یارییەكە بەردەوامە!

‌سەروەر عەبدولڕەحمان

گومان دەكرێت ئەمەریكا نەزانێت بەغدادی لە كوێیە! چونكە ناكرێت ئەمەریكا بەو هەموو توانا مادییەوە، بەو هەموو توانا سەربازییەوە، بەو تەكنەلۆجیا پێشكەوتووەوە، بەو هەموو جاسوس و جاش و خزمەتكارەوە، نەزانێت بەغدادی لە كوێیەو نەتوانێت دەسگیری بكات یا لەنێوی ببات!

ئەم ماستە بێ موو نیە، هەر بۆیە ئەم دەركەوتنەی ئەمرۆشی لەو تەوقیتەدا لەوە دەچێت بەشێك بێت لە زەمینەخۆشكردن بۆ ئەو بەرنامەیەی كە ئەمەریكا هەیەتی بۆ هێنانەوە مەیدانی بەعسیەكان بۆ سەر گۆڕەپانی سیاسیی عیراق! بەتایبەت ئێستا كە خەریكی كۆنگرەو كۆنفرانس و خۆ رێكخستنەوەن!

ئەمەریكا لە یارییەكانی بەردەوامە، داردەستەكانی وەك بەغدادی و هاوشێوەكانی هێشتا لەسەر شانۆن، بەعسیەكان خەریكە وەك سالانی شەستەكان بە شەمەندەفەری ئەمەریكی بگەڕێنەوە، سەركردەو رابەرانی عیراق و پارێزەرانی سەروەرییەكەیشی یا خەریكی فلوس و ملوس و بەرژەوەندی بچوكی تایبەتی خۆیان و بنەماڵەكەیانن، یا خەوتوون، دەكرێ هەندێكیشیان لە سیناریۆكەدا رۆڵی كۆمبارس یا ئەكتەری سەرەكی بگێڕن!

كارتۆنەكانیش سەرەنجامیان پوكانەوە دەبێت، جا چ لەبەر باران و زریانی زستانا بێت، یاخود لەبەر گەرمای پڕوكێنەری هاویندا، چونكە بنچنەو میتاڵەكەیان ساختەیەو بەری نەهامەتی ناگرن!

ئیتر چارەنوسی ئێمەیە كەوا كەوتوینەتە نێوان ئەو بەرداشانەو ئەو برغووە رزیوانەی پێگەی ئەو میللەتەیان راگرتووە! تا كوێ بڕ دەكات؟ مێژوو بڕیاری لێدەدات!


PM:11:21:29/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 2592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی