


ئایا دەستکەوتی دەسەڵاتداران بارتەقای ئەو چەند ساڵەی خەبات و تێکۆشانەیە  یان زۆر لەسەری قەرزدارن؟


دەستەبژێری خەبات و تێکۆشان لە ھەموو حزبە سیاسیەکانی کوردستان مافی خۆیانە شانازی بە ڕابردووەکەیانەوە بکەن، بەڵام ئایا دەکرێ ئەو شانازیە بۆ زیاتر دادۆشینی حکومەت و زیاتر خۆ دەوڵەمەندکردن و زیاتر خۆ بە کورسیەوە گرساندن بێ؟ من پێم وایە سەردەمەکە گۆڕاوە و گەل چاوی کراوەتەوە و تەکنەڵۆجیا و ھۆکارەکانی گەیاندنیش ھێندە بەھێز بوونە کەچی تر چەواشەکاری بڕنەکا و بەری ڕۆژیش بە بێژینگ نەگیرێ.


ئەگەر سەردەمێک سەردەمی لە خۆبردوویی و شانازی بووبێ لێرە بەدواوە سەردەمی ڕیسوابوونی چەواشەکاران و ھەڵپەرستان دەبێ. کێ دەیەوێ پارێزگاری لە خەبات و شانازیەکانی بکا با دەست ھەڵبڕێ و کێش دەیەوێ تاسەر ھەر نان بەسەروەریەوە بخوا و دەسەڵات بە پاداشتی خەباتی ڕابردووی خۆی و پسولەی لێبوردنی خوایی  بزانێ بەدڵنیاییەوە تەنیا ریسوایی بۆ دەمێنێتەوە.


AM:10:01:19/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 5820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی